پەرلەمانتارێکی گۆڕان بۆ کوردستان24: داهاتی مەرزی پەروێزخان %75ی بۆ چەند کەسێکە و %25ی بۆ حکومەتە
ھێزەکانی کۆماندۆ: لە پەروێزخان پاسەوانەکانی پەرلەمانتارێک و ئەندامێکی پارێزگای سلێمانی میلی چەکیان بەڕووی هێزەکەمان هێنابوویەوە

K24 - هەولێر
دوێنێ لە کاتی گەڕانەوەی پەرلەمانتارێک و ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانن، لە مەرزی پەروێزخان، گرژی لە نێوان هێزێکی کۆماندۆی کوردستان و ئەوان دروستبووە، لەسەر رووداوەکە هێزەکانی کۆماندۆ دەڵێن، ئامانجی ئەوان کاری گێرەشێوێنی بووە، پەرلەمانتارەکەی گۆڕانیش بڕیاریداوە سکاڵا تۆماربکات.
رزگار محەمەد ناسراو بە (رزگار شەهید حەمە نەگڕەیی) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ سێشەممە (13ی ئەیلوولی 2022) بە کوردستان24ی راگەیاند، دوێنێ وەک تیمێک لەگەڵ کەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ژمارەیەک بەرپرس و کارمەندی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، سەردانی مەرزی پەروێزخانیان کردووە بۆ بەدواداچوونی پرسی داهاتی وێستگەکانی کێش لە سنوورەکەدا.
گوتی "بەگوێرەی بەدواداچوونەکانمان، داهاتی وێستگەکانی کێش لە مەرزی پەروێزخان %75ی بۆ چەند کەسێکە و %25ی بۆ حکومەت دەبێت، کە ئەوەش رێگەیەکە بۆ بەهەدەردانی داهاتی گشتیی، دوای تەواوبوونی بەدواداچوونەکان و گەڕانەوەمان لەنزیک مەرزەکە، بە رێگەیەکدا گەڕاینەوە کە وا باسدەکرێت کاری نایاسایی تێدا کراوە و لەوێ تووشی هێزێکی ئەمنی نەناسراو بووین و ئاڵۆزی لە نێوانماندا دروستبوو".
رووداوێک و دوو گێڕانەوەی جیاواز
لەسەر رووداوەکە، ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "ئێوارەی دوێنی هەریەکە لە رزگار محەمەد ئهندامی پهرلهمانی كوردستان و كهریم عهلی ئهندامی ئهنجومهنی پارێزگای سلێمانی بەبێ هیچ نووسراوێکی فەرمی حکومەت و پەرلەمان و بەبێ رەزامەندی بەڕێوبەرایەتی مەرزی پەروێزخان ڕۆشتبوونە نێو مەرزەکە، لەکاتی گەڕانەوەیان بە بازگەیەکی هێزەکەمان لە نزیک مەرزی پەروێزخان تێپەڕیبوون کە ئەو رێگایە پێشتر کاری قاچاخی تێدا دەکرا، لەلایەن کۆمەڵێک بەرپرسی حکومی و حزبیەوە. دواتر لەلایەن کارمەندانی بازگەکەوە بەوپەڕی ڕێزەوە داوای خۆناساندن لە هەردوو ناوبراو کرا، لە وەڵامدا رزگار محەمەد بەکارمەندانی بازگەکەی ڕاگەیاندبوو، کە ئەو پەرلەمانتارە و حەسانەی هەیە و هیچ کەسێک بۆی نییە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات و پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکات، لەکاتێکدا کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ لە چەک و جام تاریکبوون ئەمیش لەخۆیدا پێچەوانەی یاسایە، لەکاتی ئەم گفتوگۆیانەدا پاسەوانەکانی هەردوو ناوبراو بەچەکەوە دابەزیبوون و بەچوار دەوری بازگەکە بڵاوەیان کردبوو و میلی چەکیان بەڕووی هێزەکەمان هێنابویەوە! دواتر لەلایەن بەرپرسی بازگەکە کێشەکە چارەسەرکرا و میوانداری ئەو دوو بەڕێزەو پاسەوانەکانیان کرا و هەر لەوێ و کۆتایی بەکێشەکە هێنرا".
