
د. ئەیوب گەڵاڵی
نووسەر
لە پەراوێزی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستاندا

ڕۆڵی سەرۆک مەسعوود بارزانی لە چەسپاندنی پێکەوەژیان و فرەیی لە کۆمەڵگای کوردستانیدا.
رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 23ـی نیسانی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک مسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتانی دنیا و نوێنەرانی حکوومەتەکان لە ئەمەریکا و ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر دروشمی ( بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا) ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان دەستی پێکردو وا بڕیاریشە بەرنامەکە سێ رۆژ بخایەنێ .
دیارە بابەتی پێکەوەژیان و فرەیی و ڕەتکردنەوەی ڕق و کینە لای ڕابەرانی تەریقەتی بارزان بەگشتیی و سەرۆک مسعود بارزانی، بەتایبەتی بنەمایەکی نەتەوەیی سەرەکییە بۆ گرەنتی هاووڵاتی بوون لە کوردستاندا، کە تیایدا هەمیشە بە یەک دیدگا سەیری هەموو پێکهاتەکانی کوردستانی بەبێ جیاوازی ئینتیمای ئاینی و مەزهەبی و ئیتنیکی کراوەو هیچ جیاوازییەک لە نێوان هیچ کامیاندا نەکراوە ، هەروەها پەسەندکردنی یەکێکیان بەسەر ئەوی دیکەدا نەبوەو هەمووان یەکسانن و بەشێکی گرنگی ئەم گەلە دێرینە پێک دەهێنن و مافی هەمووان بەپێی یاسا پارێزراوە کە لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.
ئەم خەسڵەتە بەرزە لە بارزانی نەمر و شێخە گەورەکانی بارزانەوە بە ڕەچەڵەک و میراتگری ماوەتەوە، کە هەمیشە خۆیان بۆ ئەم سروتە ڕۆحییە داهێنەرە تەرخان کردووە ، بنەچەی بارزانی لێبوردەییە بە هەموو واتا و ماناکانیەوە، لەم پێودانگەشدا هەڵوێستی زیندوی (شێخ عەبدولسەلامی بارزانی شەهید ) نموونەی حاشا هەڵنەگری ئەو ڕاستییەن کە دەبینین لە ناو هەموو ئەو کردەوە دوژمنکاری و ئۆپەراسیۆنانەی کە دەرهەق بە دەڤەری بارزان کراوە، لە بەرامبەردا بانگەوازە لێبوردەییەکەی گیانی برایەتی و تەبایی و یەکسانی بە نەمری تا ئێستاش ماوەتەوە ، ئەمە دواتر بۆ خودانی بارزان ( شێخ ئەحمەد) و ژەنەڕالی چیاکان ( مستەفا بارزانی )ش ڕاستە، لەم ڕووەوە دەتوانین سەرنج بدەینە ئەو بەرژەوەندییە گەورەیەی کە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی هاوئاهەنگی ئایینی و کولتووری و کۆمەڵایەتی لەگەڵ پێکهاتە ئایینییە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکەی خۆیدا ئەنجانی داوە. لە بەڵگەی ڕوونی ئەم دیدە کراوەدا، چەند نموونە و ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر دەخەینە ڕوو کە ئاماژە بە لێبوردەیی ئایینی ئەو بکەن، لەوانەش کاتێک داوا لە ڕۆژهەڵاتناس و گەریدەی سکۆتلەندی W. E. ویگرام دەکات قوتابخانەی پەروەردەیی لە کوردستاندا بکاتەوە بۆ پەروەردەو فێرکردنی منداڵان، تەنانەت داوای لێکردن بێنە ناوچەکە و پێی وتن: ئێوە چوون بۆ هیندستان و لەوێ ماونەوە هەرچەندە ئەوان ئێوەیان نەویست، بۆچی نایەنە ئەم وڵاتە خەڵکەکەی دەیانەوێت لێتان فێربن.
