نوێنەری پێکهاتەی عەرەبی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان: لەبەرامبەر هێرشکردنە سەر هەولێر بێدەنگ نابین
"دەبێت بزانرێت ئەو هێرشە مووشەکییە تیرۆرستییە لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی و میلیشیایی دیاری عێراق پیلانی بۆ داڕێژراوە"

K24 - هەولێر
نوێنەری فەرمیی پێکهاتەی عەرەبی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان گلەیی ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکات کە "نەیتوانیوە چەک لە دەستی میلیشیاکان دەربهێنێت"، هەروەها دەڵێ "ئێمە وەک پێکهاتەی عەرەبیی کوردستانی، بێدەنگ نابین و بەرگری لە کوردستان و گەلەکەی دەکەین".
شێخ موزاحم ئەلحوێت، نوێنەری پێکهاتەی عەرەبی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەیاننامەیەکی سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی هەولێر بڵاوکردەوە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی زیاتر لە هەشت کەس لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و چەند گەڕەکێکی نزیکی.
لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە "پێکهاتەی عەرەبی لە هەرێمی کوردستان بەرپرسیارییەتی هێرشەکە دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، چونکە نەیتوانیوە وابکات چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت، دەبێت بزانرێت ئەو هێرشە مووشەکییە تیرۆرستییە لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی و میلیشیایی دیاری عێراق پیلانی بۆ داڕێژراوە و ئامانجیان تێکدانی رەوشی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکان و لاوازکردنی حکومەتی بەڕێز مەسرور بارزانییە، بەهۆی ئەوەی حکومەتێکی بەهێزە توانا و ئازایی خۆی لەبەرامبەر وڵاتانی عەرەبی و بیانی سەلماندووە".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەدوای هێرشەکە فەرمانی کرد لایەنە پەیوەندیدارەکان دەست بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران، دواتر بەغدا رایگەیاند لیژنەیەکی هەماهەنگی لەگەڵ هەولێر لەمبارەیەوە پێکدەهێنن.
نوێنەری پێکهاتەی عەرەبی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان لە بەیاننامەکەدا داوا لە حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات "رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی هەموو میلیشیا و رێکخراوە تیرۆرستییەکان لە شنگال و ناوچەکێشەلەسەرەکان بچنەدەرەوە، چونکە ئەو ناوچانە بەهۆی کۆبوونەوەی گرووپی هاوشێوەی داعش، بوونەتە سەرچاوەی مەترسییەکی گەورە".
گرووپێکی نەناسراو بەناوی "سرايا أولياء الدم" بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشە مووشەکییەکە راگەیاندووە، بەڵام تائێستا لایەنە فەرمییەکان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئەنجامدەری هێرشەکە ئاشکرا نەکردووە.