دووەمین پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەروەردە و فێرکردن لە هەولێر دەکرێتەوە

K24 - هەولێر
بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ سێشەممە 25/7/2023، لە سەنتەری پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر، دووەمین پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەروەردە و فێرکردن دەکرێتەوە، هاوکات یەکەمین کۆڕبەندی پەروەدەییش بەڕێوەدەچێت.
حەسەن سامی بەڕێوەبەری کارگێڕی سەنتەری پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند، دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەروەردە و فێرکردن بە بەشداری 120 دامەزراوە و ناوەندی پەروەردە و فێرکردن دەکرێتەوە، کە قوتابخانە، پەیمانگە و زانکۆ لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت لەخۆ دەگرێت، لە نێویاندا بەشێک لە زانکۆکان لە 11 وڵاتەوە بەشداری پێشانگەکە دەبن، کە بە ئامانجی رەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ خوێندن و فێربوون لەنێوان ناوەندەکاندا.
حەسەن سامی ئاماژەشیدا، هاوکات لەگەڵ دووەمین پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکەم کۆڕبەندی پەروەردەیی لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت، کە ئامانج لێی پاڵپشتی کردن و پەرەپێدانی زیاترە بە کەرتی پەروەردەیی و فێرکردن.
پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەروەردە و فێرکردن لە ئەمڕۆوە تاکو 27ی تەممووز بەردەوام دەبێت.