موسڵمانانی سوید لە کەشێکی سارد پێشوازی لە مانگی رەمەزان دەکەن

نزیکەی (18) کاتژمێر بەڕۆژوو دەبن

موسڵمانانی سوید پێشوازی له‌ مانگی ره‌مه‌زان ده‌كه‌ن
موسڵمانانی سوید پێشوازی له‌ مانگی ره‌مه‌زان ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

سەرما و سایەقەی وڵاتی سوید رێگر نییە لە بەردەم موسوڵمانان لەو وڵاتە و پێشوازی لە مانگی رەمەزان دەکەن، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو كاتی بەرۆژووبوون لە سوید كەمتر بووەتەوە و نزیكەی (18) كاتژمێر به‌ڕۆژوو ده‌بن‌. موسڵمانان و مامۆستایانی ئایینی به‌شداری له‌ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمە ئایینییەكان لە مانگی رەمەزان دەكەن.

له‌ باکووری ستۆکھۆڵم، موسوڵمانان وێرای خۆ ئامادەکردن بۆ مانگی رەمەزان، رۆژانە بۆ نوێژکردن لە دەوری یەک کۆدەبنەوە. موحسین رەئووف، مامۆستای ئایینی، باس لە کاتژمێرەکانی رۆژووگرتن لە مانگی رەمەزاندا دەکات و دەڵێت لەچاوساڵانی رابردوودا ئەمساڵ ماوەی بەڕۆژووبوون کەمترە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ساڵه‌كانی رابردوو رۆژانه‌ نزیكه‌ی (22) كاتژمێر به‌ڕۆژوو ده‌بووین.

وێڕای پابەندبوون بە رێنماییەکانی خۆپارێزی، موسوڵمانان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، مەرجی خۆپارێزی کۆرۆنا رێگه‌ لە ئەرکە ئایینییەکانمان ناگرێت.

بە ھۆی رێسا و رێنماییەکانی وڵاتی سوید بۆ رێگری لەتەشەنەکردنی فایرۆسی کۆرۆنا، موسوڵمانان لە دەوری یەک کۆدەبنەوە و بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی ئەرکە ئایینییەکانیان و رێنماییەکانی پەیوەندیدار بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەر چاودەگرن.

بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە ئایینییەکان موسوڵمانان دەڵێن لە ناو مزگەوت یان دەرەوەی مزگەوت یان ھەر جێگایەکی گونجاوبێت، دەکرێت ئەرکەکان بەجێبگەیەندرێن.

لە رۆژی سێشەممە (13ی نیسان/ ئه‌پرێل)، مانگی رەمەزان دەستپێدەکات و رۆژووگرانی سوید دەبێت لە نێوان (17 تا 18) کاتژمێر بەڕۆژوو بن.

د.ی

Fly Erbil Advertisment