
ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
تەنیا بە پرۆژەی ڕووناكی كارەبای 24 كاتژمێری، دادپەروەریی بەدی دەهێنرێت

حوكمڕانی باش و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بۆ هاوڵاتیان؛ تەنیا بەو كەس و لایەنانە جێبەجێ دەكرێت، كە هەست و خۆشەویستی نیشتمان و نەتەوەكەیان لەئاستێكی بەرزدایە، ئەمانە ئازارو مەینەتییەكانی خەڵك چارەسەر دەكەن نەوەكو بیكەنە ماكینەیەكی ئیعلامی بۆ فریودانی خەڵك و خوازیاری چارەسەرنەكردنی كێشەكانیان بدەن . پرۆژەی رووناكی كارەبای 24 كاتژمێری ئەو پرۆسە خزمەتگوزارییە كە كارەبای 24 كاتژمێری لەخەونەوە دەگاتە واقیع ، خەونی چارەسەركردنی كێشەیەكی ئاڵۆز و كۆنی 30 ساڵەیە ، كە لەئاكامی بڕینی بودجە و قووتی خەڵكەوە لەلایەن شۆڤێنییەكانی ناوەند نەتوانرا بگاتە قۆناغی چارەسەر. ئەم كێشەیەی كارەبا تەمەنی ئەوەندە زۆرە كە بووبووە خەون ، ئەمە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو كە سەرۆكەكەی لەبەردەم میدیاكاندا پێش چەندین ساڵ لەمەوبەر بەڵێنی چارەسەر كردنی پێدان ، كاتێك یەكێك لە رۆژنامەنووسەكان بەرێزدار مەسرور بارزانی وت ئومێدم زۆر بوو سەرۆكی حكومەتێك بێت ئەم كێشە كۆن و بەردەوامەی كارەبامان بۆ چارەسەر بكات و شانازی پێوە بكەم . ئەوەتا دوای بەستنی پێوەری زیرەك بۆ نزیكەی 1400,000 هاوبەش و لەگەڵ هەڵكشانی هاوبەشانی كارەبا بۆ نزیكەی 2,000,000 ملیۆن هاوبەش و هەڵكشانی خواست لەهەردوو وەرزی گەرمای هاوین و سەرمای زستان بۆ نزیكەی 7000 مێگاوات سەرۆكی حكومەت لەڕێگەی تیمێكی پرۆڤیشناڵ و شارەزای (وەزارەتی كارەبا و تیمی پرۆژەی رووناكی 24 كاتژمێری كارەبا)وە بە روئیایەكی روون و زانستیانە ڕوویان لەگەیشتن بەكارەبایەكی 24 كاتژمێری دەكەن كە لەكۆتایی ساڵی 2026 سەرجەم شاروشارۆجگەكانی كوردستان ئەم پرۆژەیە دەیگرێتەوە، ئەوە بوو لەماوەیەكی پێوانەیدا زیاتر لە 90 هەزار هاوبەشی كارەبا لە پۆلەكانی ماڵان و بازرگانی لە سەنتەری هەرسێ شاری هەولێر و سلێمانی و دهۆك بۆ یەكەمینجار دوای 30 ساڵ سوودمەندبوون لە كارەبایەكی 24 كاتژمێری ، كارەبایەك بە كۆمەڵێك پرۆسەی ئاڵۆزی تەكنیكی و خۆئامادەكردنێكی چڕو باش تێپەڕ دەبێت ، ئەمە سەرەتای رێگایە بەرەو چارەسەری یەكجارەكی كارەبا، پرسیار لێرەدا ئەوەیە كێ هەیە كارەبایەكی 24 كاتژمێری و یەك سەرچاوەیی و بێ ژاوەژاوو بێ دوكەڵی موەلیدە و سەلامەتی و تەندروستی خۆی و ماڵ و منداڵەكانی نەوێت؟ بەتەئكید هیچ هاوڵاتیی وكەسێكی كامڵ نییە ئەمەی نەوێت ، كەواتە بۆچی لەهەندێك كەناڵ و كەسانێكی داخ لەدڵ و موزایەتچی دێن و سەرجەم پرۆسەكە بەلاڕێدا دەبەن و ترس و دڵەراوكێیان لەناو خەڵكدا بڵاوكردۆتەوەن بەوەی كوایە نرخی ئەم كارەبایە زۆرە، لەكاتێكدا ئەم نرخەی ئێستا هێشتا بڕیاری یەكجارەكی لەسەر نەدراوە و لەبواری نرخدا پرۆسەیەكی ئەزموونییە و لەچەند مانگی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی لەسەر نرخێكی گونجاوی وا دەدرێت كە هەم ڕەچاوی باروگوزەرانی خەڵك بەتایبەتی چینی هەژارو مامناوەند دەكات هەم ڕەچاوی تێچوونی كارەباكە دەكات و تەنیا كەمكردنەوەی پاڵپشتی حكومەتە بۆ نرخەكەی نەوەكو زیادكردنی نرخ. پرۆژەی رووناكی كارەبای 24 كاتژمێری چەندین سوودی هەیە لەوانە:
1- كارەبایەكی 24 كاتژمێری بەردەوام بۆ هاوڵاتیان زامن دەكات و چارەسەری ڕیشەیی كێشەی كارەبا دەكات.
