ئاو و كارەبا لە دیدگای حوكمڕانییەكی باشدا

کاتی دەنگدان بە مەسرور بارزانی، وەکوو سەرۆکی کابینەی نۆیەم
کاتی دەنگدان بە مەسرور بارزانی، وەکوو سەرۆکی کابینەی نۆیەم

  لەم سەردەمە و لەناو هەناوی رۆژهەڵاتی ناڤیندا حوكمڕانی باش كارێكی ئەوەندە ئاسان نییە،  ئاستەنگە سیاسی و ئیداریی و  ڕێگرییە حزبی و نەیارەكانی گەلی كورد،  ئالینگاریی جیددی و سەخت و ئاڵۆز بوون، هەر وەكو ئەوەی لەكابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ڕوویان دا، پەتای كۆڕۆنا و ململانێی ناعەقڵانی حزبی و گەمارۆ و بڕینی قوود و مووچە و بژێوی خەڵكی كوردستان لەلایەن شۆڤێنییەكانی عێراق و راگرتنی هەناردەكردنی نەوت و وشكەساڵی و كەڵەكەبوونی میراتی 30 ساڵی رابردوو، نەك تەنیا كێشە هەڵپەسێنراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی بەناو فیدراڵی چارەسەر نەكرد، بەڵكوو كۆمەڵێك قەیران و كێشەی نوێی لێكەوتەوە.

هەموو ئەم قەیران و نەهامەتییانە نەك تەنیا چارەسەرەكانی كردبوونە خەون و خەیاڵ، بەڵكوو ئەگەری كەوتنەوەی قەیرانێكی سەخت و دژواریشی لێ دەكرا، ئەمە وێڕای هەڕەشە و موشەكباران و دژایەتیكردنی قەوارەی هەرێم و مەترسی كەوتنەوەی ناسەقامگیری.

لێرەدا لەناو هەناوی هەموو ئەم كێشە و گرفتە دروستكراو و جیهانی و ئیقلیمییە؛ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەكو خەمخۆری نەتەوە و نیشتمان و عەقڵیەتێكی حوكمڕانی نوێی بووێر دەركەوت، كۆڵی نەدا و لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو قەیرانەكاندا سەركەوتوو بوو، گەلەكەی گەیاندە كەناری ئارامی و ڕێگاشی نەدا پرۆسەی پەرەپێدان و بەردەوامی خزمەتگوزارییەكان ڕاوەستێت. بگرە وەرچەرخانێكی دروستكرد لە بواری دروستكردنی بەندا و ڕێگاوبانەكان و راكێشانی ئاو و چارەسەركردنی گرفتی 30 ساڵەی كارەبا و فرەجەشنكردنی وەبەرهێنان و دۆزینەوەی هەلی كاری نوێ بۆ گەنجان و پاراستنی سەقامگیری و ئارامی هەرێمەكە.

بەمەش پرۆسەی حووكمڕانی لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا چووە سەر ڕێگا ڕاست و دروستەكە، ژێرخانی ئابووری و وزەی  لە هەرێمی كوردستان بونیات نایەوە و خۆ ئەگەر گرفتی دارایی و سوتەمەنی نەبووایە ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا نەك تەنیا 4800 مێگاوات كارەبا دەبوو، بەڵكو بەپێی ژێرخانی كارەباكە گەیشتبووە سەرووی 8000 مێگاوات بەرهەمیش بەو ئاستە زیاد دەبوو. لەم كابینەیەدا 1,840 مێگاوات كارەبای نوێ كەوتەكار و پێوەری زیرەكی بۆ 1400,000 هاوبەش دانرا و بەبڕی 372 ملیۆن دۆلار دەیان پرۆژەی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرز ئەنجام دران و 3500 پرۆژەی دابەشكردنی كارەبا بەداهاتی لە 8%ی كارەبا جێبەجێ كرا.. سەركەوتنە گەورەكەی رێزدار مەسرور بارزانی لە پرۆژەی رووناكی دا بوو كە تاكو ئێستا بۆ 26 گەڕەكی جیاواز و 346 هەزار هاوڵاتی لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بوون و نزیكەی 600 موەلیدەی تایبەت لە 35 گەڕەكی جیاواز  وەستێنران.

ئەم پرۆژەیە لە كۆتایی ئەمساڵ تەواویی هاوبەشانی كارەبا لەناو سەنتەری شارەكان دەگرێتەوە و تاكۆتایی 2026 لە تەواویی قەزاو ناحیەكان و هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت. ئەم پرۆژەیە و سەرجەم پرۆژەكانی دیكەی حكوومەت سەركەوتنی بەستراوەتەوە بۆ لێكتێگەیشتنی نێوان حكوومەت و هاووڵاتییان، بە واتایەكی دیكە زۆربەی پرۆژەكانی حكوومەت لە خواست و داواكاریی هاووڵاتییانەوە سەرچاوەی گرتووەو بۆ خزمەتی هاووڵاتییانە، بۆیە سەرۆكی حكوومەت سەركەوتوو بووە لە چارەسەركردنی كێشەكان.

ئەوەتا لە عێراق، نزیكەی 90 ملیار دۆلار بۆ كارەبا خەرج كراوە كەچی تا دێت دۆخی كارەبا لەو وڵاتە خراپتر دەبێت. سیاسەتی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بناغەی خزمەتكردنی خەڵك و ڕیزبەندی لە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانەی ڕاستەوخۆ خزمەتی خەڵكی دەكات بونیاتنراوە. ڕێگاوبانەكان و بەنداو و پرۆژەی فریاكەوتنی خێرای ئاوی هەولێر و پرۆژەی رووناكی 24 كاتژمێری كارەبا و فرەجەشنكردنی ئابووری و دروستكردنی كارگەو كارخانەو دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرووبوومی جوتیاران و كەمكردنەوەی رۆتین و هەژماری من و سەدان كارو پرۆژەی دیكە راستییەكی حاشاهەڵگرەو (بەری ڕۆژ بە بێژینگ ناگیرێت).