دیموکراسی چییە؟

دیموکراسی چییە؟
دیموکراسی چییە؟

پێناسەی ئەم چەمکە سیاسییە چییە؟
بنەما و پێوەرەکانی دیموکراسی کامانەن؟
 پێناسە و ئیتیمۆلۆژی (ڕیشەناسیی وشەکە)

بە سادەترین شێوە، دیموکراسی بریتییە لە سیستەمێکی سیاسی کە تێیدا دەسەڵات بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن گەلەوە بەڕێوە دەبرێت. زۆرجار بۆ ناساندنی دیموکراسی، وتە بەناوبانگەکەی ئەبراهام لینکۆڵن دەهێنرێتەوە کە دەڵێت: "دیموکراسی بریتییە لە حکوومەتی گەل، لەلایەن گەلەوە و بۆ گەل."

لە ڕووی ئیتیمۆلۆژییەوە، وشەی دیموکراسی لە یۆنانیی کۆنەوە هاتووە: (Dêmos) بە واتای "گەل" و (Kratos) بە واتای "دەسەڵات" یان "فەرمانڕەوایی". بە پێناسەیەکی وردتر، چەمکی دیموکراسی ئاماژەیە بۆ هەموو ئەو سیستەمە سیاسییانەی کە تێیاندا گەل سەرچاوەی شەرعییەتی دەسەڵاتی سیاسییە. ئەم سیستەمانە هەمەچەشنن و دیموکراسی دەتوانێت بە شێوازی جیاواز لە وڵاتان، کولتوورەکان و قۆناغە مێژووییەکاندا جێبەجێ بکرێت. هەربۆیە دیموکراسی چەندین جۆری هەیە، وەک: دیموکراسیی ڕاستەوخۆ، ناڕاستەوخۆ (نوێنەرایەتی)، بەشداریکردن و هتد.

جۆرە جیاوازەکانی دیموکراسی بە شێوەیەکی سەرەکی لەو ڕێگایانەدا خۆیان دەبیننەوە کە گەل دەسەڵاتی پێ بەڕێوە دەبات. لەناو سیستەمی دیموکراسیدا، خەڵک دەتوانێت دەسەڵات بە شێوەی ڕاستەوخۆ (لە ڕێگەی دەنگدان، ڕیفراندۆم و هتد)، یان ناڕاستەوخۆ (لە ڕێگەی نوێنەرەوە) جێبەجێ بکات.

جۆرە سەرەکییەکانی دیموکراسی

دیموکراسیی ڕاستەوخۆ: هاووڵاتیان ڕاستەوخۆ دەنگ لەسەر هەموو پرسێکی گشتی دەدەن، بەبێ نێوەندگیریی هیچ بەرپرسێکی هەڵبژێردراو. ئەم جۆرە لە کردەوەدا بەدەگمەن بەکاردەهێنرێت، چونکە جێبەجێکردنی لە کۆمەڵگە گەورە و قەرەباڵغەکاندا ئەستەمە.
دیموکراسیی ناڕاستەوخۆ (نوێنەرایەتی): هاووڵاتیان نوێنەرانێک هەڵدەبژێرن کە بە ناوی ئەوانەوە بڕیاری سیاسی دەدەن. ئەمە باوترین جۆری دیموکراسییە لە جیهاندا.
دیموکراسیی بەشداریکەر (Participatory): ئەم سیستەمە ئامانجی هاندانی بەشداریی چالاکانەی هاووڵاتیانە لە پرۆسەی بڕیارداندا و شێوازی وەک ڕاوێژی گشتی و کۆڕبەندی کراوە لەخۆ دەگرێت.
دیموکراسیی شل (Liquid Democracy): ئەم سیستەمە توخمەکانی دیموکراسیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تێکەڵ دەکات. هاووڵاتیان دەتوانن دەنگی خۆیان بە نوێنەرێک بسپێرن، بەڵام هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن دەنگەکەیان وەربگرنەوە و ڕاستەوخۆ دەنگ بدەن.
دیموکراسیی ڕاوێژکاری (Deliberative): جەخت لەسەر گفتوگۆ و ڕاوێژی عەقڵانی دەکاتەوە بۆ گەیشتن بە بڕیاری سیاسی، نەک تەنیا دەنگدانی زۆرینە.
سۆسیال دیموکراسی: ئامانجی دڵنیابوونە لەوەی هاووڵاتیان بە یەکسانی دەستیان بە کاڵا و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان (وەک خوێندن، تەندروستی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی) دەگات، هاوشان لەگەڵ بەشداریی سیاسی.
گرنگە ئاماژە بەوە بکرێت کە دەکرێت جۆرە جیاوازەکانی دیموکراسی تێکەڵ بکرێن و بگونجێنرێن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وڵاتێک. بۆ نموونە، زۆرێک لە وڵاتان سیستەمی دیموکراسیی نوێنەرایەتییان هەیە کە توخمەکانی دیموکراسیی ڕاستەوخۆ (وەک ڕیفراندۆم) بەکار دەهێنن.

