دەستپێشخەرییەک بۆ گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت

K24 – هەولێر:

وابڕیارە یەکشەممەی داهاتوو، تیمێکی ئەنجوومەنی وەزیران بە ئەندامییەتی پشتیوان سادق، دانا عەبدولکەریم و عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، سەردانی قوباد تاڵەبانی بکەن، ئامانجی تیمەکە گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاری یەکێتییە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (13ـی نیسانی/ئێپڕێڵی 2023)، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، رایگەیاند، کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک ریز و یەکگرتووبێت لە بەرژەوەندی هەموو لایەکە، لە کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیران ئەم پێشنیازە کرا، سەرۆکوەزیرانیش پەسەندیکرد.

بە بڕوای بورهان شێخ رەئوف، کادیری پێشکەوتووی یەکێتی، گفتوگۆ باشترین رێگەیە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان و بە پێویستی زانی لەزووترین کاتدا ئەم ناکۆکییە کۆتایی پێبێت، چونکە ناکۆکی و ململانێی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا نییە.

لە کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و ئانفالکراوان، پێشنیازی سەردانیکردن بۆ لای تیمی یەکێتی بۆ سەرۆکوەزیران دەکات، سەرۆکوەزیرانیش پێشنیازەکە قبوڵدەکات و رەزامەندی دەدات بۆ سەردانیکردنی تیمێکی وەزاری بۆ لای قوباد تاڵەبانی، بۆ گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.

 

Fly Erbil Advertisment