لە بوومەلەرزەکەی مەغریبدا زیان بە نزیکەی 50 هەزار خانوو گەیشتووە

K24 - هەولێر
لە ئەنجامی ڕوودانی ئەو بوومەلەرزەیەی بە گوڕی 7.2 پلە بە پێوەری ڕێختەر مەغریبی هەژاند، نزیکەی 50 هەزار خانوو بە تەواوی یان بەشێکیان ڕووخاون.
بەپێی ڕاگەیەندراوی دیوانی شاهانەی مەغریب، رۆژی هەینی، 15ـی ئەیلوولی 2023، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە سەرۆکایەتی شا محەممەدی شەشەم سازکراوە بۆ چالاککردنی بەرنامەی دۆخی بەپەلە بۆ گەیاندنی هاوکاری پێویست و دابینکردنی پێداویستییەکانی مانەوەی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لەو پێنج ناوچەیەی بوومەلەرزەکە کاریگەر بووە نزیکەی 50 هەزار خانوو بە تەواوی یان بەشێکیان ڕووخاون و، حکومەت بە بەهای 30 هەزار درهەم (نزیکەی سێ هەزار دۆلار) هاوکاری بەپەلەی بۆ خێزانە لێقەوماوەکان دابینکردووە.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ''بەبڕی 140 هەزار درهەم (نزیکەی 14 هەزار دۆلار) هاوکاری ڕاستەوخۆی ماددی ئەو کەسانە دەکرێت کە خانووەکانیان بە تەواوی ڕووخاوە، بەبڕی 80 هەزار درهەمیش (نزیکەی هەشت هەزار دۆلار) هاوکاری ماددی ڕاستەوخۆی ئەوانە دەکرێت کە بەشێکی خانووەکانیان ڕووخاوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە نەکراوە کە چەند خانوو بە تەواوی و چەند خانوویش بەشێکیان ڕووخاون.
رۆژی هەینی، 8ـی ئەیلوولی 2023، نزیکەی کاتژمێر 23:10ی ئێوارە بە کاتی مەغریب، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.2 پلە بەپێوەری ڕێختەر ناوچەی ئەلهوزی سەربە شاری مەراکیشی هەژاند و بەهۆیەوە زیاتر لە سێ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسی دیکەش بریندارن.