كارگهیهكی تایبهت به دروستكردنی سرنج له ههرێمی كوردستان دادهمهزرێت
لە چوارچێوەی پلانەکانی حکوومەتی ههرێمی كوردستان بۆ پشتبەستن بە بەرهەمە نێوخۆییەکان، بۆ یەکەم جار سرنج لە کارگەیەکی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت و تەنانەت هەناردەی ناوچهكانی عێراقیش دەکرێت، هاوکات بڕیارە هەناردەی وڵاتانیش بکرێت.
نزیکەی هەشت مانگ بەر لە ئێستا کارگەکە، له لایهن مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرایەوە و ڕۆژانە 280 هەزار سرنج بەرهەم دێنێت. بەمەش تەنیا ڕێژهی 20%ـی بەرهەمەکان، هەموو پێداویستی ناوخۆ دابین دەکات.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لەو بارەوە بە کوردستان24ـی گوت: ئێستا نزیکەی 18 کارگەی دەرمان و پێداویستی پزیشکیمان هەیە، کارگەیەکیان تایبەتە بە دروستکردنی سرنج، کە یەکەمین جارە لە عێراقدا کارگەیەکی لەو شێوەیە هەبێت.
باسی لەوەش کرد لە کارگەکەدا، سرنج بە هەموو قەبارەیەک دروست دەکرێت، بەرهەمەکانیشی بەشی هەموو عێراق دەکات. گوتیشی: پێداویستییەکانی دیکەی پزیشکی وەکوو سۆندە و جلوبەرگی نەشتەرگەری لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، بڕیاریشە کارگەی زیاتر تایبەت بە پێداویستی پزیشکی بکرێتەوە.
هەروەها حوسامەددین فەقێ خدر، بەڕێوەبەری کارگەکە باسی لەوە کرد، قەبارەی بەرهەمهێنانی سرنج تەواوی پێداویستی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە، تەنانەت هەناردەی شارەکانی عێراقیش دەکەن. ئاماژەشی دا، پلانیان هەیە لە داهاتوودا هەناردەی وڵاتانیش بکەن.
بەڕێوەبەری کارگەکە ئەوەشی خستە ڕوو، کارگەکە هەلی کارێکی زۆری بۆ گەنجان ڕەخساندووە، کە هەموویان دانیشتوو و خهڵكی هەرێمی کوردستانن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەت بە کەرتی تەندروستی دەدات، جگە لەو کارگانەی ئێستا بەرهەمەکانیان لە بازاڕن، مۆڵەتی بە ژمارەیەک پرۆژەی دیکەی تایبەت بە کەرتی تەندروستی داوە.