دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەستیپێکرد

K24 – هەولێر
کاتژمێر 7:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 18/12/2023، بنکەکانی دەنگدان کرانەوە و پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، زیاتر لە 16 ملیۆن كهس لە هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەت مافی دهنگدانیان هەیە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی دهنگدان کە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه ژمارهیان 214 هەزار و 595 کارمەندە.
لەم هەڵبژاردنەدا، 70 پارت و هاوپەیمانی سیاسیی کێبڕکێ لەسەر 275 کورسی لە 15 پارێزگاکە دەکەن، کە نزیکەی شەش هەزار کاندید لەسەر لیستەکان و بەشێوەی سەربەخۆ، کێبڕکێی هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن.
هەروەها دوای 18 ساڵ، ئەمە یەکەمجارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەدەچێت، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لەو شارە بەڕێوەنەچووە.
دوای خۆپیشاندانی تشرینییەکان لە 2019، وەک یەکێک لە داواکاری خۆپیشاندەران، پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراقدا لە نیسانی 2013 بەڕیوەچوو. یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی پێکهێنانی محەممەد شیاع سوودانی لە ئەنجامی رێککەوتنی لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت هاتە کایەوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بوو.
رۆژی شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان و ئاوارەکان بەڕێوەچوو، کە ملیۆنێک و 50 هەزار و 653 کەس مافی دەنگدانیان بوو، یەکێک لە کێشەکانی ئەو پرۆسە ئامێرەکان بوون، کە لە زۆر بنکە پرۆسەکەیان پەکخست.
بە گوێرەی نووسراوێکی کۆمپانیایی میرۆی کۆری بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە دەنگدانی تایبەت کێشەیەکی تەکنیکی لە ئامێرەکانی دەنگدان هەبووە.
لە نووسراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی ئەو کێشە تەکنیکییەوە ناردنی داتا لە هەندێک وێستگەی دەنگدان شکستی هێناوە. کۆمپانیاکە جەختی لەوەشکردووتەوە، کێشەکە چارەسەکراوە و لە دەنگدانی گشتی هیچ کێشەیەکی هاوشێوە دروست نابێت.