تەرمی تێکۆشەری کورد دکتۆر "یوسف ئیبراهیم" لە پاریسەوە دەگەڕێندرێتەوە کوردستان
لە ساڵانی ھەفتاکانی سەدەی رابردوو لە پاریس نوێنەری شۆڕشی ئەیلوول بووە

K24 – ئهوروپا:
دوای ئەوەی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، تێکۆشەری دێرین د. یوسف ئیبراهیم، لە تەمەنی 85 ساڵیدا بە نەخۆشییەکی درێژخایەن کۆچی دوایی کرد، بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو بە رێوڕەسمێک تەرمەکەی بگەڕێندرێتەوە کوردستان.
د. عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بە کوردستان 24ی راگەیاند، "نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارە یاسایی و کارگێڕیەکانی تەواوکردووه و بە هاوکاری ئەنستیوتی کورد لە پاریس رێوڕەسمێکی شایستە بۆ دوا ماڵئاوایی لە تەرمی دکتۆر یوسف رێکدەخات و رۆژی سشەممە 27ی ئەیلوول تەرمەکەی دەگەڕێندرێتەوە کوردستان و بەخاک دەسپێردرێت".
هەروەها نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتی: "د. یوسف خەباتکارێکی ماندوونەناس و بەردەوامی دۆزی کورد و داکۆکیکاری مافی رەوای گەلی کورد بووە لە فەرەنسا، چالاکییەکانی بەرچاو بوون لە رووی دیپلۆماسی و لە رێی پەیوەندییە تایبەتیەکانی خۆیەوە هیچ کاتێک درێخی نەکردووە لە ناساندنی کێشەی گەلەکەی و خەباتکردن لە پێناویدا".
د. یوسف ئیبراهیم، ساڵی 1936 لە زوممار هاتۆتە دونیا، لە ساڵانی شەستی سەدەی رابردوو چووەتە فەرەنسا بۆ خوێندن، بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا لە زانکۆی مۆنپلیەر لە باشووری فەرەنسا بەدەستهێناوە، له حهفتاكانی سهدهی رابردووه بووەتە نوێنەری شۆڕشی ئەیلوول لە فەرەنسا، هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێکی فەرەنسیدا کردووە، ئەڤین تاکە منداڵی ژیان بووە و ئەویش یەکێک بووە لە پاڵەوانەکانی یاری شمشێر لەسەر ئاستی فەرەنسا، چەند ساڵێک لەمەوبەر هاوژین و کچەکەشی کۆچی دواییان کردووە.
راوێژکاری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لە فەرەنسا لە ساڵی 2001 تاکو 2009، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری پاریس لە 17ی ئەیلوول بە هۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە کۆچی دوایی کرد.