
د. ئەیوب گەڵاڵی
نووسەر
دیدارەکانی مەسرور بارزانی لە واشنتۆن، قوناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا

وەک ئاشکرایە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرەتای دروستبوونیەوە لە تەمموزی ٢٠١٩دا دووچاری کۆمەڵێک ئالنگاری و قەیران بۆوە تەنانەت زۆر لایەن گرەویان لەسەر ئەوە بوو کە تەمەنی ئەم کابینەیە ئەوەندە درێژ نابێت و لەماوەیەکی کورتدا کۆتایی پێ دێت .
بەڵام هەموو ئەم بۆچوون و گرەوانە- لە نێوانیشیان چەندین پیلان و بەرنامەی داڕێژراو، نەک هەر سەریان نەگرت و نەهاتنە دی، بەڵکو سەرۆکی حکوومەت مەسرور بارزانی ڕژدتر هاتە پێشەوەو توانی بەسەر سەرجەم ئەم کۆسپ و ئالنگاری و قەیرانانەدا زاڵ بێت و نموونەیەکی جوان و سەرکەوتووی حوکمڕانیی نەوەک هەر لەکوردستان بەتەنیا، بەڵکو لە ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی پێشکەش بکات و ئەوە بسەلمێنێ کە هەرچەندە پیلان و قەیران و ئالنگاریەکان زۆربن، لێ لە بەرانبەردا ئیرادەو خواستی بەرەنگاربوونەوەو بەرەوپێشڤەچوون هەردەم بەهێزترە و لەکۆتاییدا سەرکەوتن بۆ گەلی کوردستانە.
لێرەدا، پێویست دەکات ماوەی حوکمڕانیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ( ساڵەکانی ئالنگاری) (سنوات التحدي) ناو بنێین ئەویش لەبەرئەوەی ژمارەو ئاستی ئالنگاری و قەیرانەکان ئێجگار گەورە بوون، کە لەو بڕوایەدام هەر حکوومەتێکی دیکە بوایە نەیدەتوانی برەو بە بەردەوامیی حوکمڕانی خۆیی بدات ، ( پەتای کۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت، سفربوونی داهاتی ناوخۆ، کێشە سیاسییە ناوخۆییەکان، کێشە سیاسی و ئابوورییەکان لەگەڵ بەغدا ، لەهەر هەموشیان کاریگەرتر مامەڵە و هەڵسوکەوتی نابەجێ و نادادپەروەرانەی حکومەتی فیدراڵی عێراق ) کە دەستی بۆ قوت و موچەو ژیانی ڕاستەوخۆی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان برد و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بە بیانوی جیاجیا بڕی و دۆخی هەرێمی کوردستانی بە ئاراستەیەکی ئێجگار نالەباردا برد؛ لە بەرامبەر هەموو ئەمانەدا مەسرور بارزانی بڕیاری بەردەوامی بوون Sustainability دا، ( بەردەوامیی لە پێشکەشکردن و جێبەجێکردنی پرۆژەکان لەسەرجەم کەرتەکاندا، بەردەوامیی لە وەبەرهێنان، بەردەوامیی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، لەهەمووشی گرنگتر بەردەوامیی لە پرەنسیپ و پرۆسەی چاکسازیی لەسەرجەم کایەکانی حوکمڕانیدا کە ئەمەش خاڵی سەرەکی و بنەڕەتی هێڵەگشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم بوو کە حکوومەتی لەسەر بنیات نرا.
ئەمڕۆ، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن هەنگاوێکی مەزنی ديكەی ستراتیجی کرد، کاتێک زەنگی سەرکەوتنێکی دیکەی لێ دا و گەورەترین گرێبەستی لەگەل هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagos مۆر کرد کە وەبەرهێنان لە کەرتی ووزەدا دەکەن.
لە هەمووی گرنگتر، ئەو پاڵپشتییەی ئەمریکا و بەتایبەتیش خودی ئیدارەی سەرۆک ترەمپە لە قەوارە و خاکی هەرێمی کوردستان لە لایەن گەورەبەرپرسانەوە کاتيک ئەوەیان دووپات کردەوە کە ئەوان هەموو پشتیوانی و پاڵپشتییەک لە هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی گرنگ و ستراتیجیی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەکەن
لە وسەردانە مێژوویەیدا مەسرور بارزانی زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە ی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمریکا و کۆنگرێس کرد. هەروەها لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی ئەمەریکی دیدار و گفتوگۆ ی ئەرێیی لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی نێوان هەرێم و ئەمریکا هەبوو.
تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، تایبەت بوو بە پتەوکردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی و هاوبەشی ستراتیجیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە بە گشتیی و عێراق و بەتایبەتی بوو. هاوکات لەسەرجەم ئەو دیدارانەدا سەرۆکی حکوومەت جەختی لەسەر پاڵپشتی کردنی ئەمریکای وەک هاوبەشێکی ستراتیج بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان کردەوە.
دیدارەکانی مەسرور بارزانی لە واشنتۆن دەرفەتێکی نوێ و قوناغێکی نوێی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا هێنا ئاراوە، قۆناغێک کۆکەرەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا بێت و کورد وەکو هاوپەیمانێکی ستراتیجی بەهێز لە ناوچەکەدا لەگەل ئەمریکا بمێنێتەوە و لەدواجاریشدا ببێتە بەشێک لە بەرژەوەندییە جێگیرەکانی ئەمریکا لەناوچەکە.