به‌غدا.. ژماره‌یه‌ك تیرۆریست ده‌ستگیركران
دوو بۆمبی چێنراویش پوچه‌ڵكرانه‌وه

K24 - هه‌ولێر:
هێزه ئه‌منییه‌كانی به‌غدا به پاڵپشتی زانیاری ورد له ئاژانسی هه‌واڵگری و به هه‌ماهه‌نگی به‌شی هه‌واڵگری پۆلیسی فیدراڵی له به‌غدا توانیان ژماره‌یه‌ك تیرۆریست ده‌ستگیربكه‌ن و دوو بۆمبی چێنراویش پوچه‌ڵ بكه‌نه‌وه.
فه‌رمانگه‌ی ئه‌منی به‌غدا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری سه‌ر به فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی، 4 داواكراویان به پێی مادده‌ی (4)ی تیرۆر ده‌ستگیركرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش لیوای پێنجی پۆلیسی فیدراڵی تیرۆریستی پێنجه‌میان له ناوچه‌ی "ئهلماسكه"ی كه‌رخ ده‌ستگیركردووه.
عه‌مید "یه‌حیا ره‌سول"، گوته‌بێژی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له ئۆپه‌راسیۆنێكدا تونراوه 2 بۆمبی چێنراو پۆچه‌ڵ بكرێته‌وه، كه بۆمبه‌كان مووشه‌كی 155 ملیمه‌تری نه‌مساوی بوون و له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه له باشووری به‌غدا دانراوه‌ته‌وه.
گوتیشی: هه‌ر ئه‌مڕۆ پۆلیس كه‌سێكیان ده‌ستگیركردووه، كه تۆمه‌تباره به بازرگانیكردن له مادده‌ی هۆشبه‌ر و (500) گرام له مادده‌ی كریستاڵ و ده‌مانچه‌یه‌كی بێ مه‌ڵه‌تی پێگیراوه.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، هه‌ر له درێژه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌غدا، به تۆمه‌تی جیاواز له ناوچه‌ی كه‌رخ 19 تۆمه‌تبار ده‌ستگیركران، كه 11 ده‌مانچه و نارنجۆكێك و 98 فیشكه و بڕێك مادده‌ی هۆشبه‌ریش ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.

د.ی