ویگرام و هاوەڵەکانی لەکاتی مانەوەیان لەم ناوچانەدا هیچ ترسێکیان نەبوە، بەڵکو پاڵپشتی و هاوکاری تەواویان لەلایەن شێخ عەبدولسەلامەوە بۆکراوە و پاراستنی ژیان و گەرەنتیکردنی سەلامەتی و ئاسایشیان لە ڕادەبەدەر بۆ فەراهەم کراوە، ئەوان بۆیان دەرکەوت کە شێخی شەهید جگە لەوەی یەکێکە لە سەرکردە کاریگەرەکانی ناوچەکە بەگشتی، هاوکات زۆرترین ڕێزیان لێدەگرێت و لە هەمان کاتدا خۆشحاڵ بوو کە ئینگلیزەکان بە هاوڕێی شەخسی خۆی بزانێت.
لە ڕاستیدا ویگرام کە بارودۆخی کریستیانەکانی دەڤەری بارزانی بینیبوو و لەگەڵ زۆرێکیان قسەی کردبوو، شێخ عەبدولسەلامی بە جێی متمانە لە جێبەجێکردنی دادپەروەری و دەستەبەرکردنی مافی تەواو لە نێوان کوردانی موسڵمان و کریستیانەکان بە یەکسانی دەزانی، ئەمەش وایکرد کریستیانەکان لە سەردەمی حوکمڕانی ئەودا هەست بە ئەوپەڕی ئازادی و ئاسایش و پاراستنی گیان و سەروماڵیان بکەن .
وێگرام ئاماژەی بەوەشکردوە ، دادپەروەری ئایینی ئەو هۆکارێک بوە بۆ ئەوەی عوسمانییەکان ڕقیان لێی بێت تا دواجار لە پیلانێکی دارێژراودا دەستگیر ی دەکەن و لە ساڵی 1914لە موسڵ لە سێدارەی دەدەن .
تەنانەت ویگرام نازناوی "شێخی کریستیانەکان" ( شێخ النصارى) بە شێخ عەبدولسەلام دا، بەرجەستەکردنی ڕۆڵی ئەو لە دادپەروەری بەرامبەر کریستیانەکان و گرنگیدان بە بارودۆخیان و پاراستنی ئاسایشیان و هەمیشە بە یەکسانی مامەڵەی لەگەڵ کریستیانەکان و موسڵمانەکانی دەکرد .
نموونەیەکی ئێجگار پڕ بەهاو بەرزی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە پەراوێزی ڕووداوێکدا هەیە کە لە ناکۆکییەکی درێژخایەنی خێڵەکیدا لە نێوان خێڵی “تخۆما”ی کریستیان و دراوسێ موسڵمانە کوردەکانیاندا ڕوویداوە کاتێک موسڵمانەکانی ناوچەکە هەوڵیاندا دژی کریستیانەکان بجەنگن، هەواڵەکە گەیشتە شێخ عەبدولسەلامی شەهید و ئەویش بە هەموو هێزو توانای خۆیەوە دژی ئەو رەفتارەی موسڵمانەکان وەستاو نەیهێشت تۆزقاڵێک زیان بە کریستیانەکان بگات و ناکۆکی نێوانیانیشی چارە کرد.
کاتێک عوسمانییەکان لە ساڵی 1907هێرشیان کردە سەر ناوچەی بارزان، شێخ عەبدولسەلام بۆ ماوەی دوو مانگ لەسەریەک بەرەنگاری ئەو هێزانە بۆوە، کاتێک فشارەکان لەسەری زۆر بوون، ناچار بوو ناوچەکە بەجێبهێڵێت و پەنا بباتە بەر گوندی تیاری کریستیانەکان لە تورکیاو لەوێ لە ماڵی مار شمعون سەرکردەی ئاشوورییەکان نیشتەجێ ببێت و پەناگەی بۆ دابین بکرێت و و ڕێزی زۆری لێبگیرێت تا گەڕانەوەی بۆ ناوچەی بارزان لە ساڵی دواتردا.
