کاریکاتێرەکانی هونەرمەنێکی کورد لە رۆمانیا و هیندستان نمایشکران

K24 - هەولێر:

بەشێك لە کارەکانی هونەرمەندی کاریکاتێریست، هەندرێن خۆشناو لە هەردوو وڵاتی رۆمانیا و هیندستان نمایشکران.

هونەرمەندی کاریکاتێریست، هەندرێن خۆشناو دوای بەشداربوون لە چەند پێشانگایەکی جیهانی بۆ هونەری کاریکاتێر و بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی جیاواز لە چوارچێوەی بەشداربوون لە فێستیڤاڵە بیانییەکان، لە چەند رۆژی رابردوودا، لە دوو فێستیڤاڵی جیاوازدا لە رۆمانیا و هیندستان بەشداری کرد و توانی بە کاریکاتێرەکانی ببێتە جێی سەرنجی شارەزایانی ئەو بوارە و بەشێک لە کارەکانیشی چوونەتە سەر پەڕەی رۆژنامە و دەزگا میدیاییەکان.

.
کارێکی هونەرمەند هەندرێن خۆشناو

هەندرێن خۆشناو لەو بارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە رۆژی جیهانی کرێکاران، رێکخراوی فاراوەنی کاریکاتێریی و بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی پیشەسازی ئیتاڵیا، فێستڤاڵێکی کاریکاتێرییان سازدا، بەناونیشانی (سەلامەتی لە کارکردندا) وەک پشتگیرییەک بۆ کرێکارەکان و، ئەویش بە چەند بەرهەمێکی خۆی بەشداربووە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەم بۆنەیەدا 384 هونەرمەند لە 61 وڵاتەوە، بە 703 کاریکاتێر بەشداربوون.

کارێکی هونەرمەند هەندرێن خۆشناو
کارێکی هونەرمەند هەندرێن خۆشناو

ئەو هونەرمەندە گوتیشی: هەر لەم مانگەدا هونەرمەند هۆریا کریسان سەرۆکی رێکخراوی هیومۆدێڤا کاریکاتێری لە رۆمانیا، ئیمەیڵێکی بۆ ناردم بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی ساڵانەی کاریکاتێری رێکخراوە نێودەوڵەتیەکە، کە ئەمە 16ـەمین ساڵە رێکیدەخەن، بۆ بژارکردنی جوانترین کاریکاتێری ئەمساڵی هونەرمەندانی جیهان، لە کارەکانی منیش حەوت کاریکاتێریان بژارکرد بۆ ئەرشیفکردن و نمایشکردنی لە فێستیڤاڵەکە و لە ماڵپەڕی رێکخراوەکە.

باسی لەوەشکرد، ئەمە یەکەم جار نییە، کە لەم فێستیڤاڵە بەشداری دەکات، بەڵکو ساڵانی پێشووش کارەکای بژارکراوە بۆ پێشانگاکە، کە بەبۆنەی رۆژی جیهانی کارتۆنیستانەوە، فێستیڤاڵی پۆنای نێودەوڵەتی کاریکاتێریی لە وڵاتی هیندستان لەلایەن کۆمەڵەی کارتۆنیستان و ڤۆڤا سامباد ساماجیب لە گالەریی بالگاندهارڤا رێکخرا، لەم بۆنەیەدا زیاتر لە 250 هونەرمەند 800 بەرهەمی خۆیان ناردبوو، بەڵام تەنیا 260 کارتۆن قبوڵکران و نمایشکران.

کارێکی هونەرمەند هەندرێن خۆشناو
کارێکی هونەرمەند هەندرێن خۆشناو

هەندرێن خۆشناو راشیگەیاند، فێستیڤاڵەکە سێ رۆژی خایاند و، چەندین چالاکی تێدا نمایشکرا، وەکو پیشاندانی فیلمی کارتۆنی و کۆڕ و سیمینار و کردنەوەی مۆزەخانەیەک بۆ هونەری کاریکاتێر، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی ماهاراشاترا (راجساهێب کاتری) بەخۆی فێستیڤاڵەکەی کردەوە، کە لەهەمان کاتدا بەخۆشی هونەرمەندێکی کارتۆنیست بووە، هاوکات لە ڕۆمانیاش بەشداربووم لە پێشانگایەکی هاوبەشی نێودەوڵەتی کە تایبەت بوو بە نووسەری شانۆیی و شاعیر و رۆژنامەنووس (ئیۆن لوکا کاراگیالێ) (1852-1912)، لە رێکخستنی یەکێتی ڕۆژنامەنووسانی پڕۆفیشناڵی ڕۆمانیا بوو، کە 140 هونەرمەند لە 45 وڵاتەوە بەشداربوون، کە چەندین ساڵە ئەم جۆرە پێشانگانە بۆ کەسایەتی و نووسەران و هونەرمەندانی ڕۆمانیا سازدەکرێت، و کارەکان لە کتێب و کەتەلۆگ چاپ دەکرێن، کە لە ساڵی 2002 تاوەکو ئێستا 15 پێشانگای پۆرترێت و کاریکاتێری بۆ کراوەتەوە.

هونەرمەند هەندرێن خۆشناو
هونەرمەند هەندرێن خۆشناو
Fly Erbil Advertisment