واڵ ‌ستریت جۆرناڵ: ئێران داوای سووتەمەنی مووشەکی لە چین کردووە

ڕۆژنامەی واڵ ‌ستریت جۆرناڵی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، ئێران بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی مووشەکە بالیستییەکانی داوای کەرەستە و ماددەی سەرەکیی لە چین کردووە. 

بە گوێرە ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە، ئەو کەرەستانەی ئێران داوای کردوون، ''ئامۆنیۆم پێرکلۆرەیت''ی تێدایە و بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا بگەیەنرێتە دەستی ئێران، کە هەردوو ماددەکە بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی ڕەقی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران، پێویستییەکی سەرەکین و ئەو بڕەشی داوای کردووە، بەشی دروستکردنی سووتەمەنیی 800 مووشەکی بالیستی دەکات.

واڵ ‌ستریت جۆرناڵ ئاماژەیداوە، کۆمپانیایەکی ئێرانی بە ناوی ''کۆمپانیای پێشەنگەکانی بازرگانیی پێشکەوتووی نوێ'' لە چەند مانگی ڕابردوودا داوای کەرەستەی دروستکردنی سووتەمەنیی ڕەقی مووشەکی بالیستیی لە کۆمپانیایەک بە ناوی ''ڵاین کامادیتیز هۆڵدینگز'' داوا کردووە، گوایە کۆمپانیایە لە هۆنگ کۆنگە. 

لەسەر ئەم بابەتە، بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامە ئەمەریکییەکەیان نەداوەتەوە. 

هەر لەمبارەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە واڵ ‌ستریت جۆرناڵی گوتووە، ئاگای لەو گرێبەستە نییە، بەڵام وڵاتەکەی بۆ هەناردەکردنی کاڵای سەربازی ڕێکاری توند دەگڕیتە بەر و پابەندی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانە.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، بە ئەگەری زۆرەوە بەشێک لەو کەرەستانە بۆ گرووپە ملیشیاکانی هاوپەیمانیی ئێران لە ناوچەکە دەنێردرێن، لەوانە بۆ حووسییەکانی یەمەن.  

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات لەگەڵ دانوستانە ئەتۆمییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا دەیەوێت هەم جبەخانەی مووشەکیی خۆی پەرە پێبدات، هەم هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بە بەرەی مقاومە ناسراون بەهێز بکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوە گۆڕانکارییەی کە سووریا بوو، کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد زیانی زۆر بە بەرژەوەندییەکانی ئێران کەوت، بەتایبەتی حزبوڵڵا لە لوبنان و حەماس لە فەلەستین. 

ڕۆژنامەکە نووسیویەتی؛ هەرچەندە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، توانای چەکدارە حووسییەکانی یەمەن لاواز بووە، بەڵام لەم دواییانەدا، ئێران ژمارەیەک مووشەکی بالیستیی بۆ گرووپە ملیشیاییە شیعەکانی عێراق ناردووە، پەرەی بە یەدەگی یورانیۆمی پیتێنراو داوە، کە ڕێژەی پیتاندنەکەی نزیکە لەو ڕێژەیەی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێویستە. هەمان ئەم زانیاریانە پێشتر لەلایەن ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانیاشەوە بڵاو کراوەتەوە.

هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی واڵ ‌ستریت جۆرناڵ، ئێران سەرقاڵی نۆژەن کردنەوەی ئەو میکسەرە گەڕۆکانەی دروستکردنی سووتەمەنیی مووشەکی بالیستییە، کە ئیسرائیل لە تشرینی یەکەمی 2024 کردنییە ئامانج و ئەو بڕە ئامۆنیۆم پێڕکلۆرەیتەی لە چین داوای کردووە.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment