به‌هۆی وشكبوونی رووباره‌كان یه‌كه‌مین حاڵه‌تی كۆچكردن له گوندێكی عێراقی تۆماركرا
"له‌هه‌ندێ ناوچه‌ی عێراق ئاوی خواردنه‌وه چنگ ناكه‌وێ"

K24- هه‌ولێر:
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌ندامێكی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌هۆی وشكبوونی رووباره‌كان و كه‌مبارانی، یه‌كه‌مین حاڵه‌تی كۆچكردن له گوندێكی سه‌ر به پارێزگای دیاله تۆماركرا.
فورات ته‌میمی، ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران یه‌كه‌مین حاڵه‌تی كۆچكردنی هاووڵاتیانی عێراقی له پارێزگای دیاله‌ی به‌هۆی وشكبوونی رووباره‌كان راگه‌یاند.
ته‌میمی راشیگه‌یاند، به‌هۆی وشكبوونی گونده‌كانی نزیك قه‌زای "به‌له‌دڕوز"ـی سه‌ر به پارێزگای دیاله و ته‌نانه‌ت نه‌بوونی ئاوی خواردنه‌وه، چه‌ندین خێزان ناوچه‌كانی خۆیان جێهێشت.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق روونیكرده‌وه، كێشه‌ی قه‌زای "به‌له‌دڕوز" ته‌نیا به جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی رووباری "خرێسان" چاره‌سه‌ر ده‌بێت، پێشتریش هۆشداری ئه‌وه درا كه ئاوی هه‌ردوو رووباری دیجله و فوارت به رێژه‌ی %73 كه‌میكردووه و پێویستی به‌وه ده‌كات له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران گفتوگۆ بكرێت، به پێچه‌وانه‌وه ره‌وشه‌كه به‌ره‌و خراپتر ده‌چێت.
له‌مباره‌یه‌وه سامی دیماس، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند، كه‌می بارانبارین له عێراق بووه‌ته هۆكاری دابه‌زینی ئاستی ئاوی هه‌ردوو رووباری دیجله و فورات.
دیماس راشیگه‌یاند، پله‌كانی گه‌رما له عێراق 7 هێنده به‌رز بووه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها نه‌بوونی هاوسه‌نگی رێژه‌ی دانیشتوان، كاریگه‌ری كردووه‌ته سه‌ر ئاستی به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵ.
جینین پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق داوا له به‌رپرسانی عێراق ده‌كات له‌گه‌ڵ دراوسێكانیان گفتوگۆی ئامانجدار له‌باره‌ی پرسی ئاوه‌وه ئه‌نجام بده‌ن.