لێرە ئاوەدانی و ئارامی، لەوێ نا بۆ ستەم و زۆرداری و گەندەڵی

لێرە ئاوەدانی و ئارامی، لەوێ نا بۆ ستەم و زۆرداری و گەندەڵی
لێرە ئاوەدانی و ئارامی، لەوێ نا بۆ ستەم و زۆرداری و گەندەڵی

كوردستان بەكارەبای 24 كاتژمێری و ئارامی و پرۆژە وەڵامی ستەم و زۆرداریی نەیارانی كوردی لەبەغدا دایەوە، ئەوانەی خەمی عێراق و گەنجەكانیان نەبوو كە بەرۆژی ڕووناك لەخۆپیشاندانەكانی بەغدا خەڵتانی خوێنیان كردن، هەرگیز خەمی یەكگرتوویی عێراق و گەلی (برای كوردی) یشیان نییە، ئەگەر خەمی هەموو عێراقیان هەبووایە لەوێ تاڵانی و دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیان هەڵنەدەبژارد، ئەوان دەیانەوێت هەموو شكست و ناڕەزایەتییەكانی (سووننەو شیعەكان) بەدژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان بشارنەوە، بۆیە بەنایان بۆ ناشرینترین و قێزەوەنترین گەمارۆ و جەنگی ئابووری بردووە، ئەویش بڕینی مووچە و برسیكردنی مووچەخۆران و سەپاندنی سزای جۆراوجۆری نادەستووری و نایاساییە بەسەر فەرمانبەران و خەڵكی كوردستانەوە.

دوژمنان و نەیارو نەزانەكان و وەكیلە بەكرێگیراوەكانیشیان گرەویان لەسەر نانەوەی پشێوی و نائارامی و ناسەقامگیری كوردستان كردووە، وا بۆ سێ مانگ دەچێت سزایەكی توندی بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستانیان جێبەجێ كردووە، بەڵام گەلی كورد ئارامی و ئاوەدانییان هەڵبژارد، خۆ پێشتریش لە 2014 ەوە ئەم گەمارۆیەی بڕینی بوودجەیان سەپاندوو هەرێم بەناچاری بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك نەوتەكەی هەناردەی دەرەوە كرد، ئەو كات كە زانییان ئەم گەمارۆ و بڕینی بوودجەیە سوودی نەبوو، هێزی سەربازی دیجلەیان جوڵاند، ئەوەتا كوردی موسڵمانی مەزڵوم لەهەموو سەردەم و قۆناغێكدا بەشێوازی جۆراوجۆر مێژووەكەی لێ دووبارە دەكەنەوە، وەكو ئەوەی كۆمەڵكوژی و ئەنفال و كیمیابارن و  ڕاپێچكردنی بەزۆرە ملێی كوردە فەیلییەكان و ڕفاندنی خوشكانی كوردانی ئێزدی و تەرحیل و تەعریب و نانەوەی دووبەرەكی و پشێوییان لا بەس نەبووەو هەر نەك قەرەبووی قوربانییەكانیان نەداوەتەوە و داوای لێبووردنیشیان نەكردووە. كەچی هاتوون بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشیان هێنایەسەر بەپێچەوانەی بڕیارەكانی ئەو دادگا فیدراڵییەی كە لەو بڕیارانەی دژی كوردە شانازی پێوە دەكەن، بەمەش خۆیان دژی ئەو عێراقە یەكگرتووە بوونەتەوە كە كورد لەسەر بنەمای پرەنسیبەكانی ( هاوبەش و هاوسەنگی و سازان ) لە عێراقی نوێ لەگەڵ سوننە و شیعە كۆی كردنەوە.

لەهەرێمی كوردستان بەنداوو پۆند بۆ ڕووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی بونیات نرا، لێرە سەرۆك وەزیرانەكەی بەدوای دۆزینەوەی بازاڕەوەیە بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی جوتیاران و بەردەوام ڕێگاو شەقامی نوێ دروست دەكرێت و كارگەو كارخانە دادەمەزرێت و بەهەزارەها خێزان و  كرێكاری ناوچەكانی خۆیان ڕووی تێدەكەن كەچیبە درۆن و مووشەكەكانیان خوازیاری ئازاردانی خەڵكی كوردستانن، ئێوەی دوژمن و نەیارانی كورد توانیوتانە ئێوە بۆ ماوەیەكی كەم ئازاری خەڵكی و مووچەخۆران بدەن، بەڵام ئەوەتان  لەبیر كردووە كەوا  هەرێمی كوردستان خەمخۆرو مەرجەعێكی هەیە كەسەرۆك بارزانی یە و لێناگەڕێت خوێنی شەهیدان و قوربانی خەڵكی كوردستان و ئەنفال بە فیڕۆ بچێت، سەرۆك بارزانی ئەو ئومێدەیە كە لەرۆژە سەختەكاندا بە (كوردستان یاخود نەمان) وەڵامی دوژمن و نەیارانی ئەم گەلەی دایەوە و  رووبەرووی دڕندەترین تیرۆرستەكانی سەردەم بووەوە.

لەو كاتەی بەغدا مووچەی بۆ ناو حوكمی تاریكی ڕەشی داعشی لەموسڵ و ناوچە داگیركراوەكان دەنارد، كەچی پشكی هەرێمی لە بودجە دەبڕی و هاوكاری لەسەر كەمپی ئاوارەكانی خۆی لەهەرێم دەبڕی، سەیرە لێرەش كەسانێك بەناو پەرلەمانتار و سیاسەتمەدار هەیە چاویان بە خۆشگوزەرانی و ئارامی خەڵكی كوردستان هەڵنایەت و كاریان لەگەڵ نەیاران و دوژمنانی كورد لەبەغدا كردووە، تاوەكو هەناردەی نەوتیان ڕاگرت و هەر بەمەشەوە ڕانەوەستان بوودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانیشیان بڕی، لێرەش فرمێسك تیمساحانە لەبەردەم مایك و رۆژنامەنووسەكاندا بوونەتە زمان حاڵی ئەوانەی بێبەزەییانە و نادەستووری و نایاساییانە نان و قووتی خێزان و منداڵەكانی كوردیان بڕیوە، تەنیا لەبەر ئەوەی هاوڵاتییەكی داماوی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بێ ئاگا بكەن لەو هەموو تاڵانی و قاچاخی و دزی و ئاودیوكردنی دۆلار و بێسەروبەرییەی خزمەتگوزارییەكانیان، ئەوەتا لە بۆنەی عاشوراو ماتەمینی حوسێندا شیعەكان بەدروشمی رەتكردنەوەی هەموو جۆرەكانی ستەم و گەندەڵیان بەرز كردەوە، كە فەلسەفە و پەیامی شیعەكانە دژی ستەمكاری و گەندەڵی، ئەمەش لەكاتێكدایە كە سەركردە گەندەڵەكان لەناو حكومەتی عێراقدا ستەم و زۆردارییان دژی فەرمانبەران و ماڵباتی شەهیدان و قوربانییەكانی رژێمی بەعس و خانەنشینان جێبەجێ كردووەو زیاتر لە 60 رۆژە مووچەكانیان بێ پاساوی دەستووری و یاسایی و ئەخلاقی بڕیوون، لێرەش نا بۆ ستەم و زۆرداری و بەڵێ بۆ ئاوەدانی و ئارامی و خۆشگوزەرانی.