
ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
هەموو سەركەوتنێكی دەرەكی بە سەركەوتنێكی ناوخۆیی دەست پێ دەكات

سەردانە مێژووییەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتن، دەستپێكی سەردەمێكی نوێی پەیوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكایە ، ئەم سەردانە و دەستكەوتە مێژووییەی لەم سات و كاتەی گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ پێشخستنی كەرتی نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستان و ڕاكێشانی گەورە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا هەر وا لەخۆڕا نەهاتووە، ئەمە بەرهەمی سەركەوتنی سەرۆكی حكومەتە لە پاراستنی سەقامگری هەرێمی كوردستان و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان ، بەرهەمی دیبلۆماسیەت و سیاسەتێكی سەركەوتووی سەرۆك بارزانی یە و سەرەتای دەركەوتنی وەرچەرخانێكی مێژووییە بۆ كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ، سەركردە گەورەكانی ئەمەریكا باش دەزانن كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رووبەرووی چی دژایەتی و ئاڵەنگارییەك بووەوە كە ئامانج لێی خوودی سەرۆكی حكومەت نەبوو هێندەی ئەوەی بۆ دژایەتیكردنی گەلی كورد و قەوارەی هەرێم بوو.
ئیرادەی بووێر و رۆحی خزمەتگوزاریی عەقیدەی بارزان بوو بۆ گەلەكەی كەوایكرد بەسەر هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی لەبەردەم گەشەكردنی هەرێمی كوردستان دروست كرا رووبەرووی بێتەوە. ئەوەتا رۆژئاواش سەرسام بوون لەناو ئەو هەموو قەیران و بڕینی بوودجە و مووچە و گەمارۆیە و نانەوەی ئاژاوەو پشێوییەدا كەچی سەرۆكی حكومەت چیرۆكی سەركەوتنی تۆمار كرد ، هەرچی هەنگاوەكانی بە(دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان) و جێبەجێكردنی پرۆژەی (هەژماری من) و ((پرۆژەی ڕووناكی 24 كاتژمێری كارەبا )) و (كۆتایهاتنی پشتبەستن بەتاكە سەرچاوەی داهاتی نەوت ) و (فرەجەشنكردنی ئابووری) و (دروستكردنی بەنداوو پۆند) و دەیان سەركەوتنی دیكەی سێكتەرەكانی پیشەسازیی و ڕێگاوبان و خوێندن و كشتوكاڵ هەیە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا تۆمار كرا.
قسەكردن لەسەر ئەم هەموو پرۆژەو كاروچالاكییانە و دەستكەوتە مێژووییانە لە دووتوێی ئەم وتارەدا جێگای نابێتەوە ، من تەنیا پوختەیەك لەسەر پرۆژەیەك باس دەكەم كە خەونی هەموو هاوڵاتییەكی كوردستانە ، ئەویش گەیشتن بەكارەبایەكی 24 كاتژمێری لە چوارچێوەی پرۆژەی رووناكی دا ، هەر زوو پرۆژەكە لای هاوڵاتیان سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێنا ، ئەمەش بەهاوشێوەی پرۆژەی هەژماری من ، تەنانەت لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كۆتایی بەو پروپاگەندە و قسەوقسەڵۆكەش هێنرا كە كەسانێك بۆ موزایەدەی سیاسی و كۆكردنەوەی دەنگ باسی ئەوەیان دەكرد كە نرخەكانی پێدانی كارەبا بەهاوڵاتیان و هاوبەشان گرانە ، دوای پەسەندكردنی نرخەكان بۆ هەمووان ئاشكرا بوو كە بۆ گەیشتن بەكارەبایەكی 24 كاتژمێری