هۆشداری لە داڕمانی دارایی و ئابووری سلێمانی دەدرێت
بەدواداچوون بۆ دیارنەمانی پارەی بانکەکانی سلێمانی دەکرێت

K24 - هەولێر
داواكاری گشتی لیژنەیەكی بەدواداچوونی لەبارەی دیارنەمانی پارەی بانكەكان پێكھێناوە، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش ھۆشداری لە داڕمانی دارایی و ئابووری سلێمانی دەدات، لەسەر ئەو پرسە لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان بەڕێوەبەری بانكەكان بانگێشتی پەرلەمان دەكات و لەگەڵ وەزیری دارایش كۆدەبێتەوە، بۆ جێبەجێكردنی ئەو میكانیزمەی لە بانكەكانی ھەولێر جێبەجێدەكرێت لە سلێمانیش هەمان میكانیزم بگیرێتە بەر.
دیارنەمانی داهاتی سلێمانی و نەبوونی پارە لە بانکەکان، گرفتی بۆ فەرمانبەر و خانەنشینان دروستکردووە، وەزیری دارایی بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی كۆبووەتەوە و بەڵێنیان پێداوە كێشەكە چارەسەر بكرێت، بەڵام لە جاران خراپترە. ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمان ھۆشداری لە داڕمانی دارایی سلێمانی دەدات و دەڵێت: كاریگەری لەسەر ھەموو پارێزگاكان دەبێت.
لیزا كاكەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "سەردانی وەزیری دارایی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان لە سلێمانی گەواهیدەری ئەو راستییەن کە ئەو کێشانەی هەن سەرەتا سیاسین، دواتر دارایی، ئێمە پێمان باشە ئەو دیدارانە هەبن بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخەی سلێمانی، چونکە ئەگەر بەردەوام بێت کاریگەری دەبێت بۆسەر پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان".
گوتیشی: "بە بڕوای من ئەگەر ئەو دۆخەی سلێمانی بەمشێوەی ئێستا بەردوام بێت نزیکە لە داڕوخانی ئابووری، ئەمەش دەبێتە بەربەستێکی گەورە و کاریگەری بۆ سەر هەموو هەرێمی کوردستان دەبێت".
بریارە دوای جەژن بەڕێوەبەری بانكەكان بانگێشتی پەرلەمان بكرێن و گفتوگۆ لەبارەی چارەسەری كێشەی دیارنەمانی پارەی بانكەكان و شێوازی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان بكرێت، دواتر كێشەكە دەبرێتە لای وەزیری دارایی، بۆ ئەوەی ئەو میكانیزمەی لە ھەولێر جێبەجێدەكرێت لە سلێمانیش جێبەجێ بكرێت.
ھیمداد سەباح، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ: "بڕیارمانداوە بە زووترین کات بەڕێوەبەری بانکەکان بانگێشتی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمان بکەین، دواتریش لەگەڵ وەزیری دارایی کۆببینەوە، بۆ ئەوەی لە هەولێر چۆن مووچەی خانەنشینان دابەش دەکرێت، لە سلێمانیش هەمان میکانیزم بگیرێتەبەر".
لەسەر كێشەی دیارنەمانی پارەی بانكەكان و دەست بەسەرداگرتنی لەلایەن یەكێتیەوە، داواكاری گشتی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكھێناوە، بڕیارە لیژنەکە بەدواداچوون بكات و دواتر سكاڵا لەسەر ئەو كەس و لایەنانەی تۆمەتبارن بجوڵێنرێت، بەپێی بە دواداچوونێكی ئەندامێكی لیژنەی دەسپاكی پەرلەمانیش، رۆژانە داھاتی كۆكراوە دەچێتە بانكەكان لە كۆتایی ھەفتە یەكێتی لە رێگەی ئۆتۆمبێلی تایبەتەوە پارەی بانكەكان دەبات.