لە خەلیفان هاووڵاتییەک بە 13 گوللـە کوژرا
بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کەسانی نزیک لە خۆی، ئەمڕۆ لە هەولێر دادگاییان هەبووە

K24 - سۆران
لە دەروازەی خەلیفان، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستڕێژی گوللـە لە هاووڵاتییەک کرا و 13 گوللـەی پێکەوت. دوای ئەوەی هاووڵاتییەکە گیانی لەدەستدا، پۆلیس تۆمەتباری رووداوەکەی دەستگیرکرد.
هاوسەر عەبدولقادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند "کاتژمێر 04:15ـی ئێوارە هاووڵاتییەک گەیێنرایە بەشی فریاکەوتن و، دیاربوو هەشت گوللـەی بەرکەوتبوو، دوای پشکنینی خێرا دەرکەوت گیانی لەدەستداوە".
سەبارەت بەم حاڵەتی کوشتنە، کوردستان24 پەیوەندی بە بەڕێوەبەری شارەدێ و بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی خەلیفان کرد، بەڵام بەهۆی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان زانیاریان ئاشکرا نەکرد.
کوردستان24 زانیویەتی کوژراوەکە ناوی (ئیسماعیل خدر عەبدی)ـیە، لەدایکبووی ساڵی 1983 و دانیشتووی قەزای چۆمانە. ئەمڕۆ (سێشەممە، 23ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021 ) بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کەسانی نزیک لە خۆی، لە هەولێر دادگاییان هەبووە، دوای تەواوبوونی دادگاییەکە، گەڕاوەتەوە چۆمان و لە دەروازەی رۆژهەڵاتی خەلیفان دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە.
هەرچەندە پۆلیس تەنیا شوێنی هەشت گوللـەی بە جەستەوە بینیوە، بەڵام پزیشکی دادی دەڵێ "13 گوللـە لە سەر و سنگی دراوە".
هاوکات پۆلیسی خەلیفان بەتۆمەتی تاوانەکە، کەسێکی دەستگیرکردووە کە خزمایەتی لەگەڵ کوژراوەکە هەیە.