ئەردۆغان: ئۆپەراسیۆنەکانمان لە دەرەوەی سنوور کۆتاییان پێ نەھاتووە

K24 - هەولێر:
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سوپا لە دەرەوەی سنووری وڵاتەکەی رایگەیاند،"ئۆپەراسیۆنەکانمان لە دەرەوەی سنوور کۆتاییان پێ نەھاتووە تەنھا چاوەڕێی کاتی گونجاو دەکەین".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەشداری لە پەخشی راستەوخۆی کەناڵی TVNETی وڵاتەکەی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی رۆژەڤی دایەوە.
ئەردۆغان لەمیانی وتەکانیدا گوتی: "لە پەکەکەوە تا فەتۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکانیش پشتیان بەو ھیوایە بەستووە کە بای بای کەمال و یاوەرەکانی بۆ 14ی ئایار پێیانیان داوە".
ئەردۆغان لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی 14ی ئایار رایگەیاند: "ھەڵبژاردنەکانی 14ی ئایار، لە نێوان ھاوپەیمانی جمھوور کە خاکی و نەتەوەییە، لەگەڵ مێزی ھاوپەیمانی و ئاژاوە (ئۆپۆزسیۆن) بەڕێوەدەچێت".
ئەردۆغان ھەر لەمبارەیەوە گوتیشی: "ھەڵبژاردنەکانی 14ی ئایار دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی. 14ی ئایار کە تێیدا دەستپێشخەری نوێ دەکەین، وەک لەدایکبوونی سەدەی تورکیا دەبینین. 14ی ئایار، لە نێوان ئەوانەی کە تیرۆریستان لە قوڵاییەکانیانەوە لەناودەبەن، لەگەڵ ئەوانەی کە شان بە شان لەگەڵ تیرۆریستان رێدەکەن، تێدەپەڕێت".
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: "بەڵێنی رادەستکردنی تورکیایان بە رۆژئاوا داوە. بەمەبەستی وەرگرتنی ئافەرینێک لە رۆژئاوا، لێدوانی 'پەیوەندییەکان لەگەڵ رۆژئاوا لەپێشینە دەبێت' یان بە کەناڵی بی بی سی داوە".
ئەردۆغان راشیگەیاند: "ئەمانە ھەموویان لە قەندیل گردبوونەوە. لەوێوە قسان دەکەن، بەڵام قەندیلیش بەسەر ئەمانەدا دەڕوخێنین، ئەم رۆژانەش نزیکن".
ئەو، رەخنەی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەھەپە گرت و گوتی: "تاکو ئەمڕۆ وتەی 'پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستییە' لە دەمی ئەمانەمان نەبیست. بای بای کەمال دەی وەرە بڵێ 'پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆرۆیستییە'. بۆچی ناتوانی بیڵێیت".
ئەردۆغان لەبارەی بردنەوەی ھەڵبژاردن گوتی: "ھەڵبژاردن بە گەل لەسەر سندووق دەبردرێتەوە، نەک بە سوپایەک لە کەسانی ئاراستەکراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. سوپای ئاراستەکراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کار بۆ بای بای کەمال دەکات، پارەیەکی زۆریش دەدەن. ئەمانە گوایە مێشکی گەل تێکدەدەن".
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە دەرھێنانی سامانی سرووشتی لە وڵاتەکەی کرد و گوتی: "گازی سرووشتی دەریای رەش و (نەوتی) گابار، ئەم دوو ھەنگاوە گرنگە ئێمە بە مانای جددی ئاسوودە دەکات".
ئەردۆغان دواجار لەبارەی بنیاتنانەوەی ناوچەی بوومەلەرزە رایگەیاند: "ژمارەی ئەو نشینگانەی کە دەستمان بە بنیاتنانیان کردووە گەیشتە 125 ھەزار، ژمارەی ئەو نشینگانەی کە دەست بە لێدانی بناغەیان کراوە گەیشتە 59 ھەزار".