
ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
دیپلۆماسییەت و دانوستاندن بە زمانی درۆنی بۆمبڕێژكراو

دواجار هەرێم و حكومەتی فیدراڵی عێراق، بە خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵك و ئیرادەی سەرۆكەكەی، لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕێككەوتن، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردزمانە لەعێراقی نوێ دا، ئەو مووچەیەی دوور لە هەموو عورف و دابونەریتێكی مرۆیی و ئیسلامییانە پێش جەژنی قوربان لە قووتی منداڵ و خێزانەكانی كوردستانیان بڕی، بەمەش ئەم كێشەیە تێكەڵی ویستی شۆڤێنی و دژایەتیكردنی هەرێم و ئەجێندای دەرەكی كرا ، لەكاتێكدا دەستوور و یاسا و دادگاكانی خۆیان دەڵێت " نابێت شایستە داراییەكانی مووچەی فەرمانبەران تێكەڵی هیچ كێشە و ناكۆكییەكان بكرێت" ئەم بڕینی مووچە و برسیكردنەی خەڵكی كوردستان چووە سەر مێژووی ناشرینی كۆمەڵكوژی خەڵكی كوردستان. برسیكردن و سیاسەتی ناشرینی بڕینی مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان سیناریۆی شانۆگەرییەكی نوێیە، بەڵام ئەمجارە بە هاوشێوەی كارەسات و جینۆسایدە كلاسیكییە كۆنەكان نییە، بەهاوشێوەی زەمانی كۆمەڵكوژی و تەعریب و تەرحیل و سوتاندن و چۆڵكردنی گوندەكان و بەزۆرە ملێی فەیلییەكان و فڕاندنی خوشكانی ئێزیدی و كیمیابارانی هەڵەبجەییەكان و ئەنفالی گەرمیان و بارزانییەكان و سەدان تاوانی دیكە نییە، ئەمە بەهاوشێوەی پرۆسەیەكە تێیدا كاراكتەرەكانی زۆرن، كەسان و لایەنێك لە ڕێگەی دادگای فیدراڵی و دادگای ناوبژیوانانی باریسەوە هەناردەی نەوتی كوردستانیان ڕاگرت و یەكێكی دیكە ڕێگە لە لۆرییە بارهەڵگرەكانی كوردستان دەگرێت تاوەكو نەچنە ناو شارەكانی عێراق و كەسانی دیكە شەڕی بڕینی بوودجەی كوردستان و هێنانە كایەی بدعەی ئینفاقی فعلی و ئەوی دیكە شەڕی هەردوو وەزارەتی نەوت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی جێبەجێ دەكات و كەسانێك نێوماڵی كورد تێك دەدەن و دووبەرەكی و پشێوی نێوخۆ دروست دەكەن، تابوورێكیش لە جاش و خۆفرۆش و كەسانێكی زمانحاڵ و وتەبێژی دوژمنەكانی كورد لەنێوخۆدا كار بۆ بەلاڕێدابردنی ڕاستییەكان و نانەوەی شەڕ و ئاشوپ و دووبەرەكی و رووسپیكردنی برسیكەرانی كورد دەكەن. لەمەش خراپتر هێرشی درۆنە بۆمبڕێژكراوەكانیشی هاتە سەر بۆ سەر كێڵگەكانی نەوت و غاز و دامەزراوەكانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان، ژێرخانێكی نەوتی كە بەهۆی هێرشە یەك لەدوای یەكەكانی 14-15-16-17 ی تەمووزەوە ئاستی بەرهەمهێنانیان بۆ كەمتر لە 100 هەزار بەرمیل نەوت كەمبووەتەوە، كە بەپێی دوایین لێكتێگەیشتنی هەرێم و بەغداش بێت دەبێت هەرێم رۆژانە لە 230 هەزار بەرمیل نەوت كەمتر نەنێرێت بۆ كۆمپانیای سۆمۆ ، تۆ سەیری ئەم سیناریۆ نوێیەی دژایەتیكردنی كورد بكە؛ لەوێ مەرجی قورس دادەنرێت و هەر لەناو خاك و ژێر دەسەڵاتی خۆشیانەوە و بێ هەڵوێست وەرگرتن و بەدواداچوون و لێپرسینەوەی تاوانبارانی تیرۆرست، بەردەوام بەدرۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش دەكرێتە سەر كێڵگەكانی نەوت و بەرهەمهێنان كەم دەكرێتەوە. ئەمەش هەمووی لە پێناو لەناوبردنی دۆزی ڕەوای كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لاوازكردنی قەوارەی هەرێم و پاساو و بیانوو هێنانەوە بۆ جێبەجێ نەكردنی بەڵێن و رێكەوتن و لێكتێگەیشتنەكان، ساڵانی زوو دوژمنەكانی كورد بەئاشكرا دەستبەردرایی بەڵێن و رێكەوتنەكان دەبوون و دانوستانەكانیان وەكو مانۆرێكی سیاسی و دیبلۆماسیی بۆ گەیشتنیان بۆ قۆناغێكی نوێ بەكار دەهێنا، ئەمڕۆ دوژمن و نەیارەكانی كورد ترسنۆكانە هێرش دەكەنە سەر هەرێم. وا بۆ سێ مانگ دەچێت بڕینی مووچە و برسیكردنی خەڵكی كوردستان پەیڕەو دەكەن، پیاوانی میلیشیاتە چەكدارەكانی دەرچوو لەیاسا بۆ شاردنەوەی شكستەكانیان لەسەر شاشەی تیڤی یەكانیانەوە رۆڵی دژایەتیكردنی هەرێم دەگێڕن، بەڵام بەداخەوە گەندەڵی و كەموكوڕییەكانیان دەرهەق بە عێراقییەكان بە عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننەشەوە گەیشتۆتە ڕادەیەك رق و ناڕەزایەتی بەردەوام لە هەڵكشاندایە، دەسەڵاتدارانی بەغدا ناتوانن بگەنە ئاستی هەرێمی كوردستان دەیانەوێت بە برسیكردن و گەمارۆ و پێشێلكردنی مافەكانمان ئێمە دابەزێننە ئاستی خۆیان، بەڵام ئەم هەرێمە مادام سەرۆك بارزانی رابەرایەتی دەكات ئەوا هەموو نیشتمانپەروەر و دڵسۆزێكی ئەم نەتەوەیە باش دەزانێت كە لەم هێرشانەشدا شكست دەهێنن و هێزی پێشمەرگە بۆ خۆپاراستن ناچار دەبێت هەنگاو بەرەو خۆپارێزی و بەرگریكردن بنێت كە بەتەنیا بەچەكی پێشكەوتووی دژە درۆن دەبێت، بەمەش "جادوو لە جادوو گەری كەفت".