و كۆتایهێنان بە پێدانی دوو نرخی سەرچاوەی كارەبای نیشتمانی و موەلیدە ئەم نرخانە چی دادپەروەرییەكی گەورەی تێدا، ئەوەتا لە هەردوو ئاستی یەكەم و دووەم بەپێی ئاستی دەرامەت و داهاتی تاكەكەسی خێزانێكی هەژار و مامناوەند دانراوە، ئەوەبوو لە 400كیلۆوات و تاكو 800 كیلۆوات نرخەكان لەنێوان 72 بۆ 108دینارە ، ئەمەش نرخێكی كەمە بەرامبەر بە تێچووی پێشووی هاوڵاتییەكە كە بە دوو سەرچاوەی كارەبای نیشتمانی و كارەبای موەلیدە پارەی دەدا ، بۆ دوكاندارێكیش نرخەكان لە 30 هەزار دینار تێپەڕ ناكات ، بەواتەیەكی سادە و ساكار لە ئێستادا زۆربەی هاوڵاتیان پارەیەكی كەمتر دەدەن بەراورد بە پێشوو ، بەتایبەتی بەپێی داتاو ئامارەكانی پرۆژەی ڕووناكی دەركەوتووە لە 64%ی هاوڵاتیان كەمتر لە 800 كیلۆوات كاتژمێر كارەبا لەمانگێكدا بەكار دەهێنن و نرخەكانیان تاكو 490 كیلۆوات / كاتژمێر پێشتر 53 هەزار دیناری دەدا بە كارەبایەكی بچڕ بچڕ و ئەمپێڕ كەچی لە ئێستادا بەكارەبایەكی بەردەوام تەنیا 39 هەزار دینار دەدا ، بۆ 670 كیلۆوات / كاتژمێریش كە پێشتر 65 هەزار دیناری دەدا لە ئێستادا نزیكەی 58 هەزار دینار دەدات .
ئەمە وێڕای ئەوەی وەزارەتی كارەبا بۆ كارئاسانی و زانینی هاوڵاتیان كە چەند كارەبا بەكاردەهێنن و نرخەكەی لە مانگی یەكەم لە 50% ی پاڵپشتی حكومی بۆدابین كردوو بۆ مانگی دووەم لە 25% و بۆ مانگی سێیەم لە 15% پاڵپشتی كرا ، ئەم پاڵپشتییەش لەداهاتوودا زیاتر كاری لەسەر دەكرێت و تا 200 ملیۆن دۆلار بۆ دەستپێشخەری پاڵپشتی زیاتری هاوڵاتیان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە تەرخانكرا ، ئەمە وێڕای ئەوەی دەستپێشخەری دیكە كرا بۆ دابینكردنی ئەو ئامێرانەی كارەبا زیاد رادەكێشن وەكو بۆیلەر بۆ دابینكردنی سیستەمی وزەی خۆر واتە بۆ نموونە ئەگەر ماڵێك تەلەفزیۆن و ئوتو موبەریدە و جلشۆرو ساردكەرەوەو ئامێرەكانی دیكەی هەبێت و بە شێوەیەكی هوشیارانەش گیزەرەكەی بەكاربهێنێت و لەمانگێگدا 695 كیلۆوات لەكاتژمێرێكدا بەكار بهێنێت ئەوا تەنیا 28 دینار نرخی پسوولەی كارەباكەی دەبێت و ئەگەر زیاتری لە 400 كیلۆوات بەكار هێنا ئەوا تەنیا ئەو زیادەیەی دەچێتە ئاستی دووەم بۆ حساب دەكرێت ، بۆ نموونە دەگاتە 700 كیلۆوات كارەبای پێویستی بەكارهێناوە كە پارەكەی تەنیا 60 هەزار دینار دەبێت ، بابەتی تەساعودی نرخی كارەبا لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەژارو كەم دەرامەتدایە ، چونكە كارەبایەكی كەمتر خەرج دەكات ، ئەوی دیكە كە لە توانای دارایی بەرزی هەیە و كارەبایەكی زیاتر بەكاردەهێنێت ئەوا دەبێت پارەیەكی زیاتر بدات .
دیاریكردنی ئەم نرخانە تەنیا ئامانج لێی ئەوەیە هاوڵاتیان و هاوبەشانی كارەبا بەهوشیارانە كارەبا بەكاربهێنن بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت كارەبایەكی 24 كاتژمێری بۆ هاوبەشانی دابین بكات ، ئەم پرۆژە و كارانەی حكومەت بەدامەزراویی جێبەجێ دەكرێت و دادپەروەریی و لایەنی زانستی و واقیعبینی تێدایە و بۆیە ئەمیش بەهاوشێوەی هەژماری من ڕووی لەسەركەوتن كرد.