ستراتیژییەتی کورد بۆ ئاییندەی کەرکووک

ستراتیژییەتی کورد بۆ ئاییندەی کەرکووک
ستراتیژییەتی کورد بۆ ئاییندەی کەرکووک

 کەرکووک تەنیا شارێکی ئاسایی نییە، بەڵکو سیمبولێکە بۆ پێکەوەژیان، لەگەڵ ئەوەشدا، هێمایەکە بۆ خەباتی سەدەیەک لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕینی دیمۆگرافیا و ناسمانەی کوردستانی شارەکە.

ئەگەرچی لە  دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، سیستەمی فیدراڵی لە عێراق چەسپێندرا و لە دەستووری نوێی پەسەندکراویشیدا لە ساڵی 2025دا، بە ماددەی 140، نەخشە ڕێگەچارەی ئەم کێشمەکێشە مێژووییە دانرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئیرادەی پابەندبوون بە دەستوور و پشتگوێخستنی لەلایەن بەغداوە، تاوەکوو ئێستا جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، ئەگەرچی وەک هەنگاوی سەرەتایی، قۆناغی قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکان و گەڕانەوەی هاوردەکان دەستی پێکرد، بەڵام ئەوەشیان وەک پێویست نەبووە. بۆیە کورد لە کەرکووک دەبێت بیر لە ستراتیژییەتێکی نوێ بکاتەوە، بۆ قۆناغی دوای درێژەدان بە جێبەجێنەکردنی دەستوور و هاتنی نەوەیەکی نوێ بۆ نێو پرۆسەی سیاسی لە عێراق و گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان.

ئەمڕۆ کەرکووک لەنێوان دوو ئاڕاستەی جیاوازی بەڕێوەبردندا لە ئاییندەی ناڕوونی خۆی دەڕوانێت. لەلایەکەوە، حکوومەتی فیدراڵ هەوڵدەدات کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر شارەکەدا هەبێت و وەک بەشێک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق مامەڵەی لەگەڵ بکات. لەلایەکی دیکەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆیەتی، بەشێوەیەک بەغدا لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکاندا، کارێک لە کەرکووک بکات، کاری لە پێشینەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی عەرەبە لە کەرکووک و نادادپەروەری و جیاوازییەکی زۆر دەکات لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و ڕەخساندنی هەلی کار و دامەزراندن و ئەنجامدانی پرۆژەی ئاوەدانی و دابینکردنی ئاسایش. لە هەمان کاتدا، لەگەڵ پێشکەوتنە بەردەوامەکانی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لە دابینکردنی ئاو و کارەبای بەردەوام و دروستکردنی ڕێگەوبان و دروستکردنی بەنداو و پاڵپشتیکردنی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، وەبەرهێنان و گەشتوگوزار، بەڵام کەرکووک بەهۆی ئەو سیاسەتە جیاکارییەی بەغداوە، لە هەموو ئەو خزمەتانە بێبەشە.

تەمەنی دەستپێکردنی پڕۆسەی تەعریبکردن و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکووک لە سەدەیەک نزیک دەبێتەوە، بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە، بەڵام هەمیشە ڕژێمەکان گۆڕاون و کورد لە سەنگەری بەرگریدا ماوەتەوە و سووربووە لەسەر هەڵوێستی خۆی کە پاراستنت ناسمانی کوردستانی بوونی کەرکووکە. هەر لەگەڵ دۆزینەوەی نەوت لە کەرکووک و دەستپێکردنی پرۆسەی هەڵکەندنی بیری نەوت لە ساڵی 1927 و دواتر دامەزراندنی کۆمپانیای نەوت، هاتنی عەرەب و نیشتەجێکردنیان لە کەرکووک دەستیپێکرد و ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێڕاق، ئەو پرۆسەیەیان زیاتر فراوان کرد، تاوەکوو کار گەیشتە ئەوەی نەک هەر لە بواری پیشەسازیدا، بەڵکوو لە کەرتی کشتوکاڵ و دامەزراندن و ئیدارەدانی شارەکەش، دەستیان کرد بە جێگیرکردنی عەرەب و هەمان ئەقڵییەت و پیلانی دژ بە کەرکووک، لەسەر هەمان ڕێچکەی خۆی تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ بە ڕێگەی جیاواز بەردەوامە.

