سامان بەرزنجی: پێویستە عێراق مانگانە دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان بۆ هەرێمی کوردستان دابین بكات

K24 - هەولێر:
بەھۆی نەناردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان لە لایەن حكومەتی عێراقەوە كێشە بۆ نەخۆشخانە و ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان دروستبووە. وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێت: ھەفتەی رابردوو لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق گفتوگۆیان كردووە و داوایان كردووە كە پێویستە عێراق مانگانە دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان بۆ هەرێمی کوردستان دابین بكات.
عەباس محەممەد، باوکێ منداڵێکی تووشبووی تالاسیمیایە و حەوت ساڵە هەموو رێگەیەک دەیباتەوە سەنتەری تالاسیمیا، منداڵەکەی نەخۆشە بەردەوام پێویستی بە چارەسەرە و، دەرزی و دەرمانی تایبەت بە نەخۆشیەکەی دەبێت حکومەتی عێراق دابینی بکات، لەمبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو 10 رۆژ جارێک سەردانی نەخۆشخانە دەکەم بۆئەوەی منداڵەکەم چارەسەری پێویست وەربگرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرمان و پێداوستییە پزیشکییەکانی بۆ دابین کردووین و درێخی نەکردووە.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، پشکی تایبەتی ھەیە لە پێدانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، بەڵام ئەم پشکە تا ئێستاش وەک خۆی دابین ناکرێت و بەشێک لە دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییە گرانەکان حکومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی دابینی دەکات.
لەلایەن خۆیەوە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: بەشێکی سەرەکی لە دەرمان و پێداویستیە پزیشکییەکان لەلایەن حوکمەتی هەرێمی کوردستان بە بودجەی تەخانکراوی مانگانە بۆ بەڕێوەبەرایتییەکانی تەندروستی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
هاوکات باسی لەوەشکرد، ھەفتەی رابردوو لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق گفتوگۆیان كردووە و داوایان كردووە كە پێویستە عێراق مانگانە دەرمان و پێداویستییە پزیشكیەكان بۆ هەرێمی کوردستان دابین بكات.
سەرەڕای نەناردنی بودجە و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان، حكومەتی عێراق دەرمان و پێداوسیتییە پزیشكییەكانیش نانێرێت ئەمەش گرفتی بە نەخۆشخانەكان و ھاووڵاتییان دروستكردووە.