پێشەوا ھەورامانی: حكومەتی عێراق نەیتوانیوە كۆنترۆڵی حەشدی شەعبی بكات

"حەشدی شەعبی باڵی بەسەر حكومەتی عێراق كێشاوە"

K24 – ھەولێر

گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، حەشدی شەعبی باڵی كێشاوە بەسەر حكومەتی عێراق و دەیەوێت ھەموو جومگەكانی عێراق كۆنترۆڵ بكات. حەشد لە سەرەتایی دروستبوونیەوە عوقدەی بەرامبەر بە قەوارەی ھەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان ھەیە.

پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، لەمیانی بەشداریكردنی لە گەشتێكی ھەواڵەكانی كوردستان24 رایگەیاند: "حەشدی شەعبی لەوەتەی دروستبووە عوقدەی بەرامبەر بە پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان ھەیە و ھۆكارێكی سەرەكی بوون بۆ تەعریب و زوڵم كردن لە خەڵكی كوردستان لە ناوچە دابڕێندراوەكان، تائێستا حكومەتی عێراق نەیتوانیوە كۆنترۆڵی حەشد بكات و دەسەڵاتی بەسەردا بشكێت، ئەوەی ئێستا دەیكەن لێدانی سەنگەر بەرامبەر بە پێشمەرگە نازانین ئەجندای خۆیانە یان لایەنێكی دیكە، پێچەوانەی ئەوان پێشمەرگە لە ھەر ناوچەیەك بووبێت ھەوڵی یەكڕیزی و پاراستنی ھەموو پێكھاتەكانیان داوە، بەڵام حەشد شەرم لەوە ناكات لە ھەر شوێنێك بۆیان گونجابێت دەستدرێژی بەرامبەر خەڵكی بێتاوانی كورد دەكەن لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھاووڵاتییانی كورد".

گوتیشی: "لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر بینرا كە حەشد مەبەستی بوو ھێرش بكاتە سەر ھەرێمی كوردستان، نیازی خراپیان بەرامبەر بە كۆی قەوارەی ھەرێمی كوردستان ھەیە، بەردەوام لێدوانی جۆراوجۆر دژی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان دەدەن، ئەوان لەژێر كاریگەری حكومەتی عێراقیی دا نین، لە ماوەی رابردوودا حیسابیان بۆ حكومەت و سەرۆك وەزیرانی عێراق نەكردووە".

پێشەوا ھەورامانی، ئاماژەی بەوەشكرد: "جگە لەوەی حەشد چەند گرووپ و دەستەن ھەر یەكەیان لەژێر كاریگەری لایەنێكدان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەجندای دیكە جۆراوجۆریان لە پشتە، لایەنی سەرەكی لە پشت حەشد ھەمیشە ویستویەتی ئەوان وەك چەكێك بەكاربھێنێ بەرامبەر بە حكومەتی ھەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان. بە بۆچوونی من حەشد ھیچ كات جێگەی متمانە نییە، نەك ھەر ناوچە كوردستانییەكان، بەڵكو ئەوان عوقدەیان بەرامبەر بە قەوارەی سیاسی ھەرێمی كوردستان ھەیە، ھەر كاتێك بۆیان بگونجێت مەترسین بۆسەر ھەرێمی كوردستان، لە بەغداش دژی ئەو لایەنانەن كە لەژێر كۆنترۆڵی ئەوان نین، حەشد دەیەوێت نەك بە تەنیا ھێزی سەربازیی، بەڵكو دەیەوێت كۆنترۆڵی حكومەت و دارایی و ھەموو جومگەكانی دیكەی عێراق بكەن".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئێستا سەركردەكانی حەشد لێدوان دژی ھێزی پێشمەرگە دەدەن، لەكاتێكدا ئەگەر لە شەڕی دژی داعش ھێزی پێشمەرگە نەبا، حەشد زۆربەی ناوچەكانیان پێ كۆنترۆڵ نەدەكران، دواتر خۆیان كردووە بە خاوەنی سەركەوتنەكان و لەو شوێنانە زوڵم لە خەڵكی كورد دەكەن".

گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، باسی لەوەشكرد: "ئەو پارەی لە بودجەی عێراق بۆ حەشدی شەعبی دیاركراوە بە قەد بودجەی چوار وەزارەتە، ھەروەھا لە ھەندێك شوێن كۆنترۆڵی نەوت و داھاتی دەروازە سنوورییەكانیان لەدەستە، بە ھەموو شێوەیەك باڵیان كێشاوە بەسەر حەشدی شەعبی، حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەموو ھەوڵێك دەدات بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق، بەڵام حەشد لە ھەر دەرفەتێك بۆی گونجابێت ھەوڵیداوە ھەردوولا لە یەكتر دووربخاتەوە".

Fly Erbil Advertisment