
ئیسماعیل عەبدولعەزیز مستەفا
نووسەر
سەرۆك بارزانى: تاكە مەرجى سەركەوتنى كورد، يەكگرتنى كورد و كوردستانيانە

لە وتارى كردنەوەى پيشانگاى نێودەوڵەتیى كتێب لەشارى هەولێر، جارێكى ديكە، سەرۆك بارزانى، جەختى لەسەركەوتنى كورد كردەوە و ڕايگەياند: " تاكە مەرجى سەركەوتنى كورد، يەكگرتنى كورد و كوردستانیيانە" هەڵبەت ئەم خواست و هیوایەی سەرۆك كە خۆى دەبينێتەوە لەوەى تاكە مەرجى سەركەوتن، يەكڕيزىی كورد و كوردستانيیەكانە، ئەوەش لەژێر ڕۆشنايى ئالنگارى و قەيرانە نێودەوڵەتييە هەنووكەييەكان سەرچاوە دەگرێت.
بێگومان، ئەم وتەيەى جەنابى سەرۆك بارزانى، تەنها بريتى نييە لە پەيامێكى ڕاگوزەر و بەس، بەڵكو سەرەڕاى درككردن بە ئايندەى ڕووداوەكان، لەهەمانكاتيشدا، هۆشدارييەكى سياسى و پەيامێكى ستراتيجيش دەنوێنێت بۆ ئێمەى كورد و كوردستانييەكان بەگشتى. خۆ ئەگەر شيكارى زياتر بۆ ئەم وتارەى سەرۆك بكەين، بۆمان دەردەكەوێت، كە جەخت لە هەماهەنگى سياسى و هاودەنگى و يەكگرتوويى تەواوى لايەنە سياسيەكانى كوردستان دەكات، بۆئەوەى پێگەى هەرێمى كوردستان يەك بخرێت، جا لەچوارچێوەى هەرێمى كوردستان ياخود لەچوارچێوەى هەر چوارپارچەى كوردستان بێت،
لەم وتارەيدا، سەرۆك و حەكيمەكەى كورد، ناڕاستەوخۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە تێپەڕاندن و وەلانانى كێشە نێوخۆييەكانى هێز و لايەنە كوردستانى و كوردييەكان و چاو بڕينە ئامانجى گەورەتر بۆ كورد و كوردستان، دەبێت كارى لەپێشينەى هەموو دڵسۆزان و خەمخۆرانى نەتەوەكەمان بێت.
هەروەها سەركەوتنى كورد مەيسەر نابێت ئەگەر لايەنەكان نەگەنە ڕێككەوتن و لێكگەيشتنى سياسى. ئەم وتارەى سەرۆك بارزانى هاوكاتە لەگەڵ پەرەسەندنى زێدەبوونى ڕێگريە سياسيەكانى بەغدا بۆ پەراوێزخستنى كورد لە عێراق، سەربارى دروستكردنى ئاستەنگى ئابوورى و كارگێڕیى لەدژى هەرێمى كوردستان، كە هەموو ئەوانە ڕەنگدانەوەيان هەبووە بەسەر كۆى گشتىی ژيانى هاوڵاتيانى هەرێمى كوردستان.
بەشێكى ديكەى وتارەكەى سەرۆك بارزانى، ئاماژەيەكى ڕوون بوو بۆ گۆرانكارييە خێراكانى ناوچەكە و كۆكبوونى كورد لەسەر يەكهەڵوێستى و قۆستنەوەى هەلى گۆڕانكاريەكان لەبەرژەوەندى دۆزى نەتەوەيى و گەلى كوردستان و تەواوى كوردستانيانى ناوچەكە.
پێويستە بوترێت، هەڵبژاردنى ئەم كاتە و ئەم شوێنە كە پيشانگاى نێو دەوڵەتىی كتێبە لەشار هەولێر، بێگومان دوور نيە لەمەبەست و مەرامى شاراوە، چونكە ئەم بۆنەيە يەكێكە لە ديارترين بۆنە ڕۆشنبيرييەكانى ساڵانەى وەزارەتى ڕۆشنبيرى حکوومەتی هەرێمى كوردستان، كە تێيدا دەيان و سەدان دەزگاى چاپ و پەخشى كوردى و عەرەبى و بيانى بەشدارىی دەكەن، واتە چەندان زمان و كولتورى جياواز لە خۆدەگرێت، كە بێگومان وتارەى جەنابى سەرۆك بارزانى بێدەنگدانەوە تێ ناپەڕێت.
هەربۆيە لەناوەرۆكى وتارەكەيدا جەنابى سەرۆك بارزانى ئاماژەى بۆ ئەوەش كرد كە "ئەم پێشانگايە تەنها مەكۆى نووسەران نييە و بەس، بەڵكو دەرفەتێكە بۆ دووپاتكردنەوەى ناسنامەى هاوبەش و يەكێتىی سياسيمان، هەر پرۆژەيەك سياسى بێت ياخود كولتورى، ناتوانێ سەركەوتوو بێت، ئەگەر لەسەر بنەماى يەكڕيزى و ئيرادەى هاوبەش نەبێت؛ هەر لەم سۆنگەشەوە، بارزانى ئەوە وەبير سەركردەكانى كورد دەهێنێتەوە كە هێزى ئەوان لە يەكگرتوويى ئەواندايە و هەر پرۆژەيەكى سياسيش ياخود لێكگەيشتنێكى هاوبەش، لەسەر بنەماى بوونى بناغەيەكى تۆكمە و پرۆژەى هاوبەش نەبێت، كورد بەگشتیى باجەكەى دەدات".