دوو کاروانی هاوکاری لۆجستی هاپەیمانان کرانە ئامانج
حەشارگەیەکی داعشیش دەستی بەسەرداگیرا

K24 - ههولێر:
لە باشووری عێراق دوو کاروانی گواستنەوەی هاوکاری لۆجستی هاپەیمانان کرانە ئامانج و لە کەرکووکیش حەشارگەیەکی داعش دەستی بەسەرداگیرا.
پۆلیسی عێراقی بڵاویکردەوە، لە نزیك دەروازەی جەریشان و نزیک سنووری عێراق و کوەیت لە رێگەی بۆمی چێنراوهوه کاروانێکی گواستنەوەی هاوکاری لۆجستی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کراوەتە ئامانج، بەڵام تەنیا زیانی مادی هەبووە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت.
هەروەها کاروانی دوومی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکانی گواستنەوەی هاوکاری لۆجستی هاوپەیمانان لە یەکێك لە رێگە خێراکانی سنووری پارێزگای بابل کراوەتە ئامانج، بە هەمانشێوە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
لەلایەکی دیکەوە پۆلیسی فیدراڵی عێراق بڵاویکردەوە، کە حەشارگەیەکی چەکدارانی داعشیان لە ناوچەی "وادی ئەبو خەنازیر" لەناوبردووە، کە 27 گوللـە "ئار پی جی" و چەند پارچە چەکێکی تێدابووە.