ئەردۆغان: مەترسی فراوانبوونی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە ناوچەکەدا هەیە

K24 – هەولێر:
سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، ئەگەر رۆژئاوا بچووکترین رێزی مافەکانی مرۆڤی هەبێت، دەبێت باس لەو جۆرە هاوکاریانە بکات کە پێویستە بۆ غەززە بنێردرێت، هاوکات گوتیشی: تورکیا فڕۆکەیەکی هەڵگری هاوکاری رەوانەی میسر کرد بۆ گواستنەوەی بۆ غەززە.
ئەمڕۆ هەینی (13ـی تشرینی یەکەمی 2023) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند، مەترسی فراوانبوونی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە ناوچەکەدا هەیە و هەروەها رێگریکردن لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە شەرمەزارییە. باسی لەوەشکرد، تورکیا فڕۆکەیەکی هەڵگری هاوکاری رەوانەی میسر کرد بۆ گواستنەوەی بۆ غەززە.
سەرۆککۆماری تورکیا، هەروەها راشیگەیاند، لەگەڵ میسر هەماهەنگی دەکەین و هاوکاری زیاتر بۆ کەرتی غەززە دەنێرین، لەبارەی رۆژئاواش دەڵێت: ئەگەر رۆژئاوا بچووکترین رێزی مافەکانی مرۆڤی هەبێت، دەبێت باس لەو جۆرە هاوکاریانە بکات کە پێویستە بۆ غەززە بنێردرێت.
سەرۆککۆماری تورکیا، گوتی: گفتوگۆی چڕوپڕی لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەکەین بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، بەڵام ناردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکی دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات.
گوتیشی: جگە لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین هیچ رێگەیەکی دیکە نییە بۆ هێنانەدی ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوبراو دووپاتیشی دەکاتەوە، کە بزووتنەوەی حەماس تەنیا بەرپرس نییە لەو شتانەی کە روودەدەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، باسی لە بارودۆخی سووریا کرد و ئاماژەی بەوەدا، قسەکانی بایدن لەسەر سووریا مەترسییەکی گەورەی هەیە لەسەر ئاسایشی تورکیا، هەروەها ئەمەریکا گرووپە چەکدارەکان لە سووریا هان دەدات.
سەرۆککۆماری تورکیا، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، کارەکتەرەکانی شانۆ لەگەڵ سیناریۆکانی خۆیان جێدەهێڵین و بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری ئەو هەنگاوانەی پێویستن بۆ ئاسایشی نەتەوەیی خۆمان.
ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو، ئەمەریکا وەک چۆن لەگەڵ رۆحی هاوپەیمانی و هاوبەشی ستراتیجی یەکناگرێتەوە، بوێریش دەدات بە رێکخراوی تیرۆریستی کە سووریا دابەش دەکات.
ئەوەشی روونکردەوە، ئەو چالاکییانەی ئەمەریکا لەگەڵ درێژکراوەی پەکەکە لە سووریا ئەنجامیان دەدات، مەترسییەکی نائاسایی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دروست دەکەن".
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکانیان بڕی.
بەگوێرەی ئامارەکانی وهزارهتی تهندروستی فهڵهستین کە ئهمڕۆ ههینی 13ـی تشرینی یهكهمی 2023، بڵاویكردهوه، بههۆی هێرشهكانی ئیسرائیل بۆسهر كهرتی غهززه ژمارهی گیان لهدهستدان بۆ 1799 كهس بهرزبووهوه.
وهزارهتی تهندرورستی فهڵهستین راشیگهیاند، له نێو ئهو ژمارهیه، 583ـی منداڵن. ئاماژهی بهوهشكرد، بههۆی هێرشهكانهوه تا ئێستا 6388 كهس بریندار بوونه.
هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر 15:45 رۆژی هەینی) نزیکەی هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوە دەخهنەڕوو، 423 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە پەناگەکاندا بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە، هەروەها زیاتر لە 150 ئیسرائیلی و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.