رووماڵ

هێمن هەورامی: پارتی و یەکێتی پێویستییان بە دروستکردنی متمانە لە نێوانیان هەیە

هێمن هەورامی، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان
هێمن هەورامی، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 – هەولێر:

بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی بەوەدا، کۆڕبەندی مێپس لەم دۆخەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنێت. ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی لە هاوکێشەکانی ناوچەکە رۆڵێکی گرنگی هەیە. گوتیشی: پارتی و یەکێتی پێویستیان بە دروستکردنی متمانە لە نێوانیان هەیە.

هێمن هەورامی، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەنجامدانی کۆڕبەندی مێپس لە کاتێکی وا کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی ئاڵنگاریی زۆر بووەتە زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، پانێڵ و دیدار و کۆبوونەوەکان لەسەر ئاستی باڵا ئەنجامدەدرێت و سیاستەمەدار و بەرپرسان و شرۆڤەکاران لە سەرتاسەری جیهانەوە هاتوونەتە دهۆک و بیر و بۆچوونی خۆیان لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕست دەخەنەروو، هەم باسی کێشەکان و هەم باسی چارەسەرەکانیشیان دەکەن.

راشیگەیاند، سازدانی ئەم کۆڕبەندە و هاتن و بەشداربوونی ئەو سیاسەمەدار و شارەزایە نێودەوڵەتییانە، بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، چونکە پەیامی هەرێمی کوردستان لەرووی ئەو کەسە باڵایانەوە دەگات بە جیهانی دەرەوە، هەروەها تۆڕێکی پەیوەندی فراوانتر بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات، ساڵ بە ساڵ لە رووی ئاستی بەشداربووان ئەم کۆنفرانسە پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش پێی دەڵێن هێزی نەرم، بۆیە پێم وایە ئەم کۆنفرانسە یەکێکە لە چالاکییە هەرە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە چەند ساڵی رابردوودا ئەنجامیدابێت.

بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی بەوەدا، جۆری بیرکردنەوەی ئێستای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئێمە زۆر گرنگە، هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشدارێکی پۆزەتیڤە بۆ دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرگیز بەشداری تێکدەرانەی دۆخەکە نەبووە.

هێمن هەورامی، لەبارەی پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتییەوە دەڵێت: لە هەموو قۆناغە سەختەکاندا هەمیشە لێکنزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە جۆرێک لە تێگەشتنی هاوبەشی بۆ هەموو ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە هێزێکی باشتری بە هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان داوە.

گوتیشی: "ئێمە توانیومانە لە رێگەی ئەو یەکڕیزییەوە رووبەڕووی هەموو هەڕەشەکان ببینەوە، هەروەها کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان پارتی و یەکێتی هەنگاوی باش بە ئاراستەی دروست بۆ سفرکردنەوەی کێشەکان گیراونەتەبەر، هەروەها پێویستمان بە دروستکردنەوەی متمانەی زیاترە لەنێوانمان، ئەمەش لەسەر کۆمەڵێک هەڵوێستی کۆنکرێتی لە هەردوولامان رادەوەستێت، بە تایبەتی لەسەر سوربوونمان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، دەبێت پارتی و یەکێتی کۆدەنگ بن و هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت لەسەر ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە بەغداوە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت، بە تایبەتی لە بابەتی بودجە و مووچە، هەروەها لە بابەتی لێکەوتەکانی دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ئامادەیی هەیە بۆ دیالۆگ، چونکە سەرجەم کێشەکان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر دەکرێن.

چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023)

چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023) لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان – دهۆک لە رۆژانی (19-21ـی تشرینی دووەمی 2023) بەڕێوەدەچێت.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە مێپس، 19ی ئەم مانگە لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بە بەشداری زیاتر لە 150 کەسایەتی سیاسی و شارەزای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، کە کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی دەکات.

لە کۆڕبەندەکەدا چەندین پانێلی بەڕێوەدەچن کە تایبەتن بە ئەجێندای چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بریتی دەبێت لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئالنگاری ئەمنی، ئابووری و سیاسی، بارودۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانەکانی کەشوهەوا و رووبەرووبوونەوەی ئالنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش چوارەمین کۆڕبەند بەڕێوە دەچێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.