ساڵێك به‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی سوودانی تێده‌په‌ڕێت و داواكارییه‌كانی كورد جێبه‌جێ نه‌كراون

K24 - هەولێر:
ساڵێك به‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سوودانی به به‌شداری هێزه شیعییه‌كان و كورد و سوننه تێده‌په‌ڕێت، له‌كارنامه‌ی حكومه‌تی سوودانیدا به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕگانه‌ی دراوه كه تایبه‌ت بوون به پرسی كورد له عێراقدا، كه بۆ چاره‌سه‌ری ریشه‌یی كێشه‌كان دانرابوون، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و بڕگانه‌ی په‌یوه‌ندییان به پرسی كورد و مافه‌كانییه‌وه هه‌یه، جێبه‌جێ نه‌كراون.
دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربوونی حكومه‌تی نوێی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌كان و ململانێی سیاسییه‌وه، نه‌توانراوه رێككه‌وتننامه‌ی هاوپه‌یمانی به‌ڕیوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت كه داخوازی كورد و سوننه‌ی له‌خۆگرتبوو، وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌مه له‌كاتێكدایه به‌شێك له كارنامه‌كه‌ی سوودانی كه په‌یوه‌ندییان به كورده‌وه هه‌بوو، ماوه‌ی مانگێك تاكو شه‌ش مانگی بۆ دانرابوو بۆ جێبه‌جێكردنی، به‌ڵام تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراون.
لایه‌نه‌كانی پێكهێنه‌ری حكومه‌تی نوێی عێراق پێكهاتبوون له هێزه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا، هاوپه‌یمانی فه‌تح، هاوپه‌یمانی نه‌سر، ره‌وتی فوراته‌ین، بزووتنه‌وه‌ی حقووق، حزبی فه‌زیڵه، هاوپه‌یمانی هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت و بزووتنه‌وه‌ی عه‌تاء.
كورد رۆڵ و هێزێكی گه‌وره و لایه‌نێكی دیاری پێكهێنه‌ری ئه‌م حكومه‌ته بوو، کە به كۆمه‌ڵێك داواكاری به‌شداری تێدا كرد. هێزه سونییه‌كانیش كه پێكهاتبوون له هاوپه‌یمانی عه‌زم، هاوپه‌یمانی سیاده و هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دووم، به چه‌ندین داواكاری په‌یوه‌ست به دۆخی ناوچه‌كانیان به‌شدارییان كرد.
محه‌مه‌د شیاع سوودانی له كاتی وه‌رگرتنی متمانه له‌لایه‌ن په‌رله‌مان و خوێندنه‌وه‌ی كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌یدا، به‌ڵێنی دا له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات و بۆ به‌شێكیان له ماوه‌ی مانگێك تاوه‌كو شه‌ش مانگی بۆ دیاریكرد، كه گرنگترینیان ده‌ركردنی پڕۆژه‌یاسای نه‌وت و گاز، جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و مووچه و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی له‌خۆگرتبوو، به‌ڵام دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر ته‌مه‌نی ئه‌م حكومه‌ته‌دا، به‌هۆی رێگری لایه‌نه سیاسییه‌كانه‌وه، نه‌توانراوه داواكارییه‌كانی گه‌لی كوردستان وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت.
گرنگترین داواكارییه‌كانی كورد له كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سوودانی له كۆمه‌ڵێك خاڵ و بڕگه‌دا پێكهاتبوو، كه له هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تدا گشت هێزه به‌شداربووه‌كان واژۆیان له‌سه‌ر كردبوو.
بڕیار وابوو هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی په‌یوه‌ندییان به هه‌رێمی كوردستان هه‌یه به هه‌ماهه‌نگی ده‌ربكرێن، هاوكات گفتوگۆ له‌سه‌ر دۆسیه‌ی نه‌وت و بودجه بكرێت و پڕۆژیاسای پرۆژه‌یاسای نه‌وت و گاز له شه‌ش مانگدا ده‌بچێت، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ خه‌رجكردنی شایسته داراییه‌كانی هاووڵاتیان له لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 له‌ماوه‌ی مانگێكدا.
كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌یه‌كی باڵای جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 له‌ماوه‌ی مانگێكدا یه‌كێكی دیكه بوو له داواكارییه‌كانی كورد و له پاڵ پێكهێنانی فه‌وجی فریاكه‌وتن له دانیشتووانی كه‌ركووك. هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك له ماوه‌ی ساڵێكدا. جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی شنگال، داواكارییه‌كی دیكه‌ی كورد له‌و حكومه‌ته.
كورد داوای له‌و حكومه‌ته كرد، بۆشایی ئه‌منی نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق پڕ بكاته‌وه، هاوكات داوای كرد پرۆژه‌یاسای دادگای فیدراڵی له ماوه‌ی شه‌ش مانگدا ده‌ربچێت.