عەلی حوسێن: پێگەی جەماوەریی یەکێتی وەک جاران نەماوە
"پێداگری یەکێتی لەسەر هەندێک ماف کە ئیستحقاقی خۆیان نییە لە هەڵبژاردن هۆکار بووە بۆ لێکترازان"

K24 - هەولێر
عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت: پێگەی جەماوەریی یەکێتی وەک جاران نەماوە و پێداگری یەکێتی لەسەر هەندێک ماف کە ئیستحقاقی زۆیان نییە لە هەڵبژاردن هۆکار بووە بۆ لێکترازان.
لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستا24، عەلی حوسێن گوتی: "مادام ئێمە بڕوامان بە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی هەیە، دەبێ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن قبووڵ بکەین و خوێندنەوەمان بۆ یەکتر هەبێت، پارتی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان حزبی یەکەمە، بەڵام پارتی وەکو حزبی یەکەم مامەڵەی نەکردووە لە حوکمڕانی، بۆیە دەبێت لایەنە سیاسییەکان ئەو خوێندنەوەیان هەبێت، لەبەرچاوگرتنی دۆخەکە لەلایەن پارتییەوە مانای ئەوە نییە کە لایەنەکانی هاوپەیمان خوێندنەوەیان نەبێت بۆ ئەو متمانەی خەڵک بە پارتی داوە".
گوتیشی: "ئێمە هەندێک جار گرفتمان بۆ دروست دەبێت، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەکان، سەردەمانێک ئێمە و یەکێتی پێگەمان لە یەکتر نزیکبووە، بەڵام یەکێتی حزبی لێ جیابووەتەوە، پێگەی یەکێتی لە رووی جەماوەرییەوە وەک جاران هێزی نەماوە، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی لە هەرێم و بەغداش مامەڵەی لەگەڵ یەکێتی کردووە، پێشتر رێککەوتنی ستراتیژی لەنێوان پارتی و یەکێتی هەبوو، جگە لەوە پەیوەندی باش لەنێوان سەرۆک بارزانی و رەوانشاد مام جەلال هەبوو، رەچاوی زۆر بابەت دەکرا زۆر لە چەند کورسییەک گەورەتر بوو".
سەبارەت بە پەیوەنییەکانی ئێستای نێوان پارتی و یەکێتی، عەلی حوسێن دەڵێت: "پارتی ئامادەبووە وەک جاران مامەڵە لەگەڵ یەکێتی بکات، بەڵام رێککەوتنی ستراتیژی لەنێوانمان نەماوە و کۆمەڵێک گۆڕانکاری بەسەر پەیوەندییەکانماندا هاتووە، پێویستە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانمان بکەین".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی، پێداگری یەکێتی لەسەر هەندێک پۆست و ئیستحقاق، بە هۆکاری لێکترازان دەزانێت و دەڵێت: "کۆمەڵێک هۆکار هەن بۆ لێکترازان، پێداگری یەکێتی لەسەر هەندێک ماف کە ئیستحقاقی هەڵبژاردن نییە و ئەوان دەگەڕانەوە بۆ رێککەوتنی سەردەمی مام جەلال و سەرۆک بارزانی، لەکاتێکدا هەر خۆشیان دژی ئەوەبوون ئەو رێککەوتنە بەردەوام بێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی یەکنەگرتووی سەرکردایەتی یەکێتی، پارتی نەیتوانیوە پێداچوونەوە بە رێککەوتنی نێوانیان بکەن.
لەبارەی پشکی کورد لە پۆستەکانی عێراق، عەلی حوسێن گوتی: "ئەگەر بەپێی خاڵ بێت یەکێتی سەرۆککۆماری وەرگرتووە و تەواو دەبێت پۆستی وەزارەتەکانی دیکە بۆ پارتی بێت، بەڵام ئێمە زۆرجار دۆخەکەمان لەبەرچاو گرتووە".