سبەی نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن کۆدەبنەوە

K24 - هەولێر
سبەی سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئێليزێ پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02-11-2023، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئیلیزێ) بڵاویکردەوە، سبەی هەینی، 03-11-2023، کاتژمێر 11:00 بەکاتی پاریس (کاتژمێر 13:00 بەکاتی هەولێر) ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئێليزێ پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات.
کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا بڵاونەکردووەتەوە.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر بانگهێشتى فهرميى ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا، سه‌ردانى پاريس ده‌كات و رۆژى هه‌ينى (3ـی تشرینی دووەمی 2023) له كۆشكى ئێليزێ له‌گه‌ڵ ماكرۆن كۆده‌بێته‌وه".
لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە، "هه‌ردوولا په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و بره‌ودان به هاريكاريى هاوبه‌ش و دۆخى عێراق و ناوچه‌كه به‌گشتى تاوتوێ ده‌كه‌ن".
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا دەبێتە دووەم سەردانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ پاریس لە ماوەی ئەمساڵدا. ئێواره‌ى رۆژی پێنجشەممە (16ـی شوباتی 2023)، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان له کۆشکی ئێليزێ لە پاریس، له‌گەڵ ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا کۆبووەوە.
له كۆبوونه‌وه‌کەدا پەرەپێدان بە پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و هەناردەکردنی بەروبوومی ناوخۆیی بۆ بازاڕەکانی دەرەوە بەتایبەتی ئەوروپا.
ئەمە لە کاتێکدایە بڕیاروابوو کۆتایی ئەم مانگە سەرۆکی فەرەنسا بەمەبەستی بەشداریکردن لە سێیەمین کۆنگرەی بەغدا، سەردانی عێراق و پاشان هەرێمی کوردستانیش بکات، بەڵام سەردانەکە بەهۆی "بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و شەڕی حەماس و ئیسرائیل" دواخرا.