لە درێژەی ئەم ڕێبازە لێبوردەییە و وەک تەواوکردنی پەیامی لێبوردەیی بارزان، کاتێک ئەرمەنییەکان لە نێوان ساڵانی 1920بۆ 1921لەلایەن هێزە عوسمانییەکانەوە دوچاری جینۆساید و کۆمەڵکوژیی دەبنەوە ، دوای ئەوەی ئەندرانیک پاشا یەکێک لە سەرکردەکانی ئەرمەن پەیامی بەهاناهاتن و رزگارکردن بۆ شێخ ئەحمەدی بارزان ( خودان) دەنێرێت، لەبەرامبەردا ( خودان) هێزێکی ٢٠٠ چەکداری بەسەرکردایەتی مستەفا بارزانی بۆ ئەوێ رەوانە دەکاو ئەم هێزە دەتوانێت ژمارەیەکی زۆر لە ئەرمەنیەکان لە چنگی ئەو کۆمەڵکوژییە خوێناوییە ڕزگار بکەن، کە لەنێویاندا بنەماڵەی ئەندرانیک پاشا دەبێت.
دیارە ئەمڕۆ زیاتر لە سەدەیەک دوای ئەو ڕووداوانە، پشتڕاستکردنەوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لە وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ڤاتیکان، کاردیناڵ تارسیسیۆ بێرتۆنیەوە دەبینین، کاتێک ڕایگەیاند کە ئەو مژدە خۆشەی پێیان دەگات، وەسفکردنی کوردستانە وەک “بەهەشتی کریستیانەکان”، تەنانەت کریستیانەکانی کوردستان باوەڕێکی قووڵیان بە مەسعوود بارزانی هەیە لە داکۆکیکردن لە مافەکانیان و سوپاسگوزارن بۆ ئەو مافانەی کە بەدەستیان هێناوە، هەروەها پاپای ڤاتیکانی ئەوکات “پاپا بیندیکتی شانزە”، هیوادارە کوردستان ببێتە مۆدێلێک بۆ هەموو عێراق بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن چێژ لە و دادپەروەری و یەکسانییە وەربگرن.
لەبەر ڕۆشنایی ئاناژەپێکراوی سەرەوە، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەوەی ئەمڕۆ کوردستان زیاتر لە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی عێراق و تەنانەت ناوچەکەش بە گشتی، جیادەکاتەوە ، ئەم پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و ئەو فرەییە - سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتییە - کە لە نێو هاوڵاتیاندا هەیە. پەیوەندی نەتەوەیی، ئایینی، مەزهەبی یان سیاسی بە هیچ شێوەیەک بەربەست نییە لەبەردەم هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە پراکتیزەکردنی ڕێوڕەسمە نەتەوەیی و ئایینی و سیاسییەکانیان. هەموو کەسێک بە ئازادییەکی تەواوەوە ڕێوڕەسمەکانی خۆی بەپێی یاسای کارپێکراو لە ناوچەکەدا پراکتیزە دەکات و لەبەردەم یاسادا یەکسانە بەبێ ئەوەی یەکێکیان بەسەر ئەوی دیکەدا پەسەند بکرێت، ئازادییەکی بەرفراوان هەیە بۆ پێکهاتە نەتەوەییەکانی وەک تورکمان، کلدان، ئاشووری، سریانی و ئەرمەنی لە پراکتیزەکردنی ڕێوڕەسمە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانیان و هتد، پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانن، خاوەن دەزگاو ناوەندی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتین، و کار و چالاکییەکانیان بە ئازادی و ئاسانکارییەکی تەواوەوە پراکتیزە دەکەن.