پرۆسەی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای پارێزگای کەرکووک، لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو چڕتر بووەتەوە، کە تەنیا لە ماوەی ئیدارەدانی ڕاکان جبووری نزیکەی 10 گەڕەکی نوێی عەرەبنشین لە شارەکە درووستکراون و زیاتر لە 600 هەزار عەرەب هێنراونەتە شارەکە. هەروەها بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق و دوایین سەرژمێری دانیشتووان، دەیان هەزار کەس لە ژمارەی دانیشتووانی کەرکووک زیادیکردووە کە زۆرینەی ڕەهای لە نەتەوەی عەرەبن و لە حەویجە نیشتەجێ کراون. هاوکات بەرزبوونەوەی ئاستی بەشداری و ڕێژەی دەنگدانی عەرەب لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە کۆتایی ساڵی 2023 بەڕێوەچوو، ئەو ڕاستییە دووپاتدەکاتەوە، کە سیاسەتی تەعریب و بوونی پیلانێکی مەترسیدار بۆ گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیای کەرکووک بەردەوامە.

لەدوای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و بڵاوبوونەوەی بیری پارتایەتی و ڕێبازی بارزانی، وەک ڕێبازێکی نەتەوەیی خاکپارێز، هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە کە ڕەسەنایەتی بۆ هەموو ئەو شوێنانە بگەڕێنێتەوە، کە نەیارانی کورد بە زوڵم و ستەم زەوتیان کردووە. ڕەنگە سازش نەکردنی پارتی و بە دیاریکراوی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی لە ناوەڕاستی حەفتاکان، باشترین نموونە و بەڵگەی بە بەها وپڕ بایەخی کەرکووک بێت لەلای پارتی و تاک بە تاکی ئەندامانی ئەو حزبە. ئەگەر لەدوای هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ سنووری کەرکووک بڕوانین، ئەوەش بە ڕوونی دیارە کە پارتی لە ماوەی ئەو شەڕەدا، بە خوێنی پێشمەرگەکانی بەرگری لە کەرکووک کرد و پاراستی و ڕێگری کرد سیناریۆی شاری مووسڵ لە کەرکووک دووبارە ببێتەوە، لەکاتێکدا سەرۆک بارزانی لەنزیکەوە چاودێریی پاراستنی کەرکووکی دەکرد و بەردەوام ڕێنمایی دەدایە هێزەکانی پێشمەرگە و بەرپرسانی ئیداریی شارەکە و دەیان شەهیدیش لەو پێناوە، گیانی خۆیان بەخت کرد.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی ڕابردوو و ئێستاشدا، پرسی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی کردووەتە بنەمای یەکەمین و سەرەکیی گفتوگۆکان، گرنگترین ئەو پایە بنەڕەتییانەی کە پارتی وەک هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی ماددەی 140 و جێبەجێکردنی خستوویەتییە گەڕ، پەیوەستن بە ڕێزگرتنی ئازادییەکان و پێکەوەژیانی خەڵکی ڕەسەنی کەرکووک و مافەکانی هاووڵاتییان، کە ئەو ماددەیە لەسەر ڕێچکەی دیموکراسی، ڕادەی گەشەکردنی سیاسی و ئاشتیی نێوان ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان بەرز دەکاتەوە و زەمینەی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو لە شاری کەرکووکدا دەڕەخسێنێت. بەڵام هەرچەندە کورد زۆرینەی دانیشتووانی پارێزگای کەرکووکە، تاوەکوو ئێستا بەهۆی پشتگوێخستنی داواکارییەکان لەلایەن بەغداوە و چەندین هۆکاری دیکەوە، ئەم ئامانجە نەهاتووەتە دی.

