ڕۆڵی سەرۆك مەسعود بارزانی لە یەکخستنی ڕیزەکان و بووژاندنەوەی هیوا

ڕۆڵی سەرۆك مەسعود بارزانی لە یەکخستنی ڕیزەکان و بووژاندنەوەی هیوا
ڕۆڵی سەرۆك مەسعود بارزانی لە یەکخستنی ڕیزەکان و بووژاندنەوەی هیوا

لەناو ئەو گۆڕانکارییە سیاسییە خێرایانەی، کە لە عێراقدا بەرجەستەیە، جارێکی تر سەرنجەکان ئاراستەی وێستگەیەکی گرینگی هەڵبژاردنەکان دەکرێت لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بۆ پەرلەمانی عێراق، کە تێیدا جەماوەری دەنگدەر ڕووبەڕووی هەڵبژاردنی نوێکردنەوە و متمانەدان بەو کەسانە دەبێتەوە، کە نوێنەرایەتی ئاواتەکانی دەکات و دەربڕی هیوایان دەبێت بۆ ئایندەیەکی ئارام و سەقامگیر. 

لەم چوارچێوەیەشدا پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بە لیستی ژمارە 275 دێتە مەیدان، پێگەیەکی گرینگی هەیە، نە لەبەر ئەوەی کە کۆنترین پارتی سیاسییە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەڵگری پەیامی ڕاستەقینەی خەباتی گەلی کوردستانە لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکان و گەڕانەوەی شکۆمەندی و شەراکەتی ڕاستەقینە لە عێراقێکی فیدراڵ و دیموکراسی دا. 

پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لەسەرەتای دامەزراندییەوە لە ساڵی 1946 ـەوە لە لایەن باوکی ڕۆحی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان، مستەفا بارزانی، تاوەکوو ئەمڕۆ لە ڕێگەی خەباتی ئاشتیانە و کارکردنی بۆ بنیاتنانی دامەزراوەیی و بەشداریکردنی هۆشیارانەی لە کاری سیاسیدا ئامانجێکی ڕوونی هەبووە، ئەویش بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و سەربەخۆییە. 

ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان سەرەڕای ئەو ئالنگارییانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، هەر لە هەوڵی پەراوێز خستنی سیاسیەوە تا فشاری ئابووری و ئەمنی، وەکوو داربەڕوو توانای خۆی دەسەلمێنێت بۆ بەرگەگرتن و مانەوەی وەک یاریزانێکی گرینگی سەر گۆڕەپانی کوردستان و عێراق. 

بەڵام لەگەڵ هەر قۆناغێکی نوێشدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە گیانێکی دەستەجەمعی و ستراتیژێکی یەکگرتوو پێویستی بە نوێکردنەوەی گوتار و یەکخستنی ڕیزەکانی هەیە بە مەبەستی باشتر ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئالنگاریانەی، کە دەبنە ڕێگر لەبەردەم پێشکەوتن و ئازادی و شکۆمەندی گەلی کوردستان. 

لە ساتە گرینگەکاندا کەسایەتی سەرکردەی ڕاستەقینە دەردەکەوێت و لە کوردستاندا سەرۆک مەسعود بارزانی ئەو کەسایەتییە بەرجەستە دەکات، کە میراتی مێژوویی و فەلسەفە و زیرەکی سیاسی تێکەڵ کردووە. 

سەرۆك بارزانی لە چەندین دەیەی ڕابووردوودا ئەوەی سەلماندووە، کە دەتوانێت لە هەلومەرجە سەختەکاندا بەگیانێکی نەتەوەیی بەرز وەکوو ڕێبەر و قیبلەنومایەکی کۆکەرەوە یەکڕیزی ماڵی کورد و پێگەی هەرێمی کوردستان لەناو هاوکێشە عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا بپارێزێت. 

ئەمڕۆ لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بۆ پەرلەمانی عێراق، جارێکی دیکە پشت بە سەرۆك بارزانی دەبەسترێت بۆ کۆکردنەوەی شەبەنگی کوردستانی لە دەوری بەرنامەیەکی سیاسی یەکگرتوو، کە ئاواتی سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی کوردستان بخاتە ڕوو و تێڕوانینێکی واقیعبینانە بۆ داهاتوو هەڵبگرێت و ئەو ناکۆکییە لاوەکیانە تێبپەڕێنێت، کە تەنیا خزمەت بە نەیارانی دۆزی کورد دەکات.

ڕێنماییە بەردەوامەکانی سەرۆک بارزانی سەبارەت بە پێویستی دیالۆگ و کاری هاوبەش و کراوەیی بەرامبەر بە لایەنەکانی تر توخمی سەرەکین بۆ سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا ململانێیەکی ژمارەیی بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی پەرلەمان نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی دەسەڵاتی جەماوەری کوردستان بۆ بەردەوامبوون لە بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێم و پێگە و سەنگی گەلی کوردستان لەناو سیستمی سیاسیی عێراقدا و بەهێزکردنی حوکمڕانی باش و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕەخساندنی هەلی کار و پتەوکردنی دیموکراسی.

سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو بەندە بە توانای بەهێزکردنی متمانە لای جەماوەری کوردستان بە تایبەتی و عێراق بەگشتی و دابینکردنی گوتارێکی سیاسی کە واقیعگەرایی و خواستی گەلی کوردستان پێکەوە گرێ بدات. ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی لەناوخۆ، بە چالاککردنی وزەی لاوان و کراوەیی بۆ چین و توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، هەیە.

ڕێبەر و مەرجەعی باڵا، مەسعود بارزانی،  بە لەبەرچاوگرتنی مێژوو و خەبات و کاریزما و پێگەی خۆی توانای ئەوەی هەیە جەماوەرێکی فراوان لەدەوری پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ بکاتەوە و سەرکردایەتی هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی بەهێز بکات، کە دەنگی کوردستان دەرببڕێت و داکۆکی لەمافەکانی بکات، چ لەعێراق و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. 

لە کۆتاییدا مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو گەلی کوردستان ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز دەبێتەوە، گەلی کوردستان لەبەردەم دوو بژاردەن: یان دەنگ بەو کەسانە دەدەن، کە لە هەموو ناخۆشییەکاندا لەگەڵیان وەستاون و بە ئازایەتی و سەربەرزییەوە بەرگریان لە مافەکانیان کردووە، یان گۆڕەپانەکە بۆ ململانێکان بەجێ دەهێڵن، کە تەنیا خزمەت بە پڕۆژەی پەراوێزخستن دەکەن.

پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی لە پێگەیەکدایە، کە سەرکەوتنێکی نوێ بەدەست بهێنێت، بە مەرجێک ڕیزەکان یەکبگرن و بەرژەوەندیی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت. دواجار سەرکەوتن هەر بۆ گەلی کوردستانە.