نوێترین ئاماری دانیشتووانی ئیسرائیل راگەیەندرا

K24 - هەولێر:
تێکڕای ژمارەی دانیشتووانی لە ئیسرائیل گەیشتە نۆ ملیۆن و 700 هەزار کەس، لەوانەش دوو ملیۆن و 48 هەزار کەس عەرەبن.
نووسینگەی ئاماری ئیسرائیل، راگەیەندراوێکی سەبارەت بە دوایین داتای ژمارەی دانیشتووان خستەڕوو.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ژمارەی جوولەکەکان کە زۆرینەی دانیشتوانی ئیسرائیل پێکدەهێنن، حەوت ملیۆن و 145 هەزارە.
تێکڕای ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە گەیشتووەتە نۆ ملیۆن و 700 هەزار کەس، لەوانەش دوو ملیۆن و 48 هەزاری عەرەبن و 535 هەزاریشی مەسیحی ناعەرەبن.
دوایین داتای ژمارەی دانیشتوانی ئیسرائیل، رۆژێک پێش رۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکە بڵاوکرایەوە کە 75مین ساڵەیەتی.
هەر بەپێی داتاکانی نووسینگەی ئاماری ئیسرائیل لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، ژمارەی دانیشتوانی ئیسرائیل بە رێژەی سەدا 2.3 واتا 216 هەزار زیادی کردووە.
یاساکانی ئیسرائیل، تەنیا رێگە بە جوولەکەکان دەدەن کۆچ بکەن بۆ ئیسرائیل.
بەپێی ئامارە فەڕمییەکان لە ساڵی 1948ەوە کە ئیسرائیل دامەزراوە تا ئێستا، سێ ملیۆن و 300 هەزار کەس کۆچیان بۆ ئەو وڵاتە کردووە.
چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی ئیسرائیل لە ساڵی 2030 بگاتە 11 ملیۆن و 100 هەزار کەس و لە ساڵی 2040دا، بگاتە 13 ملیۆن و 200 هەزار کەس، هەروەها ساڵی 2048 بگاتە 15 ملیۆن و 200 هەزار کەس.