
فرسەت سەید شکور
نووسەر
دیدی مەسرور بارزانی لە قەیرانەوە بۆ گەشەپێدانێکی بەردەوام

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، لە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵنگاری و قەیراندا، نەک هەر خۆی ڕاگیر کرد، بەڵکوو توانیی لە نێو گێژاوەکاندا ڕێگەیەکی نوێ بۆ گەشەپێدان و چارەسەری ڕیشەیی کێشەکان بدۆزێتەوە، سەڕەرای ئەو تەحەددایانەی ڕووبەڕووی کایینەکە دەبووەوە، بەڵام بوێرانە دەستی خستە سەر کێشەکان و هەوڵی چارەسەریی ڕیشەیی بۆ دا.
ئەم کابینەیە لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونییەوە، ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە تەحەددیاتی وەک داڕمانی نرخی نەوت، پەتای جیهانیی کۆرۆنا، و گرژییە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بووەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دیدێکی ستراتیژییانە بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سەرجەم سێکتەرەکاندا خستەڕوو، کە ئامانجی تێپەڕاندنی چارەسەرە کاتییەکان بوو بۆ بنیادنانی ژێرخانێکی پتەو و بەردەوام، واتە؛ دیدی مەسرور بارزانی، پرۆژەی ستراتیژی درێژخایەن بوو، نەک چارەسەرکردنی کاتی و تێپەڕاندنی کات.
کابینەی نۆیەم، پرۆژەی نوێ، دیدی نوێ، ستراتیژی نوێی بۆ قۆناغی حکوومڕانی داڕشت، ئەم دیدە نوێیە، لە هەنگاو و تێڕوانینەکانی مەسرور بارزانییەوە سەرچاوەی گرت، هەنگاوە گرنگەکانی وەکو (هەمەچەشەنکردنی ئابووری، چاکسازییە داراییەکان، پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان) و چەندین پرۆژەی دیکە، کە پەیوەستن بە خزمەتکردنی هاووڵاتیان و خەڵکی کوردستان بە گشتیی.
لە پڕۆژە هەرە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
پرۆژەی فریاگوزاری ئاو لە هەولێر
هەولێر، ساڵانێکی درێژ بوو بە دەست یەکێک لە گەورەترین کێشە خزمەتگوزارییەکانەوە دەیناڵاند: کەمئاوی.
ئەم کێشەیە تەنیا پەیوەست نەبوو بە وشکەساڵییەوە، بەڵکوو کۆمەڵێک هۆکاری دیکەش وەک نەبوونی پلانێکی درێژخایەن بۆ دابینکردنی ئاو، پشت بەستن بە بیرە قووڵەکان، و کەموکوڕی لە سیستەمی کارەبا، وای کردبوو دۆخەکە بەرەو خراپتر بڕوات. ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان و تەنانەت گەشەی شارەکە هەبوو.
لەم سۆنگەیەوە، مەسرور بارزانی بڕیاری جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی مێژوویی دا، "پرۆژەی ستراتیژیی گەیاندنی ئاو لە زێی گەورەوە بۆ هەولێر." ئەم پرۆژەیە، کە بەردی بناغەکەی لە 8ی ئەیلوولی 2024 دانرا، وەک ڕچەشکێنێک لە چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لە پایتەختدا سەیر دەکرێت. ئامانجی ئەم پرۆژەیە دابینکردنی ئاوی پاک و بەردەوامە بۆ ماوەی 25 بۆ 30 ساڵی داهاتوو، کە تێڕوانینێکی دووربینانەیە بۆ داهاتووی شارەکە و دانیشتووانەکەی.
بە توانای پاڵاوتنی 480 هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێکدا، ئەم پرۆژەیە بە چوار هێڵی سەرەکی ئاو لە زێی گەورەوە ڕادەکێشێت.
پرۆژەی ڕووناکی
پرۆژەی ڕووناکی (24) کاتژمێریی بووە وەرچەرخانێکی گەورە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کارەبا، ئەم پرۆژەیە نەک لە هەرێمی کوردستان بەڵکو بووەتە جێگەی بایەخی عێراق و ئەو وڵاتانەی دیکەش کە بەدەست ئارێشەی کارەبا دەناڵێنن، ئەم هەنگاوە، هاووڵاتیان لە گرفتێکی لە مێژینە ڕزگار دەکات، کە سەڕەرای کارەبای بەردەوام لە هەمانکاتدا بە نرخێکی کەمتر و جێگیر، باری سەرشانی خەڵک کەمدەکاتەوە.
لە ڕووی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابورییەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، وەکو:
*چاککردنی ڕێگاوبانەکان و دروستکردنی پرد و چەندین پۆند و بەنداو.
بایەخدان بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا گۆڕانکاریی کاریگەر و گەورەی بەخۆیەوە بینی، لەم سێکتەرانەدا، هەرێم بووە جێگەی سەرنجی پڕ بەهای وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی.
چاکسازی
مەسرور بارزانی، بەردەوام جەختی لە چاکسازی کردۆتەوە، بەڵام ئەمە بۆ خۆی پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە و ئاستەنگی زۆریشی لەپێش بووە، بەڵام لە هەمانکاتدا، ڕەتکردنەوەی گەندەڵی و هەنگاوە و هەوڵەکانی بۆ جێبەجێکردنی بنەماکانی چاکسازی بووەتە هۆی کەمکردنەوەی دیاردەکانی گەندەڵی و قۆرخکاری بە پێچەوانەوە، زیهنی فکری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆکارێک و میکانیزمێک بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری لە حکومڕانیدا.
کەواتە و دەرەنجام، زیهەنییەت و ستراتیژی مەسرور بارزانی، حکومڕانییەکی شەفافە، حکومڕانییەکە بە ئاراستەی خزمەتکردنی خەڵک و چەسپاندنی یاسا و بەدیهێنانی دادپەروەری. لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا، پاراستنی دەستکەوت و شانازییە مێژوویی و نەتەوەییەکانە.