2- نرخەكەی بەهەموو پێوەرو ستانداردە جیهانییەكان و بەڕەچاوكردنی داهاتی تاكەكەسی گونجاوە.3
3- رەچاوی ئەو هاوڵاتی و خێزانە كەم دەرامەت و هەژارو توێژەكانی چینی مامناوەند دەكرێت كە ((وات- ئەمپێڕ))ی كەمتر خەرج دەكەن3.
4- كەمكردنەوەی پاڵپشتیكردنی كرێی كارەبای نیشتمانی بڕە داهاتێكی باشتر زامن دەكات بۆ رێكخستن و باشكردنی تۆڕی كارەبای نیشتمانی و پەرەپێدانی
5- دووكەڵ و ژاوەژاوی موەلیدە ئەهلییەكان ناهێڵێت كە بۆ پیسبوونی ژینگەو نەخۆشی ژێربەنجە مەترسی ڕادەبەدەری هەیە.
6- بڕە كارەبا بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دەگەیەنێتە هاوڵاتیان و سەرپێچییەكان كەم دەكاتەوە.
7- زیادمەسرەفی لەبەكارهێنانی كارەبا كەم دەكاتەوەو تەمەنی ئامێرەكان دەپارێزێت و سەلامەتی خەڵك و ماڵەكان لە ئاگركەوتنەوە زۆر كەم دەكاتەوە، ئەمەش كاتێك گڵۆپ و ئامێرە كارەباییەكان بە هۆشیاری و كەمتر بەكاردەهێنین.
كەواتە ئەوانەی دژایەتی ئەم پرۆسەیە دەكەن كێن؟بەتەئكید سەرپێچیكاران و ئەوانەی ساڵانێكە لەسەر حسابی هاوڵاتیان كارەبا بەكاردەهێنن و بەنادادپەروەری پارەی كارەبایان نەداوەو بە فرتوفێڵی جۆراوجۆر خۆیان لە كرێی كارەبا دزیوەتەوە، هەروەكو چۆن ژمارەیەكیان بۆ مەرامی سیاسی و بەرژەوەندی تایبەتی ئەم كارە دەكەن ئەوان خوازیارن هاوڵاتیان ئەم گرفت و كێشە بەردەوامەی كارەبایان هەبێت ، بۆ ئەوەی لەناو ئازارو مەینەتییەكانی هاوڵاتیاندا ماكینەیەكی ئیعلامییان بۆ گەیشتن بە پۆست و پەرلەمانتاری بەردەوام بێت ، یاخود ئەوانەی حزب و لایەنەكانیان دەست و داری دوژمنی قەوارەی هەرێمی كوردستانن.
ئەم گوتارەم بۆ زۆرینەی هاوڵاتیانی بەشمەینەتی كوردستانە ؛ كەساڵانێكە خەون بەكارەبایەكی 24 كاتژمێرییەوە دەبینن، ئەم خەونەشی هەرگیز نایەتە تەنیا لەڕێگەی پرۆژەی رووناكی كارەبا 24 كاتژمێرییەوە نەبێت.