لە قۆناغی داهاتوودا، کورد لە کەرکووک پێویستی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە داڕشتنەوەی ستراتیژییەتەکانی هەیە. ستراتیژییەتی نوێ دەبێت لەسەر فراوانکردنی دیپلۆماسیەت دابمەزرێت و لەبری تەنیا موخاتەبەکردنی بەغدا، دەبێت لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی عێراق و هەموو ئەو لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییانەی ڕۆڵیان لە پرسی کەرکووک هەیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، کار بۆ پاراستنی دیمۆگرافیای شارەکە و خاوەندارێتی زەوییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان و دادپەروەری لە دابەشکردنی داهات و ئەنجامدانی پرۆژەی ستراتیژی و هاوبەشیکردنی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان لە چارەنووسی شارەکە لەسەر ڕێچکەی پێکەوەژیان و گرنگیدان بە خەڵکی ڕەسەنی شارەکە، هەنگاو بنێت کە ئەمانە بنەمای پاراستنی ناسنامەی کوردستانییەتی کەرکووکن لە داهاتوودا.

لەگەڵ گرنگی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و یەک دەنگی لایەنە کوردستانییەکان لە پرسە نیشتمانییەکان لە کەرکووک، فاکتەرێکی گرنگە و کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئاییندەی شارەکە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، کاراکردنی نوێنەرایەتی کەرکووک لە بەغدا، دەرفەتێکی دیکەی گرنگە بۆ ئەو ئامانجە. ئەگەرچی سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە ڕابەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی و پاڵپشتییە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەکردنی لەلایەن جەنابی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، هەمیشە لە سەنگەری بەرگری لە مافی کەرکووکییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە، لە ستراتیژییەتی داهاتووی کورد لە کەرکووک، پێویست دەکات ڕۆڵەکانی کەرکووک زیاتر وەرگێڕێکی سەرکەوتووی ئەو سیاستە حەکیمانە بن، بەتایبەتی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و دابینکردنی بودجە و هاندانی وەبەرهێنەران و گەشەپێدانی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بوارەکانی دیکە، وەک یەک تیم لەگەڵ نوێنەرانی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، شەڕی کەرکووک و خەڵکە ڕەسەنەکەی بکەن، لە سەرووی هەمووشیانەوە، لە هەردوو سێکتەری پەروەردە و تەندروستی، دەبێت گرنگی زیاتر بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بدرێت.

ئاییندەی کەرکووک وابەستەیە بە توانای هەموو لایەنەکان لە کاری پێکەوەیی لەسەر بنەمای دادپەروەری و پێکەوەژیان. ئەو کەسایەتی و لایەنە کوردستانیانەی لە ڕابردوو لە کاری دەستەجەمعی کوردستانی دوورکەوتنەوە و بووە هۆی ئەوەی کورد، دەنگی زۆرینە لە کەرکووک لە دەست بدات، وەک هەناوی سەرەکی و کاکری لە پێشینە بۆ جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژە نوێیە، ئەوەیە کە جارێکی دیکە شەقامی کوردی لە کەرکووک لەگەڵ خۆیان ئاشت بکەنەوە و جارێکی دیکە زۆرینەی مێژوویی کورد لە کەرکووک، بکەنەوە واقعی سیاسیی و ئیداری، ئەمەش بەرپرسیارییەتێکی مێژووییە لەسەر شانی هەموو بەشداربووانی ئەم پرۆسەیە. هەروەها داڕشتنەوەی خیتابی سیاسی لە کەرکووک لەسەر ئەو بنەمایە، دەبێتە دەرگایەک بۆ تێگەیشتن لە چارەسەری پرسی کەرکووک و ڕاکێشانی سەرنجی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی دیکەی شارەکە. بە دروستکردنی مۆدێلێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان، دەرئەنجامەکەی تەنیا لە سوودی کوردەکان نابێت، بەڵکوو هەموو ئەو داخوازییانەی کورد هەیەتی، داواکاری هەموو خەڵکی ڕەسەنی کەرکووکە بەبێ جیاوازی.