پارێزگاری سلێمانی پیرۆزبایی لە کوردستان24 دەکات

ھەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی
ھەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی

K24 – هەولێر:

ھەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی پیرۆزبایی ھەشت ساڵەی دامەزراندنی كوردستان24 لە سەرجەم كارمەندەكانی ئەو دامەزراوەیە  دەكات و دەڵێت: "ئومێد دەکەم کوردستان24 ببێت بە مینبەرێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو بۆچوونە جیاوازەکان".

ئەمڕۆ سێشەممە (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەبۆنەی هەشت ساڵەی دامەزراندنی کوردستان24 ھەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی پیرۆزبایی لە سەرجەم کارمەندەکانی ئەو دامەزراوە میدیاییە کرد و گوتی: "ئومێد دەکەم ئەو کەناڵە ئاوێنەیەکی بەردەم کۆمەڵگەکەمان بێت لەناوەوە و، هەروەها پردی پەیوەندی بێت لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی بتوانێت پەیامی خەڵکی کوردستان، دامودەزگای دەوڵەت و جموجۆڵی ژیانی گشتی ناو کۆمەڵگە لە کایە ئابوورییەکان، کۆمەڵایەتییەکان، کولتوورییەکان، فەرهەنگییەکان و سیاسییەکان  وەکو خۆی بگوێزێتەوە".

پارێزگاری سلێمانی، گوتیشی: "ئومێد دەکەم کوردستان24 ببێت بە مینبەرێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو بۆچوونە جیاوازەکان، بۆ ئەوەی ببێتە ئەو ناوەندەی کە بتوانێت هەموو بۆچوونە جیاوازەکان بۆ گوتارێکی هاوبەش، ئامانجێکی هاوبەش، ستراتیژییەکی هاوبەشی نیشتمانی و کوردستانی یەکبخات".

ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 تێدەپەڕێت، کوردستان24 لەم ماوەیەدا وەکو میدیایەکی پرۆفیشیناڵ، توانیویەتی پیشەییانە لە کوردستان و ناوچەکە و جیهان، هەواڵ و زانیاری بگوازێتەوە و رۆڵی گرنگی هەبووە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.

كوردستان24 لە رێگەی تۆڕێكی فراوانی پەیامنێران له‌ كوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان، بەخێرایی و بێلایەنانە، بە دوای رووداوەكاندا ده‌چێت و بەدواداچوونی وردی چركە بە چركەی ھەیە لەسەر ئەو بابەتانەی بۆ پێكھاتە جیاجیاكانی كوردستان جێگەی بایەخن، هاوسه‌نگی و بابه‌تیبوون و به‌رپرسیاریه‌تی له‌ رووماڵ و به‌دواداچوونه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان په‌یڕەو ده‌كات و بە گوێره‌ی ستاندارده‌ باوه‌كانی میدیایی و ئیتیكی رۆژنامه‌وانی کار دەكات.

دامەزراوەی کوردستان24 لە 31/10/2015 دامەزراوە، لەڕیگەی کەناڵی تەلەڤزیۆن و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا و رادیۆ، هەوڵیداوە پیشەییانە و نیشتمانیانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیاریدا بکات، لە ماوەی کارکردنیشیدا کوردستان24 بووەتە سەرچاوەی میدیا جیهانییەکان.

Fly Erbil Advertisment