پێنج پێوەری سەرەکیی دیموکراسی

بۆ هەڵسەنگاندنی سیستەمێکی دیموکراسی، بەگشتی پێنج پێوەری سەرەکی بەکاردەهێنرێت کە گەرەنتیی ئەوە دەکەن گەل بەڕاستی سەرچاوەی دەسەڵاتە:

1. سەروەریی گەل: ئەمە بنچینەییترین پێوەرە. گەل خاوەنی سەروەرییە و دەبێت بتوانێت لە ڕێگەی پرۆسەی دیموکراسی (وەک هەڵبژاردنی ئازاد، ڕیفراندۆم و ڕاوێژ) ئیرادەی خۆی جێبەجێ بکات.
2. جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان: دەسەڵاتەکان (جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەری) دەبێت لە یەکتر جیا بن و هاوسەنگی لەنێوانیاندا هەبێت. ئەمە ڕێگری لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەکات و حوکمڕانییەکی دادپەروەرانە مسۆگەر دەکات.
3. یەکسانی لەبەردەم یاسا (سەروەریی یاسا): هەموو هاووڵاتیان، بە بەرپرسانیشەوە، لەبەردەم یاسادا یەکسانن. یاسا دەبێت بە بێلایەنی و دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت، بەبێ جیاوازیی چینایەتی، ئایینی یان ڕەگەزی.
4. گەرەنتیی ئازادییە بنەڕەتییەکان: پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان، وەک ئازادیی ڕادەربڕین، ڕۆژنامەگەری، گردبوونەوە و ئازادیی ویژدان. هاووڵاتیان دەبێت بتوانن بە ئازادی ڕەخنە لە حکوومەت بگرن بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە.
5. ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات: دەبێت دەسەڵات بە شێوەیەکی خولی و ڕێکخراو لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بگۆڕدرێت. ئەمە ڕێگە بە هاووڵاتیان دەدات بە ئازادی حکوومەتەکەیان هەڵبژێرن و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو سەرکردانەدا بکەن کە چاوەڕوانییەکانیان جێبەجێ ناکەن.

بنەماکانی تری دیموکراسی

جگە لەو پێوەرانە، دیموکراسی لەسەر چەندین بنەمای گرنگی تر بنیات نراوە:

ڕێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان: دەبێت هەڵبژاردنەکان ئازاد و دادپەروەرانە بن و ئەنجامەکانیان لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە قبووڵ بکرێت.
فرەیی سیاسی: هاووڵاتیان دەبێت مافی هەڵبژاردنیان لەنێوان چەندین حزب و بژاردەی سیاسیی جیاوازدا هەبێت.
بەرپرسیارێتی (لێپرسینەوە): سەرکردە و بەرپرسان دەبێت بەرپرسیار بن لە کردار و بڕیارەکانیان و هاووڵاتیان بتوانن لێپرسینەوەیان لێ بکەن.
پاراستنی مافەکانی مرۆڤ: مافە بنەڕەتییەکانی تاک، وەک مافی ژیان، ئازادی و ئاسایش، دەبێت بە یاسا پارێزراو بن.
شەفافییەت: دەبێت حکوومەت لە کار و بڕیارەکانیدا شەفاف بێت و هاووڵاتیان دەستیان بە زانیارییە گشتییەکان بگات.
بەشداریی هاووڵاتی: هاووڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە چالاکانە بەشداری لە ژیانی سیاسیی وڵاتەکەیاندا بکەن.
یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی: دیموکراسی ئامانجی کەمکردنەوەی نایەکسانی و دابینکردنی دەرفەتی یەکسانە بۆ هەمووان لە بوارەکانی خوێندن، تەندروستی و کارکردندا.
لێبوردەیی: ڕێزگرتن لە بیروڕا و بۆچوونە جیاوازەکان، تەنانەت ئەگەر پێچەوانەی بیروباوەڕی ئێمەش بن، بنەمایەکی سەرەکیی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیی ئاشتیخوازە.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم بنەمایانە، وڵاتە دیموکراسییەکان پشت بە دەستوور دەبەستن کە ئازادییەکان و ڕێکخستنی دەسەڵاتەکان گەرەنتی دەکات.

مێژوو و سەرچاوەی دیموکراسی: لە یۆنانەوە تا ئەمڕۆ

دیموکراسیی کۆن: چەمکی دیموکراسی مێژوویەکی کۆنی هەیە و بۆ شار- دەوڵەتەکانی یۆنانی کۆن دەگەڕێتەوە. لەوێ، هاووڵاتیان (کە ژمارەیەکی سنووردار بوون) ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە بڕیارداندا دەکرد. بەڵام ئەم مۆدێلە لەگەڵ ڕووخانی شار-دەوڵەتەکانی یۆناندا کۆتایی هات و بۆ ماوەیەکی درێژ سیستەمە پاشایەتی و ئیمپراتۆری و فیوداڵییەکان زاڵ بوون.