هێزەکانی کۆماندۆ لە راگەیەندراوەکەیاندا باسیان لەوەکردووە، کە ئەو دوو ئەندامەی بزووتنەوەی گۆڕان، لە کاتی گەڕانەوەیاندا هەڵوێستیان گۆڕاوە و لەڕێگەی کەناڵ و دەزگاکانی راگەیاندن کۆمەڵێک قسەی ناڕاست و تۆمەتیان بۆ هێزەکەمان هەڵبەست لەکاتێکدا ئەو دوو بەرپرسە خۆیان و پاسەوانەکانیان بەشێوەیەکی نایاسایی سەردانی مەرزەکەیان کردبوو.
بەگوتەی هێزەکانی کۆماندۆ ئەو دوو ئەندامەی بزووتنەوەی گۆڕان "ئامانجیان روونە کە بۆ کاری گێرەشێوێنی بووە، ئەگەر ئەوان هیچ شتێک لەخۆیان شک نابەن بۆ ڕێگەیان بەکارمەندانی بازگەکە نەدابوو پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەیان بکرێت؟ هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لەسەر راسپاردەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (قوباد تاڵەبانی) لەو بازگەیە جێگیرکراون بۆ بنبڕکردنی کاری قاچاخ و نایاسایی، بۆیە هەر کەسێک و ھەر لایەنێک بەو بازگەیەدا تێپەڕ بێت، دەبێت پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکرێت، لامان سەیرە ئەو دوو بەرپرسە کارەکانیان پێچەوانەی یاسا بووە و باسی یاسا دەکەن ئەمەشیان کرد کەمپینێک بۆ دەرکەوتن و ناساندنی خۆیان".
بەڵام رزگار محەمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، رەتیدەکاتەوە بۆ کاری نایاسایی و گێرەشێوێنی چووبێتنە مەرزی پەروێزخان و بە کورستان24ی گوت "ئێمە کاتێک چووینە بازگەکە، بەهۆی ئەوەی هیچ لۆگۆ و ناونیشانێکیان نەبوو، نەمانزانی ئەو هێزە کێن، کاتێک داوایانکرد خۆمان بناسێنین بەگوێرەی یاسا، ناسنامەکەم نیشاندا کە ئەندامی پەرلەمانی کوردستانم و پارێزبەندیم هەیە و دەتوانم سەردانی دامەزراوەی ناوچە جیاوازەکان بکەم، بەڵام ئەوان ویستیان کێشە دروستبکەن، وەڵامدانەوەشمان بەرامبەر ئەو هێزە بۆ پاراستنی شکۆی پەرلەمان و دامەزراوە یاساییەکان بووە".
پەلەمانتارەکەی گۆڕان بڕیاریداوە لە چەند رۆژی داهاتوودا، رێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە، سکاڵای یاسایی لەسەر هێزەکە تۆماربکات و ئەوەش رەتدەکاتەوە کە ئۆتۆمبیلی جامڕەشیان پێبووبێت و دەڵێت "جگە لە ئۆتۆمبیلی تایبەتی خۆمان، تیمێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەمان لەگەڵدا بووە، بەڵام من سکاڵا تۆماردەکەم و دەبێت لەبەردەم دادوەردا، ئەوە بسەلمێنن کە ئێمە کاری نایاساییمان کردووە و ئۆتۆمبیلی جامڕەشمان بەکارهێناوە، ئێمە بۆ جێبەجێکردنی یاسا و بەدواداچوون چووبووینە ئەوێ نەک ئەوەی ئەو هێزە باسی دەکات، ئێمە داوادەکەین تۆماری ڤیدیۆی کامێراکانی بازگەکە ببرێتە بەردەم دادوەر".
رزگار محەمەد، داواشی لە سەرۆکی یەکێتی و جێگیری سەرۆکی حکومەت کرد "لەبری دانانی هێزی کۆماندۆ و تایبەت لە خاڵە سنوورییەکان و ناوچە جیاوازەکان بەناوی چاکسازییەوە، کاربکەن بۆ سەروەربوونی دادگاکان و جێبەجێکردنی یاسا لەلایەن دادوەرەکانەوە، ئەوکاتە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دەتوانن بەگوێرەی ئەو فەرمانەی دادگا بۆیان دەنێرێت مامەڵە بکەن".