پارێزگاری هەولێر: هەڵمەتی کۆکردنەوەی دەرمانی بەکارنەهاتوو لە دەرگای هەموو ماڵێک دەدات

K24 - هەولێر
پارێزگاری هەولێر پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ هەڵمەتی وەزارەتی تەندروستی بۆ لەناوبردنی دەرمانی بەکارنەهاتوو رادەگەیەنێت و دەڵێت، هەموو کەسێک دەتوانێت بەشداری لە هەڵمەتەکەدا بکات و ئاسانکاریی تەواو بۆ هاووڵاتییان دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی ئابی 2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی هەڵمەتێکی وەزارەتی تەندروستی بۆ لەناوبردنی دەرمانی بەکارنەهاتوو یان ماوەبەسەرچوو، رایگەیاند، "وەکو پارێزگای هەولێر، وێڕای پشتیوانیکردن لە هەڵمەتەکەی وەزارەتی تەندروستی، پشتیوانی تەواوی خۆشمان بۆ کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر رادەگەیەنین و دەستخۆشی لە هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە بەشداریان لەم هەڵمەتەدا کردووە".
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، "لە هەڵمەتەکەدا ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان دەکرێت، یانی شتێک نییە هاووڵاتیی نەتوانێت تێیدا بەشداربێت. هەموومان دەتوانین بە ئاسانترین رێگە تێیدا بەشداربین".
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو ئۆتۆمبێلانەی رۆژانە لە کۆڵان و گەڕەکەکان پاشماوە و زبڵ کۆدەکەنەوە؛ جێگەیەکی تایبەتیان تێدا دیاریکراوە. هاووڵاتی تەنها زەحمەتی ئەوە دەکێشێت، ئەو دەرمانە بەسەرچووەی لە ماڵەکەیدا هەیە یان بەکارنەهاتووە و پێویستی پێ نەمایە، نەخاتە نێو سەلەی زبڵەکەیەوە، بەڵکوو لە نێو عەلاگەیەک دایبنێت و رادەستی ژینگەپارێزان بکات. واتا هەڵمەتەکە لە دەرگای هەموو ماڵێک دەدات، نە لە کاتت دەگرێت و نە تێچوویشی نییە".
لە بنکە تەندروستییەکانیش، وەکو ئەوەی پارێزگای هەولێر ئاماژەی پێ دا، "شوێنی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی دەرمانی ماوەبەسەرچوو یان بەکارنەهاتوو دیاریکراوە؛ پێش ئەوەی هاووڵاتی سەردانی بنکەیەکی تەندروستی بکات، باشتر وایە ئەو جۆرە دەرمانانە بخاتە نێو عەلاگەیەکدا و لە نێو ئەو شوێنە تایبەتانەدا دایبنێت. دواتر کۆدەکرێتەوە و لە کوشتارگەی هەولێر لەناودەبرێت، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی هەبێت".
وەکو ئەوەی ئومێد خۆشناو باسی کرد، لە ڕووی زانستییەوە سەلمێندراوە، "پاشماوەی دەرمان، پاشماوەی نەخۆشخانەکان، جەستەی مرۆڤ دوای نەشتەرگەرییەکان، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پیسکردنی ژینگە دەبێت و دوورمەوداش کاریگەرییە نەرێنییەکانیان بەردەوام دەبن".
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بریتی بوو لە ئاسانکاریکردن بۆ سەرجەم هاووڵاتییان لە گەیشتنیان بە باشترین خزمەتگوزاری تەندروستی؛ لەو چوارچێوەیەدا پڕۆژەی چاکسازی لە بواری دەرمان دەستیپێکرد.
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری، تەنیا لە ساڵی 2022 تهنیا نزیكهی 150 تۆن دهرمان به هۆكاری بهسهرچوون و دهرنهچوون له پشكنین، ههروهها نهبوونی دهرمانهكان له لیستی نیشتمانیی، رهتكراونهتهوه.