سەرهەڵدانی دیموکراسیی مۆدێرن: لە سەدەی 18 و لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا، بیرۆکەی دیموکراسی و سەروەریی گەل جارێکی تر هاتەوە ئاراوە. شۆڕشی فەرەنسا (1789) و شۆڕشی ئەمەریکا بوونە خاڵی وەرچەرخان. لەم قۆناغەدا، دیموکراسی لەسەر ئاستی دەوڵەت-نەتەوە بیری لێ کرایەوە، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی دیموکراسیی نوێنەرایەتی؛ هاووڵاتیان لەجیاتیی حوکمڕانیی ڕاستەوخۆ، نوێنەرانێک هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی بە ناوی ئەوانەوە حوکمڕانی بکەن.

مێژووی دیموکراسیی مۆدێرن پڕ بووە لە پشێوی، شەڕ و شۆڕش، بەڵام وردە وردە لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا جێگیر بوو. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە، دیموکراسی لە بەشێکی زۆری جیهاندا بڵاو بووەوە و مافی دەنگدان فراوانتر کرا، بۆ نموونە لە فەرەنسا لە ساڵی 1944 مافی دەنگدان بە ژنان درا.

دیموکراسی لە جیهانی ئەمڕۆدا

ئەمڕۆ دیموکراسی سیستەمێکی سیاسیی باوە، بەڵام جێبەجێکردنی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە. بۆ پێوانەکردنی ئاستی دیموکراسی، "پێوەری دیموکراسی" (Democracy Index) بەکاردەهێنرێت کە وڵاتان بۆ چوار پۆلین دابەش دەکات:

1. دیموکراسیی تەواو:  نمرەی 8 یان زیاتر
2. دیموکراسیی ناتەواو:  نمرەی نێوان 6 بۆ 7.99
3. ڕژێمی تێکەڵاو (هیبرید):  نمرەی نێوان 4 بۆ5.99 
4. ڕژێمی تاکڕەو (ئۆتۆریتاری: (نمرەی کەمتر لە4

زۆربەی وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژئاوا وەک دیموکراسیی تەواو پۆلێن دەکرێن، لە کاتێکدا زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات، ئاسیا و ئەفریقا وەک دیموکراسیی ناتەواو یان ڕژێمی تێکەڵاو پۆلێن دەکرێن.

قەیرانی دیموکراسیی جیهانی

لە ساڵانی ڕابردوودا، ترس لە "قەیرانێکی دیموکراسیی جیهانی" سەری هەڵداوە. ئەم قەیرانە بە چەند دیاردەیەک دەناسرێتەوە:

لە وڵاتە دیموکراتەکاندا: لاوازبوونی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە سیاسییەکان، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکان، سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم و توندڕەوی.
لە وڵاتە نادیموکراتەکاندا: بەهێزبوونی ڕژێمە تاکڕەوەکان، چڕکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی تاکە کەسێکدا، سەرکوتکردنی ئازادییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. وڵاتانی وەک چین، ڕووسیا، تورکیا و ئێران نموونەی دیاری ئەم ڕەوتەن.
تەحەدییەکانی بەردەم دیموکراسی و ڕێگاکانی "داهێنانەوەی"

دیموکراسی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی چەندین تەحەددی بووەتەوە. بۆ بوژاندنەوەی، چەندین ڕێگەچارە پێشنیاز کراون، لەوانە:

1. بەهێزکردنی بەشداریی هاووڵاتیان: لە ڕێگەی میکانیزمی وەک ڕیفراندۆم و کۆڕبەندی هاووڵاتیان.
2. پەرەپێدانی شەفافیەت: بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەرزکردنەوەی ئاستی متمانە.
3. بەهێزکردنی دامەزراوە دیموکراسییەکان: وەک سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان.
4. کەمکردنەوەی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و ئابووری: چونکە نایەکسانی زەمینە بۆ سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم خۆش دەکات.
5. بەهێزکردنی سەربەخۆیی میدیا و پەروەردەی مەدەنی: بۆ دروستکردنی هاووڵاتییەکی ئاگا و چالاک.

کورتە و پوختە

دیموکراسییەکی تەندروست لەسەر ئەم بنەمایانە ڕاوەستاوە:

ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان.
جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان (جێبەجێکردن، یاسادانان، دادوەری).
سەروەریی یاسا (کەس لە سەرووی یاساوە نییە).
بوونی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی چالاک و ئاگادار.
دیموکراسی، زیاتر لەوەی تەنیا ڕژێمێکی سیاسی بێت، بیرۆکەیەکە: باوەڕبوونە بەوەی کە کەرامەتی مرۆڤ وا دەخوازێت هەمووان بەشداری لە دیاریکردنی چارەنووسی هاوبەشی خۆیاندا بکەن. وەک فەیلەسووفان ئاماژەیان پێ کردووە، دیموکراسی هەرگیز بەدیهاتوو نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە کە پێویستی بە بنیاتنان، وریایی و بەرگری هەیە.