ئاژانسێک: پەكەكە هێرشی کردە سەر پێگەکانی سوپای تورکیا لە شەرناخ
"پەكەكە لە گەڕەكی وەقف سەنتی شەرناخ چەند بارەگایەكی پۆلیس و سوپای كردووەتە ئامانج"

K24- ھەولێر:
ئاژانسێکی تورکیا رایگەیاند گەریلاكانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە چەكی لوولە درێژ ھێرشیانكردووەتە سەر بنکەکانی سوپا و پۆلیس لە ناوچەی شەرناخ لە باکووری کوردستان.
ئاژانسی دۆغانی توركیا راشیگەیاند: "ئێوارەی دوێنێ چەکدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە گەڕەكی وەقف سەنتی شاری شەرناخ چەند بارەگایەكی پۆلیس و سوپایان كردە ئامانج".
ئاژانسەکە دەشڵێ: "لە دوای ھێرشەكە شەڕ و پێكدادان دروستبوو، بەڵام زیانەكان تا ئێستا ئاشکرا نەبوونە".
ئاژانسەکە ھاوكات دەڵێ: "ھەر لە شەرناخ و لەو شەقامەی كە بۆ ناوچەی جزیرە (باکووری کوردستان) دەڕوات بە بۆمبی دەستكرد ھێرشكرایە سەر زریپۆشێك، لە ئاكامدا زیان بەر زریپشۆشەكە كەوتوو و ژمارەیەك پۆلیس برینداربوون و برینداران بە ئەمبیوڵانس گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی دەوڵەت لە شەرناخ".
بەپێی ئاژانسەکە: "لە دوای ھێرشەكە سوپای توركیا دەستی بە هەڵمەتێکی سەربازیی فراوان كردووە لە شەرناخ".
لە دوای ھەڵبژاردنی حەوتی حوزەیرانی ساڵی 2015 لە توركیا شەڕ و ئاڵۆزیی لە باكووری كوردستان لە نێوان لایەنگرانی پەكەكە و ھێزە ئەمنییەكانی توركیا دەستیپێكرد و تا ئێستاش بەردەوامیی ھەیە، بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكان چەندین ھاوڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانیی و ژمارەیەكی زۆری ھاوڵاتیانیش ئاوارەبوونە.
ئامادەكردن: شنۆ محەممەد