پرۆژەیاسای حهشدی شهعبی؛ ناكۆكیی ناوخۆیی و گوشاری دهرهكی

ئەمەریکا لەسەر ئاستی وەزیری دەرەوە و باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا گوشار دەکات تا دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینی حەشدی شەعبی نەدرێت، بەڵام ئێران و لایەنگیرەکانی گوشاردەکەن پرۆژەکە هەرچۆنێک بێت تێپەڕێت.
ئەمەریکا هیچ کات هێندەی ئێستا گوشاری لە عێراق نەکردووە، بەوپێیەی لە ڕێگەی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەتەوەیی و ستیف فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، گوشار لە بەرپرسانی عێراق دەکات و هۆشداریی دەدات، پرۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینی حەشدی شەعبی لە پەرلەمان تێنەپەڕێنن؛ ئەمە لە کاتێکدایە پرۆژەیاساکە دوو خوێندنەوەی بۆ کراوە و تەنها دەنگدان ماوە لەسەری.
پێدەچێت هیچ سەرۆک وەزیرانێکی عێراق وەکو محەمەد شیاع سوودانی نەکەوتبێتە نێو دوو ریانی وەک تێپەڕینی یاسای خزمەت و خانەنشینی حەشد، لەلایەن ئەمریکا گوشاری لێدەکات نابێت پرۆژەیاساکە لە پەرلەمان تێپەڕێت، لەلایەکی دیکە ئێران و هاوپەیمانەکانی سوورن لەسەر تێپەڕاندنی.
هەرچەندە حەشدی شەعبی لە ساڵی 2016 بە گوێرەی یاسای ژمارە 40 کراوەتە فەرمی و سەر بە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانە، بەڵام یاسای ژمارە 40 وردەکاریی دامەزراوە و خزمەت و پلەبەرزکردنەوەی فەرماندەکانی حەشدی تێدا نییە. پرۆژەیاساکە بەجۆرێک ئاڵۆزە سەرباری گوشارەکانی ئەمەریکا، سەرکردە شیعەکانیش ناکۆکییان لەسەر ناوەرۆکەکەی هەیە، چونکە بەشێک لە فەرماندە دیارەکانی حەشد خانەنشین دەکات.
پرۆژەیاساکە ئەگەر لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، ڕێگە بە حەشدی شەعبی دەدات، ئەکادیمیای سەربازی تایبەت بەخۆی هەبێت و بتوانێت ئەفسەر لەوێ پێبگەیەنێت، ئەمە لەگەڵ دەستکردنەوەی بۆ ئەنجامدانی کاری بازرگانی و دۆزینەوەی سەرچاوەی داهات بۆخۆی. بە جۆرێک حەشد هاوشێوەی سوپای عێراقی لێدێت و لە هەندێ ڕووەوە لەو بەهێزتریش دەبێت.
ئەمەریکا نیگەرانە لەوەی هەمان ئەزموونی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراقیش بەسەر حەشدا دووبارە ببێتەوە، چونکە حەشد ئێستا خاوەنی گرووپی کۆمپانیایەکە بەناوی "ئەلموهەندیس" هەمان ستایلی گرووپی "خاتەمولئەنبیا"ـی ئێرانی.
ئەمەریکا نایەوێت ئەو وەبەرهێنانەی لە سوپای عێراقدا کردوویەتی کە ملیاران دۆلارە، بە هەدەر بڕوات. لە ئەگەری تێپەڕاندنی ئەم پرۆژەیاسایەش، مەترسی ئەوە دەکرێت وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزا بەسەر دامەزراوەکانی عێراق و تەنانەت خودی سەرکردەکانی حەشدا بسەپێنێت. لەبەرامبەردا، دەستەی حەشدی شەعبی پەیامێکی ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق کردووە و داوادەکات، وەکو وەفایەک بۆ خوێنی قوربانییەکانیان لە شەڕی دژی داعش و فەتوای مەرجەعییەت، یاساکە تێپەڕێنن.
سەرچاوەیەکی ئاگاداریش ئاشکرایکردووە؛ بەهۆی گوشارەکانی ئەمەریکاوە یاسای خزمەت و خانەنشینی حەشدی شەعبی لەم خولەی پەرلەمان تێناپەڕێت.