کۆنگرێسمانێک: پەرە بە پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدەین

کۆنگرێسمانێکی ئەمەریکا ستایشی گرێبەستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو کۆمپانیای وڵاتەکەی دەکات و دووپاتی دەکاتەوە "ئەنجامی زۆر باشیان دەبێت." دەشڵێت: پەیوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵ هەولێر هەیە. 

رۆبێرت ئەدڵهۆڵت، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا، لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن، گرێبەستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، دۆخی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکە؛ لێدوانی تایبەتی بۆ ڕەحیم ڕەشیدی، بەرپرسی نووسینگەی کوردستان24 لە واشنتن دا. 

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن، کۆنگرێسمانەکەی ئەمەریکا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی بە "زۆر گرنگ و پێویست" ناو برد و جەختی لە برەوەدان بەو پەیوەندییە "دۆستایەتییانە" لە هەموو بوارەکاندا کردەوە، بە تایبەتی سیاسی و ئابووری. 

ڕۆژی دووشەممە، 19-05-2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمێکدا، دوو ڕێککەوتننامەی بواری وزە، لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس) ئیمزا کران.

ئەدڵهۆڵت گرێبەستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ ئەو دوو کۆمپانیایە بە "زۆر باش" لە قەڵەم دا و دووپاتیشی کردەوە، چاوەڕوانی دەرئەنجامی زۆر باش لە گرێبەستەکانی نێوان هەولێر و واشنتن دەکەن. 

لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی جیهانیش، ئەو ئەندامەی کۆنگرێس بە بەرپرسی نووسینگەی کوردستان24 لە واشنتن گوت "بۆ ئێمە زۆر گرنگە لە سەرتاسەری جیهان هاوڕێمان هەبێت، وەکوو ئەمەریکا هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو لایەک باشتر بکەین."

 

 

 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment