رەوا جەمال: نوێترین كاری هونەریم بەناوی كۆچ بڵاوكردووهتەوە

K24 – هەولێر:
هونەرمەند رەوا جەمال لەم گفتوگۆیەدا بۆ كوردستان24، ئاشكرایكرد، ئامێری پیانۆ دەژەنێت گوتی، زۆر پێویستە هونەرمەند ئامێرێكی میوزیكی بژەنێت و بیزانێت.
كوردستان24: مێژووی كارە هونەریەكانت بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
رەوا جەمال: یەكەم ئەلبومی گەڕانەوەم لەساڵی 2013دا بڵاوكردۆتەوە، لەساڵی 2019 ئەلبومی بۆ كوێ بڕۆم بڵاوكردەوە دواتر بەشێوەی تراك لە 2020 و 2021 دوو تراكی گۆرانیم بڵاوكردووهتەوە بەناوی لەگەڵ تۆدا و لەشەوی یەڵدادا. 2022 گۆرانییەكم بڵاوكردووهتەوە بەناوی بێ لە چاوت، نوێترین كاری هونەریم لەم چەند رۆژەدا بەناوی كۆچ لە رۆژی لەدایك بوونم بڵاوكردووهتەوە، كە بورهانی موفتی زادە كاری ئاوازی بۆ كردوە تێكستی هێمن حەمە ساڵحە. ئەمیری جەباریان كاری موزیكی بۆ كردوە، نیما جەلیلیان كاری كلیپی بۆ دەكات.
كوردستان24: كەسێكی زۆر كەمدوو لەسەرخۆیت بۆچی؟
رەوا جەمال: هەر مرۆڤە و تایبەتمەندییەكی خۆیی هەیە، بەڵام بێدەنگی و كەم دوویی خۆم بۆ پەروەردەی خێزان و ئەو ژینگەی تێیدا ژیاوم و گەورەبووم، دەگێڕمەوە، لەگەڵ زۆری و سەرقاڵی كارەكانم و ماندووبونی زۆر، ئەمە بەشێكی دیكەیە لە هۆكارەكانی بێدەنگی و كەمدوویم.
كوردستان24: پهیوهندیت لەگەڵ هونەرمەندان چۆنە؟
ڕەوا جەمال: لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندان پهیوهندیم باشە، بەهۆی دەوامی نەخۆشخانە و نۆرینگەکەم هێندە كاتم نییە تا هونەرمەندان ببینم، لە بەرنامە و پڕۆگرامەكان لەكاتی كاری هونەریدا بەریەكەوتنمان هەیە.
كوردستان24: تاچەند گرنگیتداوە بە شیعرو ئاواز لەگۆرانییەكاندا؟
رەوا جەمال: تێکست و ئاواز لە شاعیران و ئاواز دانەرەكانەوە وەردەگرم، گرنگی زۆری پێدەدەم بەڵام تا ئێستا خۆم ئاواز و هۆنراوەی خۆمم نییە بەهۆی سەرقاڵیمەوە، چونكە دانانی شیعر و ئاواز كاتێكی زۆری دەوێت، دەبێت لەو بوارەدا گەلێك كاتی بۆدابنێیت و قوڵببیتەوە منیش كاتی ئەوەم نەبووە ناشزانم ئاخۆ بۆ داهاتوو خۆم كار لەسەر شیعر و ئاواز دەكەم بۆ گۆرانیەكانم یان نا.
كوردستان24: ستایلی گۆرانییەكانت لەسەرچی شێوازێكە؟
رەوا جەمال: شێواز و ستایلی گۆرانییەكانم پۆپە، لەداهاتوودا ئەگەر ئاوازێكی سونەتی هەبێت لەگەڵ دەنگی من بگونجێت ئەوە ئەگەر زۆرە بەشێوازی ستایلی سونەتیش گۆرانی بڵێم.
كوردستان24: بەژمارەیەك گۆرانی هونەرمەندانی پێش خۆت دەستتكرد بەگۆرانی گوتن، ئەمە چۆن بوو؟
ڕەوا جەمال: بەڵێ ڕاستە لەساڵی 2008و دوایی دەرچوونم لەزانكۆ زۆر ئارەزووی گوتنەوەی ئەو گۆرانییە ڕەسانەنم دەكرد، هەر لەمنداڵیەوە بۆیە بە هاوكاری هاوڕی ئەزیزم موزیکژەن میران سەردار، كە تیپێكی مۆسیقایان هەبوو ئەو گۆرانیانەمان تۆماركرد دواتر كەزانیم دەنگدانەوەیەكی باشی هەیە لەناو خەڵكدا درێژەمدا بەكاری هونەری گۆرانی گوتن بەردەوامم.
كوردستان24: زۆر گرنگی دەدەیت بەلەبەركرنی جلی كوردی بۆچی؟
رەوا جەمال: بەش بەحاڵی خۆم شانازی بەجلی كوردیەوە دەكەم بەداخەوە لە نەوەكانی ئێستا، نەوە دوای نەوە لەبەركردنی جلی كوردی كاڵتر دەبێتەوە، شتێك هەیە كە زۆر گرنگە لەهەریەكەماندا، ئەوەیش دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ پەروەردەی خێزان، كە وەها فێركراوم گرنگی بە جلی كوردی و داب ونەریتی نەتەوەكەم بدەم بەگرنگیەوە لێی بڕوانم، جلی كوردی یەكێكە لەداب و نەریتی میللەتەكەم.
كوردستان24: دوو سروودی نیشتمانیت گوتووە ئەمەشمان بۆ باس بكە؟
ڕەوا جەمال: ئەو دوو سررودە لەساڵی 2014 تۆمارمكردوە كە یەكیان بەناوی پێشمەرگەبوو كاتێك داعش بەرۆكی هەرێمی گرت دواتریش هەر لەمان ساڵدا سرودەكەی دیكەم تۆماركرد بە ناوی چوار كە باس لە نەهامەتیەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەكات لە چەناڵی یوتیوبی خۆم بڵاوبۆتەوە.
كوردستان24: نێوان لەگەڵ ئامێرە هونەریەكان چۆنە چی ئامێرێك دەژەنیت؟
ڕەوا جەمال: زۆر گرنكە هونەرمەند ئامێرێكی موزیكی بژهنێت و بزانێت، منیش بۆ ئەو مەبەستە پیانۆ دەژەنم و بەشێك لە ئاواز و گۆرانیەكانی خۆم دەڵێمەوە پیانۆیان لەگەڵ دەژەنم.