ئەوەی جێگای تێڕامان و شانازییە بۆ کوردستان کاتێک دەبینین مۆدێلێکی زۆر جوان و پڕ بەها هەیە ئەویش ئەوەیە کە چەندین گوندو شارو شارۆچکە هەن تەواوی دانیشتوانەکانیان کریستیان، ئێزیدی، کاکەیی، ئەرمەنی و .. هتد لە باوەش دەگرن، لە کاتێکدا هیچ مۆدێلێکی لەو شێوەیە و ئەم وێنە زیندوو و واقیعییە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقدا نییە، لە هەمان کاتدا کەسایەتی و خاوەن پێگەی بەتواناشیان لێ هەڵکەوتوە کە بەرپرسیارێتی گرنگیان لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە، جا چ لە پەرلەمان بێت یان لە حکومەت و شوێن پەنجەو ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە بەڕێوەبردندا ، دیارە هەموو ئەو شانازیەش بۆ کەسایەتی سەرۆک مەسعوود بارزانی دەگەڕێتەوە کە بو بە پارێزەر و داکۆکیکاری مافەکانیان ، باشترین نموونەی ئەمەش ئەوەیە کە ڕەتیکردەوە تورکمانەکان بە کەمینە ناوببات، بەڵکو جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان گەلێکن وەک باقی گەلانی دیکە لە هەرێمی کوردستاند ، دیارە ئەم بۆچوونە بۆ کلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەنی و ئێزدی و کاکەییەکانیش راستەو هەموو ان مافەکانیان لە چوارچێوەی یاسادا پارێزراوە.
نیگەرانی و داواکاریی پێکهاتەکان کە لە کوردستان و عێراقدا هەن، لە دەستووری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005دا لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە ئامادەییان هەبوەو پشت گوێ نەخراون، سەرۆک بارزانی یەکەم داکۆکیکار بوو بۆ چەسپاندنی مافی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق بەگشتی ، وە سەرەڕای ئەوەی هەموو ئەو مافانە بەدی نەهێنران ، هاوکات لەم بارەیەوە لو وتەیەکیدا دەڵێت: سەرجەم مافەکانی کورد نەهاتەدی، لەگەل ئەوەی هەموو هەوڵێکمان دا بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی مافەکان، ئەو مافانەش تەنها بۆ کورد نییە، بەڵکو بۆ هەموو پێکهاتەکانە، کاتێک دەڵێم گەلی کوردستان مەبەستم کورد و تورکمان و کلدان و ئاشووریە.
شانازییەکی دیەکە کە بۆ سەرۆک بارزانی دەگەڕێتەوە بۆ پاراستنی تاکی پێکهاتەکان دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بوو سەبارەت بەوان، ئەویش (یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە کوردستان-عێراق، ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥) کە لەلایەن مەسعوود بارزانییەوە وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەسەندکرا ، تیایدا حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کرد بە دەستەبەرکردنی مافی یەکسانی و دەرفەتی یەکسان لە ژیانی سیاسی، ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، ئابووری و پەروەردەیی لە ڕێگەی یاسا و سیاسەتی کاریگەرەوە، هەروەها دەستەبەرکردنی مافی بەشداریکردن و بڕیاردانیش.
هەوڵەکانی مەسعوود بارزانی، لەم ڕووەوە ڕوون و ئاشکران، ئەویش لە چوارچێوەی دیدگای واقیع بینیانەوە ئۆقرەی گرتوە ، لەم روەوە بوونی فرەچەشنی و پێکەوەژیان جا نەتەوەیی، ئایینی یان تایفەگەری، نازناوی لێبوردەییەو و ڕەتکردنەوەی ڕق و نەهێشتن یان دوورخستنەوەی ئەویترە لە بوون. مێژووی مرۆڤایەتی فێری کردووین کە نەهێشتن و ڕەتکردنەوەی ئەویتر، بەرژەوەندیی خود و دەستکەوتەکانی ناپارێزێت، بەڵکو هەمووان دەخاتە ناو سووڕێکی بەردەوامی توندوتیژییەوە کە کۆتایی نایەت.
بۆیە دەکرێ بڵێین دیدگای واقیعی سەرۆک مەسعوود بارزانی لەم ڕووەوە دیدێکی شارستانیە بۆ سروشتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانی دیکە و بناغەیەکی تۆکمەشی لەم ڕووەوە چەسپاندوە کە ئەستەمە درزی تێبکەوێت