
ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
برسیكردنی كورد درێژە پێدەری جینۆسایدەكانە

حكوومەتی عێراق بەهاندان و پاڵپشتی گروپێكی شیعەی ناو ئیتاڕی تەنسیقی و بە جێبەجێكردنی ئەجندەی دژ بەكورد و برسیكردنی نەتەوەیەك درێژەیان بە جینۆسایدەكانی كورد و كوردستانییەكان دا، بێ هیچ گوێدانە پێوەرێكی ئەخلاقی و ئاینی و یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەكان كار بۆ سەپاندنی ئابڵوقە و گەمارۆی ئابووری و برسیكردنی خەڵكی كوردستان دەكەن،.
هەرچی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانیان هەیە بۆ ئەم ئامانجە قێزەوەنە بەگەڕخستووە، وەزارەتێكی نەوتی گەندەڵ و وەزارەتێكی دارایی ئاخنراو لە دژایەتی مووچەخۆران و گەلی كوردیان بەرداوەتە گیانی گەلێكی كوردی موسڵمان، كە بەدرێژایی 103 ساڵی دامەزرانی بەزۆرە ملێی ئەم دەوڵەتە بەناو عێراقەوە كورد كۆمەڵكوژ و جینۆساید دەكرێت، تۆ سەیر بكە تەعریب و تەرحیل و كۆمەڵكوژی و كیمیاباران و ئەنفالی گەرمیانی و بارزانی و فڕاندنی كچانی ئێزیدی و بەزۆر ڕاپێچكردنی كوردە فەیلییەكان بۆ ئێران و وێرانكردنی گوندەكان و سەدان تاوانی كۆمەڵكوژی دیكە كە هەر هەمووی دەچێتە خانەی جینۆساید و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی كوردەوە، كەچی ئەم تاقمە شۆڤێنییە و حكومەتەكەیان داوای لێبووردنێكیان لە گەلی كورد نەكردووە، ئەوان وێڕای برسیكردنی خەڵكی كوردستان و بڕینی بوودجە و مووچەی مووچەخۆران كاریان بۆ تێكدانی یەكڕیزی نێوماڵی كوردیش كردووەو سەدان جەحافیلی جاش و خۆفرۆش و دەجالیان بەناوی حزب و رێكخراوو شرۆڤەكار و پەرلەمانتار خزاندۆتە نێو ئەم گەلە ستەملێكراوەوە، ئەمانە تەواوكەری كاری شۆڤێنییەكان دەكەن لەبەرامبەر ڕازیبوونی ئاغاكانیان و پێدانی بڕە پارەیەكی كەم، كێشەی ئێمەی كورد لەگەڵ شیعە نییە هێندەی ئەوەی لەگەڵ ڕەفتاری ناشرین و قێزەوەنی ئەم تاقمەی ناو حوكمڕانەكانیانین.
كاتی خۆشی لە سەردەمی ڕژێمی سەدام مەرجەعی گەورەی شیعەكان (ئایەتوڵڵا محەمەد محەمەد سادق ئەلسەدر ) باوکی موقتەدا سەدر كوشتنی كوردی حەرام كردوو ، بەتوندی دژی هەموو ئەو تاوانە ڕاوەستایەوە كە دژی كور د ئەنجام دەدرا، كەچی ئێستا تاقمێكی ئەڵقە لەكوێی شۆڤێنی كار بۆ تێكدانی ئەو پەیوەندییە مێژووییە دەكەن كە لەنێوان گەلی كورد و عەرەبی سەر بەمەزهەبی شیعە هەیە، ئەمانە لەژێر پەردەو بەپاساوو بیانووی نادەستووری و نایاسایی و نائەخلاقی دەیانەوێت پیلان و مەرامەكانی قڕكردنی كوردی سەردەمی رژێمەكانی پێشوو دەست پێبكەنەوە، بەهەمان ئایدیۆلۆژیا و بیركردنەوەی دوژمن و نەیارانی كورد رەفتار بكەن. بڕینی مووچە و برسیكردنی خەڵكی كوردستان بەپێی پێوەرە جیهانییەكان دەرژێتە ناو تاوانكاریی نێودەوڵەتییەوە و نابێت كونسوڵخانەو ناوەندە نێودەوڵەتییەكان بێ ئاگا بن لەم تاوانكارییە ، چونكە واپێ دەچێت پیلان و بەرنامەو مەرامەكان زۆر بەووردی داڕێژراوە و كورد دەبێت وەكو نەتەوەیەكی مەزڵوم و جینۆساید زۆر بەئاگا و ووریابێت، بەتوندیش دژی هەموو ئەم برسیكردنە و ئەوانەشی لە لەنێوخۆشدا پاڵپشتی دەكەن ڕاوەستێت و پاڵپشتی مەرجەعی نەوتەوەیی و نیشتمانی كوردستان سەرۆك بارزانی بكات، چونكە لە ڕۆژە سەخت و شەوە زەنگەكاندا تەنیا مەرجەعە بەپاڵپشتی گەلەكەی بەسەر زوڵم و برسیكردنی كورد و كۆمەڵكوژی كوردستانییەكان ڕادەوەستێتەوە و بەكردەوەش هەروەكو چۆن لەپێشتر دروشمی ( كوردستان یا نەمان ) جێبەجێ كردووە، ئەو دروشمەی سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئیرادە و خۆڕاگریی گەلی کورد دەکاتەوە لەپێناو مانەوە و بەدەستهێنانی مافەکانیدا ، كە سادەترین ماف مووچە و قووت و بژێوی خەڵكی كوردستانە، لەم ڕوانگەیەوە سەرۆك بارزانی دیدگا و دووربین بوو دەیزانی بە پاراستنی كەرامەتی خەڵكی كوردستان مافەكانی بە مووچەشەوە بەدەست دەهێنێت ، ئەوەتا دوژمنانی كورد كار بۆ زەلیل كردن و بێ كەرامەتكردنی میللەتێك دەكەن كە ئەمانەی ئەمجرە ڕەفتارەی دژ بە مرۆڤایەتی و كوردبوون دەكەن ئەوەیان لەبیر كردووەو نازانن چی سەرۆك و پێشمەرگەیەك پاڵپشتی گەلەكەی دەكات ، بۆیە لەپێناو مافی خۆمان و منداڵەكانمان و نەوەكانی دوای خۆمان تەنیا شاخەكان نییە دۆستی كوردە ئەوە سەرۆك بارزانیشە پاڵپشت و بەرگریكارێكی سەرسەختی نەتەوەكەیەتی.
دوژمنەكانی كورد پێش دۆستەكانی ئەم ڕاستی و واقیعە دەزانن بۆیە بەردەوام تیری ژەهراویان ڕوو لە سەرۆك بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام ئەوەیان لەبیر كردووە بەملیۆنەها كورد پشتگیری و پاڵپشتی بارزانی و سەرۆكی حكومەتن كە لەلوتكەی دەوڵەتەكاندا لە دوبەی بە دەوڵەتمەدار ناسراوە و سەركەوتنی بەسەر هەموو ئاڵەنگاریی و قەیران و كێشەكاندا بۆتە ئەزموونێك گەلانی ناوچەكە شانازی پێوە دەكەن ، دیارە نەیارانی كورد و كوردستان بە برسیكردنی مووچەخۆران و نەتەوەیەك شارەزایی مێژووی خەبات و فكری بارزان و دەوڵەتمەداریی مەسرور بارزانی نەبوون ، بزانە لە رۆژانی داهاتوودا چی زەلیل و ڕیسواییەك تووشی برسیكەرانی گەلی كورد و كوردستانییەكان دەبێتەوە ..