دەیڤد تەفوری: پێویستە وڵاتان هاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا
"لە ئەمەریکا دەڵێن هەرێمی کوردستان باشترین دۆست و هاوپەیمانی ئێمەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"
K24 – هەولێر
د. دەیڤد تەفوری، پارێزەری نێودەوڵەتی و کاربەدەستی پێشووتر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: پێویستە وڵاتان هاوکاربن بۆ نێوەندگیر و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، ئەگەر لایەنەکان لە عێراق دەستوور جێبەجێ بکەن کێشەکان چارەسەر دەبێت.
لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەند مێپس لە دیدارێکی تایبەت لەگەڵ کوردستان24، د. دەیڤد تەفوری گوتی: "لە ئەمەریکا دەڵێن هەرێمی کوردستان باشترین دۆست و هاوپەیمانی ئێمەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێمە پەیوەندییەکی بەهێزمان هەیە، لە رووی سەربازییەوە ئەمەریکا هاوکاری باشی پێشکەش بە هێزی پێشمەرگە کردووە، هەروەها کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان هەیە، ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای ئەمەریکی لێرە هەن، وەبەرهێنانی باشیان لەم هەرێمە کردووە لە سێکتەری نەوت و گاز و سێکتەرەکانی دیکەش".
گوتیشی: "هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت، بەهۆی نەبوونی بودجە کە بەغدا ناینێرێت و هەناردەکردنی نەوت لە مانگی ئاداری 2023وە راگیراوە، ئێمە دەزانین کە کاتێکی سەختە بۆ خەڵکی کوردستان".
دەیڤد تەفوری، دەڵێت: "من پێموایە ئەمەریکا و حکومەتەکەشی لە 17 ئۆکتۆبەرەوە، زیاتر لە 50 هێرش کراوەتە سەر دامەزراوە و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، بە دڵنیاییەوە ئەو گرووپانەی سەر بە ئێرانن ئەم کارانە ئەنجام دەدەن، هەندێکجار ئەمەریکا تۆڵەی کردووەتەوە هێرشی ئەنجامداوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم هێرشانە ناتوانن پاشەکشە بە ئەمەریکا بکەن و واز لە هاوپەیمانی ئیسرائیل بێنێت، ئەمە بۆ عێراقیش راستە".
دەشڵێت: "ئەم میلیشیانەی ئەم کارە دەکەن دەیانەوێت ئەمەریکا سیاسەتی خۆی بگۆڕێ و پاڵپشتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە، گەر بێت و ئەم هێرشانە بەردەوام بن، وەڵامێکی دیکەی سەربازی ئەمەریکا دەبێت، بەرامبەر بەو میلیشیانەی کە بەرپرسن لەم هێرشانە".
ئاماژەی بەوەشدا: "نەک هەر ئەمەریکا زۆرێک لە وڵاتان دۆستی هەرێمی کوردستانن، کونسوڵخانەیان لە هەولێر هەیە، چونکە پێیان وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگە و سەرکەتوو بووە، دەبێت ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە هاوکاربن بۆ نێوەندگیر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا".
دەیڤد تەفوری، گوتی: "بەوپێیەی کارم لە عێراق کردووە و عێراق دەناسم، وەک پارێزەرێکی نێودەوڵەتی بۆچوونی من وایە، تاکە چارەسەر بۆ ئەم کێشانە دەستوورە، دەستوورێکی باش هەیە کە خەڵکی عێراق دەنگی پێداوە لە ساڵی 2005 لە 2006، پابەند بوون بە دەستوور زۆر گرنگە، ئەگەر لایەنەکان لە عێراق دەستوور جێبەجێ بکەن کێشەکان چارەسەر دەبن".
ئەوەشی خستەڕوو: "عێراق کاتی باش و خراپی هەیە، بەرزی و نزمی هەیە لە قەیرانەکاندا، هیوادارین قەیران نەمێنێت، بەڵام لە عێراق کاتێک قەیرانێک چارەسەر دەکرێت، سرووشتی عێراق وایە قەیرانێکی تر سەرهەڵدەدات، هیوادارین عەقڵی خەڵکی عێراق بگۆڕێت بەشێوەیەک هەوڵبدەن کە رێگایەک بدۆزنەوە بۆ کارکردن و پێکەوەبوون".
رۆژی دووشەممە 20/11/2023، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 300 سەرکردە، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی و پسپۆڕ لە بوارە ئابووری و ئاسایش لە 80 وڵات دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.
کۆڕبەندی مێپس، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکخراوە، چوارەم ساڵە بووەتە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ناوچەکە و جیهان، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن و بۆ چارەسەرکردنیان پێشنیاز بخەنەڕوو.