نیان عەبدوڵڵا بەرهەمێکی نوێ تۆمار دەکات

K24 – هەولێر:
خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ "نیان عەبدوڵڵا" دوای چاکبوونەوەی لە نەخۆشییە سەختەکەی جارێکی دیکە گەڕایەوە نێو هونەر و ئێستا سەرقاڵی جێبەجێکردنی بەرهەمە نوێیەکەیەتی کە ناوی نراوە 'سوپـاس'.
نیان عەبدوڵڵا، هونەرمەندی گۆرانیبێژ لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 دەڵێت: جێگەی خۆشحاڵییە دوای ماوەیەک لە دابڕانم لە هونەر و گۆرانی بەهۆی ئەو نەخۆشییە سەختەی تووشی هاتم، ئێستا دەتوانم جارێکی دیکە گۆرانی بڵێمەوە و دەست بکەمەوە بە گۆرانی گوتن و خزمەتکردنی هونەرەکەم.
هاوکات گوتیشی: گۆرانی سوپاسیش یەکێکە لەو بەرهەمانەی، کە دەمەوێت بە گۆرانی سوپاسی ئەوانە بکەم، کە لە رۆژە سەختەکانی نەخۆشییەکەمدا هاوکار و پاڵپشت بوون و ورەیەکی بەهێزیان پێدام، کە توانیم زاڵبم بەسەر نەخۆشییەکەمەوە، ئێستاش تەندروستیم جێگیرە و لە ئاییندەیەکی نزیکیشدا چەند گۆرانیەکی دیکە بەشێوەی کلیپ بڵاودەکەمەوە.
گۆرانی 'سوپاس' لە تێکستی هێمن مام نادر و ئاوازی خەلیل عەبدوڵڵایه، لە ڤینۆ پڕۆدەکشن تۆمار کراوە و میکس و ماسترینگی ئەو بەرهەمەش لە وڵاتی تورکیا بۆی ئەنجام دراوە.