لە کەرکووک کچێک بەتۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەری سكاڵا لەسەر سێ برای تۆماردەکات

K24 – کەرکووک:
لەگەڕەکی ئازادیی شاری کەرکووک، کچێک سکاڵای لەسەر سێ برای خۆی تۆمارکردووە بەتۆمەتی ئەوەی دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەری و پۆلیسی ئەو شارەش لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە و یەکێک لە براکانی دەستگیرکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک بەدەستی کەوتووە، دوو رۆژ پێش ئێستا کچێک بەتۆمەتی ئەوەی براکانی دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەری سکاڵای تۆمارکردووە و لەدوای وەرگرتنی گوتەی کچەکە تواندراوە یەکێک لە براکانی دەستگیربکرێت و فەرمانی گرتن بۆ دوو براکەی دیکەشی دەرچووە.
سەرچاوەکەی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوەکردووە، لە سکاڵاکەیدا کچەکە ئاماژەی بەوەکردووە، براکانی ئالودەی ماددەی هۆشبەربوونە و چەند جارێک دەستدرێژیان کردووەتە سەری.
هەر بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، یەکێک لە براکانی ئەو کچە کە دەستگیرکراوە رەتیکردووەتەوە دەسترێژی سێکسی کردبێتە سەر خوشکەکەی، بەڵام لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بەردەوامە و پشکنین بۆ کچەکە کراوە و نێردراوە بۆ تاقیگەکانی پزیشکی دادی و چاوەڕێی ئەنجامی پشکنییەنەکان دەکەن بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی ئەو دۆسیەیە تەواوبکەن و رەوانەی دادگای بکەن.