مووسڵ بۆ پێشوازی پاپای ڤاتیكان ئامادەكاری دەكات
سەردانی پاپا فرەنسیس پێكەوەژیان و برایەتی نێوان پێكھاتەكان زیاتر بەھێز دەكات
K24 - مووسڵ
لە مووسڵ ئامادەكاری بۆ پێشوازیكردن لە پاپای ڤاتیكان دەكرێت. ھاووڵاتییانی مووسڵ بە رووداوێكی مێژوویی ناوی دەبەن و دەڵێن یەكەمجارە لە مێژووی عێراق كەسایەتییەكی گرنگی وەك پاپا سەردانی عێراق و مووسڵ دەكات، ئەوەش بە ھەنگاوێكی گرنگ دەزانن.
بەشێك لە پێكھاتە جیاوازەكانی مووسڵیش پێیانوایە ئەم سەردانەی پاپا فرەنسیس پێكەوەژیان و برایەتی نێوان پێكھاتەكان زیاتر بەھێز دەكات.
تیمەكانی شارەوانی و چەند تیمێكی دیكە لە مووسڵ سەرقاڵی كاركردن، وەك ئامادەكاری بۆ پێشوازیكردن لە پاپا.
سائیب عهدنان، بهرپرسی خزمهتگوزاری لە شارهوانی مووسڵ بە كوردستان24ی گوت: "ئەم شوێنە ھەمووی پاكدەكرێتەوە، لە خۆشی ھاتنی پاپا. كارەكانی ئێمە بۆ ماوەی ھەشت رۆژ بەردەوام دەبێت، چونكە شوێنی زۆر ھەیە خاوێن بكرێنەوە و پاشماوەی زۆر ماوە لاببردرێن، چونكە پێش ئێستا لابردنی قەدەغەكرابوو، بەڵام ئێستا بە یارمەتی ئێمە و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار شوێنەكە نوێ دەكرێتەوە".
ھەروەھا قهس رائید عادل، بهرپرسی كهنیسهی مووسڵ رایگەیاند: "ئەم سەردانە مێژووییە، چونكە لە مێژووی عێراق یەكەمجارە پاپا سەردانی ئێرە دەكات، سەردانەكە گرنگە و چاوەڕێین و زۆر دڵخۆشین، پاپا پیاوی ئاشتییە و ھیواخوازین ئاشتی و ئارامیی و برایەتی لە مووسڵ بێتە ئاراوە و ھەموو عێراق بە گشتی ئارامی بەخۆشیەوە ببینێت".
ھاووڵاتییەكی دانیشتووی مووسڵ بەناوی زیاو زهنوون، بۆ كوردستان24 گوتی: "پێكھاتە رەسەنەكانی مووسڵ بەتایبەتی كرستیانەكان كە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ھەزاران ساڵ، پێشتر ھەموو پێكھاتەكان پێكەوە دەژیان لە مووسڵ، ئێمە زۆر یادگاریمان پێكەوە ھەیە كە لەبیر ناكرێن، لە منداڵییەوە بەیەكەوە ھاوڕێ بووین و پێكەوە گەورەبووین. ئێستا زۆربەیان لە دەرەوەن و پەیوەندیمان لەگەڵ یەكتر ھەیە".
لە 5/3/2021 پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیكان بە سەردانێكی راگەیەندراو دەگاتە بەغدا، بڕیارە رۆژی دواتر پاپا سەردانی نەجەف بكات و لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان كۆببێتەوە، لەوێوە سەردانی شاری شوێنەواری ئوور بكات. پاپای فرەنسیس رۆژی 7ی ئازار سەردانی هەولێر دەكات و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان و پیاوانی ئایینی پێشوازی لێدهكرێت.