لاهور شێخ جەنگی: هیچ لێدوانێکی فەرمیم لەبارەی بەشداری لە هەڵبژاردن نەداوە

K24 – هەولێر:
نووسینگەی رۆژنامەوانی لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، تا ئێستا هیچ لێدوانێکی رەسمی نەدراوە لە بارەی بەشداریکردن یان نەکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستان.
رۆژی سێشەممە (1ـی ئابی 2023)، نووسینگەی رۆژنامەوانی لاهور شێخ جەنگی لە روونکردنەوەیەدا ئاماژەی بەوەکردووە، دەرباری بڕیاری بەشداریکردن یان بەشدارینەکردنی لاهور شێخ جەنگی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان، تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی نەدراوە.
لە روونکردنەوەکەدا باسی لەوەشکراوە، هەر بڕیارێک هەبێت دەربارەی ئەو پرسە، بە فەرمی هەمووانی لێئاگادار دەکرێتەوە و جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە، هەر لێدوانێک لەو بارەیەوە درابێت، گوزارشت لە رای کەسی دەکات و پەیوەندی بە بڕیاری لاهور شێخ جەنگییەوە نییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (10ـی تەمموزی 2023)، لاهور شێخ جەنگی لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، دانەبڕاوە لە پرۆسەی سیاسی و لە چاوەڕوانی دەرفەتێکدا بوو بۆ دەستپێکردنەوەی جووڵەی سیاسی و ئاشکراشیکرد، نیاز و پرۆژەی ئەو گەورەترە لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.
پێشتریش لاهور شێخ جەنگی، پڕۆژەیەکی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئامادەکردووە و داوای لە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە پێکەوە بە لیستێکی هاوبەش بەشداری لەو هەڵبژاردنە بکەن لەو پارێزگایانەی کورد بەشێکە لە پێکهاتەکانی، بەڵام ئەو پرۆژەیە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە بە فەرمی هیچ وەڵامدانەوەیەکی نەبوو.
لەلایەن خۆیەوە، رۆژی یەکشەممە (25ـی حوزەیرانی 2023)، ژینۆ محەممەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی کە بە بڕیارێکی حزبەکەی لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و کەسێکی نزیکی لاهور شێخ جەنگییە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەماوەی رابردوودا بە یاوەری لاهور شێخ جەنگی سەردانی هەر یەکە لە گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵیان کردووە و پڕۆژەیەکیان پێشکەشکردوون، "ئەگەر لایەنەکان پڕۆژەکە قبووڵ بکەن، ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی گەلی کورددا دەبێت".
وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت و بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، 20 هاوپەیمانی نوێ و 10 هاوپەیمانی پێشووتر ئامادەییان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نیشانداوە.