خامەنەئی: رەنگە كەسانێك ھەبن منیان قەبووڵ نەبێت
ههڵبژردنی موڵكی ههموو ئێرانه

K24 – ههولێر:
لە سەروبەندی نزیكبوونەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامی و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، ئایهتوڵڵا عەلی خامەنەئی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، داوا لە ھەموو لایەنەكان دەكات بەشداری لە ھەڵبژاردنەكاندا بكەن.
رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ شهممه 9ی كانوونی دووهم/ یهنایهری 2016. له یهكێك حوسهینییهكانی شاری قوم گوتی: "رەنگە كەسانێك ھەبن منیان قەبووڵ نەبێت، ھەڵبژاردن به تهنها موڵكی رێبەر نییە، موڵكی ئێرانی ئیسلامیی و كۆماری ئیسلامییە، بەشداریتان دەبێتە مایەی سەقامگیری وڵات و ئاسایشی نیشتمان".
خامەنەئی سەبارەت بە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری گوتی: "ئەنجوومەنی شارەزایان چارهنووسسازە، ئەگەر رێبەری ئێستا كۆچی دوایی بكات و نەمێنێت، دەبێت ئەو ئەنجوومەنە رێبەرێك ھەڵبژێرێت، رێبەریش كلیلی داینامیكی شۆڕشی لەدەستە".
پێشتر، سەرۆكی ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ھاشمی رەفسەنجانی باسی ھەڵبژاردنی رێبەری نوێی یان شوورای رێبەری كردبوو.
عەلی خامەنەئی گوتی:" بەرەی دوژمن بەرفراوانە، ھەموومان دەبێت لە ھەوڵی پاراستنی ئینقلاب دابین، ئەمرۆكە بەیعەت لەگەڵ ئینقلاب و ئیمام، بەیعەتە لەگەڵ پێغەمبەر".
ھاشمی رەفسەنجانی، حەسەن رووحانی و حەسەن خومەینی خۆیان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان ناونووس كردووە، ئەوەش بووەتە مایەی نیگەرانی رەوتی پارێزگاران و پێیانوایە " كەمینەیەكی بەھێز لە ئەنجوومەنی شارەزایاندا" دروست دەبێت.